عومەر چنگیانی
ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا لە دەرەنجامی باران و لافاو لە هەندێ ناوچەی سلێمانی ڕووی دا، كردیە ئەرك لەسەرمان كە لە بۆردی باڵای ئامادە كردنی گوتاری هەینی باسكردن لە (تاقیكردنەوە ئاسمانیەکان و هەڵوێستی موسڵمانان لە یارمەتیدانی لێقەوماوان) بكەینە توێشووی گوتاری ١٢/١٢/٢٠٢٥مان و، جەنابی مامۆستا وەزیر باپیری بەڕێز (ئەندامی بۆرد) بە زاراوەی سۆرانی ئامادەی كرد و لێرە دوای شەنوكەوێكی، دەیخەمە بەردیدی ئێوەی بەڕێز؛ خوای گەورە گەردوونی لەسەر ڕێکوپێکییەکی ورد دروست کردووە و تێیدا یاساگەلێکی جێگیری داناوە کە گۆڕانیان بەسەردا نایەت.
لەو یاسایانەش یاسای تاقیکردنەوە و پاکتاوکردنە.
خوای گەورە لە ئایەتی 155ی سورەتی(البقرة)دا دەفەرمێت: (بە ڕاستی ئێمە تاقیتان دەكەینەوە بە وەڕێهێنانی هەندێك ترس و برسێتی و كەمبوونەوەی ماڵ و بە لەدەستدانی خۆشەویستان و كەمكردنەوەی بەروبوومی وڵات).
تاقیكردنەوە ئاسمانیەكانی – وەک بوومەلەرزە، لافاو، زریانی گەورە – دەکەونە نێو ئەم یاسایانەوە، ئەوانە نیشانە و دەرسی گەورەی خوایین كە لە گەردوون دا خوای گەورە دەیانكاتە دەرس و لاوازی و پێویستیی مرۆڤ بە پەروەردگار بیردەهێننەوە، بەبێ ئەوەی بە دڵنیاییەوە بگوترێت کە سزای تایبەتین، چونکە ئەوە لە زانستی خوای گەورەدایە.
ئەو کارەساتانە تاقیکردنەوەی ئیمانن و، گۆڕەپانێکی مەزنن بۆ دەرکەوتنی بەرزترین شێوەی ڕەوشتە ئیسلامییەکان.
هەڵوێستی ڕاستەقینەی موسڵمان بە قسە نییە، بەڵکو بە کردەوەیە لە ڕێگەی فریاگوزاری، ڕزگارکردن، بەخشین، قوربانیدان و چاکەکردن.
تاقیكردنەوە ئاسمانیەكان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە:
قورئان کارەساتەکان بە یاسا گەردوونییەکانەوە دەبەستێتەوە تێکدانی سروشت و ژینگە بە سەرپێچیکردنی یاسا بەردەوامەکانی خوا دادەنێت و، وەك بیرخستنەوە و ئاگادارکردنەوە لەقەڵەمیان دەدات.
سوننەتی پاکی پێغەمبەر (دروود و سەلامی خوای لەسەر) هەڵوێستی موسڵمان ڕوون دەکاتەوە لە کاتی کارەساتەکاندا: پێغەمبەر (دروود و سەلامی خوای لەسەر) کاتێک با هەڵی دەکرد، ڕوخساری دەگۆڕا و دەیفەرموو: (خوایە بیكەیتە میهرەبانی نەك سزا و ئازار) و، کاتێک شتێکی ترسناکی دەبینی، دەیفەرموو: (خوایە پەنا دەگرم بە تۆ لە خراپەی ئەو شتە)، ئەمەش نیشانەی ملکەچی، وریایی و کردەوەیە، نەک ترس و شادی بە بەڵای خەڵکی.
موسڵمانی وشیار، ئیمان و کردەوە پێکەوە کۆ دەکاتەوە:
باوەڕ (ئیمان) و ئەرخەیان (یەقین): موسڵمان بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کارەساتەکاندا دەکات و باوەڕی وایە هەموو ئەوەی ڕوو دەدات بە قەدەری خوایە و، بەڵا تاقیکردنەوەی ئیمانە و، لە پشت ڕووداوەکانەوە حیکمەتێک هەیە کە ڕەنگە لە ئەقڵەکان شاراوە بێت.
کردەوە و بەرپرسیارێتی: ئیمان کردەوە دەکاتە واجب و لە فەرموودەیەی پێغەمبەر (دروود و سەلامی خوای لەسەربێت) دەردەکەوێت کە فریاگوزاری لێقەوماوان فەرزێکی شەرعی و دیاردەیەکی شارستانییە و، پاراستنی گیان مەبەستێکی قەتعییە، لە پێش هەموو شتێکەوە دێت و، بەهۆی ئەوەوە یارمەتیدانی ستەملێکراو، ڕزگارکردنی کەسی نزیک لە لەناوچوون، فریاکەوتنی کەسی داماو و، تێرکردنی برسی، شەرعێنراوە.
کاریگەرییەکانی فریاگوزاری لە کۆمەڵگەدا و ڕەهەندەکانی:
ئیسلام شوێنکەوتووانی هان دەدات لەسەر بەها ئیمانییەکان، لەوانەش بڵاوکردنەوەی گیانی هاریکاری و، یارمەتیدانی کەسانی پێویست و لاواز و، ئەم کارە ئیمانی و مرۆییە ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە وەک:
ڕەهەندی کۆمەڵایەتی: لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دووبارەبنیاتنانەوەی متمانە و، کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک و، پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتیدا.
ڕەهەندی ئابووری: لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وێرانکاری و، قەرەبووکردنەوەی لێقەوماواندا بەرجەستە دەبێت.
ڕەهەندی سیاسی و شارستانی: لێرەدا فریاگوزاری نوێنەرایەتی هەڵسانی دەوڵەت بە ئەرکەکانی دەکات و، ئاماژەیە بۆ هێزی ڕەوشتیی گەل و، ناونیشانی پێشکەوتووییەتی.
ڕەهەندی مرۆیی: ئەمە بزوێنەری ڕۆحانی و ڕەوشتیی مرۆڤە و، لە کاری خۆبەخشیدا بەرجەستە دەبێت بۆ خزمەتکردنی کەسانی تر بە ئارەزوویەکی ئازاد، نەک بە ویستی بەرامبەرێکی ماددی، بەڵکو بەدوای چاکەدا دەگەڕێت و، کۆمەڵگە بەرز دەکاتەوە و، ڕەزامەندی خودیی بەدوای ڕەزامەندی خوای گەورەدا بەدی دەهێنێت. فێرکارییەکانی ئیسلام هان دەدات لەسەر ئەنجامدانی کارە خۆبەخشی و خێرخوازییەکان.
دوا وشە: وەك بینیمان هەر لە ساتەوەختی ڕووداوەكەوە و، دوای گوتارەكەمان، هاوڵاتیان بە جۆش و خرۆشەوە نەخاسمە خەڵكی شاری هەولێر و شارەكانی دیكەی ئەم دەڤەرە، هەر زۆر مەردانە هاتنە پێش كە جێی خۆیەتی لێرەدا بڵێم: ئەركە دەسەڵاتی گشتی كوردستان و خۆجێیی سلێمانی بەخۆدا چوونەوەیەكی جدی بكەن، چونكە وەك لە ڕووبەری تیڤیەكانەوە دەبینین ئەو لافاوە پەردەی درۆیینەی واقیع خۆشیی ناوچەكەی هەڵماڵی و دەری خست كە تا چەند ئاستی بژێویی زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە لەژیر پلەی سفریشەوەیە، وەكچۆن هەڵمەتەكەی كوردستانیان بە هەموو چین و توێژ و لایەنەكانەوە وای كرد مرۆڤ شایی بەخۆی بێت، بۆیشمان دەركەوت تاكە كەسێك كە مەرد نەبوون لەئاستی ڕووداوەكە، زۆربەی سیاسی و خاوەن مووچەی گەورە و قەڵەمی ترسنۆكی ڕەخنەگر لە ئیسلام و مسوڵمانانی ناوچەكە بوون! نەخاسمە ئەوانەی تەخوینی هاووڵاتیانیان دەكرد لەسەر یارمەتییان بۆ خەڵكی پەژمەردەی فەلەستین، كەچی لەم كارەساتە دڵتەزێنەی كوردستاندا چەسپاندیان لەوە زیاتر نین كە كۆمەڵیك قینلەدڵ و ناخبۆگەنی دژی هەم ئیسلام و هەمیش بڕوادارانن!
كەسێك نەیبینی یەكێك لەوانەی پێیان خۆشە پێیان بگوتڕیت مولحید لە كوردستان تاكە هەزاردینارییەكیش بكەنە خەلاتی ئەو لێقەومانە. جارێكی تریش دەڵێم:
مزگەوتەكانی كوردستان سەرچاوەی یەكەمی ئاگابوونن لە ئازاری هاووڵاتی و بەهاناوەچوونیانەوە، وەكچۆن پێگەی یەكەمی زانست و كوردایەتی بووە و هەیە.

