ڕائیب جادر – هەولێر
ئاسایشی ئاو و پاراستنی سەرچاوەکانی، کاری لەپێشینە و ستراتیژیی کابینەی نۆیەم بووە. بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو ٢٥٠ ملیۆن مەترسێجا ئاویان کۆگا کردووە و ئاوی کۆگاکراویش ٧٠٠ ملیۆن مەترسێجایە.
ئاستی ئاوی دەریاچە، پۆند و بەنداوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو، ھەروەھا ئەم بارانە بەخوڕەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، وای کردووە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرزبێتەوە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پڕبوونەوەی بیرەکان و کانیاوەکان لە وەرزی بەھاردا.
ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا باران دەبارێت، لە ھەندێک ناوچەش لافاو دروست دەبێت، بەڵام لەگەڵ ڕێژەی زۆری بارانبارین، لە وەرزی ھاویندا وشکەساڵی ڕوو لە ھەندێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھۆکارەکەشی سوود وەرنەگرتنە لە ئاوی باران.
ئاسایشی ئاو و پاراستنی سەرچاوەکانی، کاری لەپێشینە و ستراتیژیی کابینەی نۆیەم بووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان، لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ھاووڵاتییان و ئاییندەیەکی پارێزراو.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێم، ڕاگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان ٣٤ وێستگەی کەشناسی ھەن، ھەر ١٢ کاتژمێر جارێک ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی کەشوھەوا بڵاودەکەنەوە. بەپێی گوتەی بەرپرسانی کەشناسی، لەو دوو ڕۆژەدا شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام ئاستی دابارین وەکو ڕۆژانی پێشوو نابێت، واتا ئەوەندە بەخوڕ نابێت و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێ ناکرێت.
ھەشت بەنداوی ستراتیجی و بە دەیان پۆند لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ئەوانەش دەبنە ھۆی گلدانەوەی ئاوێکی زۆر کە تەنانەت عێراقیش سوودی لێ دەبینێت، چونکە لە ٣٥%ی ئاوی عێراق پێکدێت.
بەرپرسانی پۆند و بەنداوەکان، دەڵێن، بارانی پار زۆر جیاواز بوو، بەڵام ئەمساڵ بەنداوەکان پڕ بوونەوە و کێشەی ئاومان نابێت، چونکە برێکی باش باران باریوە و دەتوانین لە زۆر ڕووەوە سوود لە ئاوی بەنداوەکان وەربگرین و بۆ زۆر شتیش بەکاری بێنین. ڕەحمان خانی، بەرێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەنداوەکانی ھەرێم ٢٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان کۆگا کردووە، عێراق بەو بڕە ئاوەی لە ھەرێم کوگا کراوەتەوە توانیویەتی ٧٠٠ ملیۆن مەترسێجا گڵ بداتەوە.
بەرێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: کەمتر ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوی دھۆک بووە کە کەمتر لە ملیۆنێک مەترسێجا ئاو گلدراوەتەوە.
ڕەحمان خانی، بەرێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی گوت: دروستکردنی بەنداو جگە لە سوودی ژینگەیی و پاراستنی ئاسایشی ئاو، سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە لە کەرتەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و زۆر بابەتی دیکە.

