ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو کات و شوێنی رێوڕەسمی خەڵاتەکانی زەبێستی ئاشکرا کرد و رایگەیاندووە ئەمڕۆ لە دەوحە باشترینەکانی ساڵی 2025 خەڵات دەکرێن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بە فەرمی ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی دێسەمبەری 2025) کاتژمێر 08:00ـی شەو بە کاتی دەوحە (بە کاتی هەولێر) رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زەبێست لە دەوحە بەڕێوە دەچێت، کە هاندەرانی یانەی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ بەربژێرن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، فیفا پەیوەندی بە عەمار فەرهاد سەرۆکی یانەی زاخۆ کردووە و یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، بۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە دەوحە لە قەتەڕ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زەبێست بکەن.
کە بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی فیفا 800 میوان بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمەکە بەشدار بن، کە رێوڕەسمەکە لە هۆڵی فێرمۆنت كاتارا لە دەوحە بەڕێوە دەچێت.
لەكاتی رێورەسمی بەخشینی خەڵاتەكانی زەبێست، باشترین یاریزان، راهێنەر، گۆڵپارێز لەسەر ئاستی پیاوان خانمان دەستنیشان دەكرێت، لەگەڵ بەخشینی چەندان خەڵاتی دیكە. هاندەرانی یانەی زاخۆ لەلایەن فیفاوە یەکێکن لەو سێ بەربژێرەی بۆ خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ بەربژێر کراون.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەكان، نوێنەرانی هیچ كامێك لە بەربژێرانی باشترین هاندەری ساڵ لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەكان ئامادە نابن و خەڵاتەكە بەشێوەی ئۆنلاین دەبەخشرێن.
فیفا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە زیاتر لە 16 ملیۆن كەس دەنگیان بۆ بەربژێرەكانی خەڵاتی زە بێست داوە، پێشبینی دەكرێت زاخۆ لەنێو بەربژێرانی باشترین هاندەری ساڵ زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت و خەڵاتەكە بباتەوە و ببێتە یەكەمین یانە لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەرانی ساڵ دەباتەوە.
هاندەرانی زاخۆ بەهۆی ئەم كارە لە لایەن فیفا بەربژێركران
وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، هاندەرانی زاخۆ پێش یارییەكەیان بەرامبەر حدوود لە رۆژی 13ـی ئایاری ئەمساڵ، 30 هەزار بووكەڵەیان فڕێدایە نێو یاریگە، دواتر سەرجەم بووكەڵەكانیان كۆكردەوە و بەخشرایە ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
لەبەیاننامەكەی فیفادا لەبارەی هاندەرانی زاخۆ، نووسراوە: فڕێدانی بووكەڵەكان بۆ نێو یاریگە، رووحێكی مرۆیی نیشان دەدات كە لە لایەن كۆمەڵگای وەرزشی كوردستان و عێراق و ئاسیا ناسراوە.
فیفا لەبارەی هاندەرانی زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هاندەران بڕبڕەی پشتی تیپەكەن، بەردەوام بە چالاكی و هاندانە سەرنجڕاكێشەكانیان وەكو داهێنەرێك دەردەكەون، هیوادارین لە پشتگیریكردن و ئەمجۆرە كارانە بەردەوام بن و هیوای سەركەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.
ركابەرەكانی زاخۆ
ئەلیخاندرۆ سیگانتۆ، یەكێكە لەو هاندەرە ئەرجەنتینە نازناوی (سووپەر فان)ـی پێبەخشرا، بەوپێیەی لە ساڵی 2024 سیگانتۆ لە رێگای وشكانی دەستی بەگەشتكردن كرد بە دوای یانە دڵخوازەكەی كە یانەی رایسینگ كڵەب ئەڤێلانێدایە، یانەكەی لە هەر یاریگە و وڵاتێكی كیشوەری ئەمریكای باشوور یاری كردبا شوێنی دەكەوت، دواجار یانەكەی بۆ جامی سوودێمریكانا سەركەوت، ئەمەش وایكرد لە مانگی ئایاری ئەمساڵ زیاتر لە حەوت هەزار كیلۆمەتر ببڕێت و بەنێو وڵاتانی چیللی، پیڕۆ و ئیكوادۆر تێپەڕی و خۆی گەیاندە وڵاتی كۆلۆمبیا بۆ ئەوەی لە قۆناغی كۆمەڵەكانی جامی لێبەرتادۆریس سەیری یاریی یانەكەی بەرامبەر یانەی ئاتڵێتیكۆ بوكارامانگا بكات.
مانوێل كاسێرێس، هاندەرێكی ناوداری ئیسپانیا بوو، یەكێك بوو لە ناودارترین هاندەرەكانی جیهان، بە هاندەرە “تەپڵـلێدەرەكە” ناسراو بوو، لە رۆژی 1ـی ئایاری ئەمساڵ لە تەمەنی 76 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
زیاتر لە 40 ساڵ وەكو هاندەرێكی سەرسەختی ئیسپانیا لە یارییەكانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی ئامادە دەبوو، بۆ یەكەمجار لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ هاندانی وڵاتەكەی لە 1979 گەشتی قوبرسی كرد، لە 10 وەشانی جامی جیهانی ئامادە بووە، دیارترینیان مۆندیالی 2010 بوو لە وڵاتی ئەفریقیای باشوور كە تێیدا ئیسپانیا بووە پاڵەوان، لە هەشت وەشانی یۆرۆ یاوەری هەڵبژاردەی ئیسپانیای كردووە.

