جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی “باشترین هاندەری فیفا”ن بۆ ساڵی 2025.
ئینفانتینۆ لە هەژماری فەرمیی خۆی نووسیویەتی، هۆکاری بەخشینی ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستە دڵخۆشکەر و مرۆڤایەتییەی کە هاندەرانی زاخۆ لە مانگی ئایاری 2025 ئەنجامیان دا.
لەو کاتەدا و پێش دەستپێکردنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی “حودود”، هاندەرانی زاخۆ لەسەر سەکۆکانەوە هەزاران یاری و بووکەڵەی منداڵانیان هەڵدایە ناو یاریگاکە. دواتر ئەو یارییانە کۆکرانەوە و بەخشرانە منداڵانی نەخۆش و ئەوانەی لە شارەکەدا پێویستیان بە هاوکاری بوو.
جیانی ئینفانتینۆ سەبارەت بەم هەڵوێستە نووسیویەتی: “ئەم ساتەوەختەی بەخشندەیی و سۆزی بەکۆمەڵ، زۆر کاریگەر و ئیلهامبەخش بوو، ئەوەی پیشان دا کە چۆن تۆپی پێ یەکمان دەخات و بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی فیفا دەڵێت: “جێگەی شانازییە بۆ من کە پیرۆزبایی لە هەمووتان بکەم، زۆر سوپاستان دەکەم.”

