سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی زاخۆ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: پیرۆزباییەکی گەرم لە هاندەرانی دڵسۆزی زاخۆ دەکەم بە بۆنەی بە دەستهێنانی خەڵاتی فیفا.
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردووەتەوە ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ وەرزش و هاندەرانی وەرزش لە سەرتاسەری کوردستان و عێراق.
بەیانیی ئەمڕۆ سەرۆکی فیفا لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڕایگەیاند یانەی زاخۆ لە لایەن فیفاوە وەک براوەی نازناوی باشترین هاندەری جیهان هەڵبژێراوە.
ئینفانتینۆ لە هەژماری فەرمیی خۆی نووسیویەتی، هۆکاری بەخشینی ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستە دڵخۆشکەر و مرۆڤایەتییەی کە هاندەرانی زاخۆ لە مانگی ئایاری 2025 ئەنجامیان دا.
لەو کاتەدا و پێش دەستپێکردنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی “حودود”، هاندەرانی زاخۆ لەسەر سەکۆکانەوە هەزاران یاری و بووکەڵەی منداڵانیان هەڵدایە ناو یاریگاکە. دواتر ئەو یارییانە کۆکرانەوە و بەخشرانە منداڵانی نەخۆش و ئەوانەی لە شارەکەدا پێویستیان بە هاوکاری بوو.

