رۆژنامەی ھەولێر

شاباز زەمانی کۆنسێرتێکی جەماوەری لە سلێمانی ساز کرد

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هونەرمەند شاباز زەمانی، دوای چەند ساڵێك دووركەوتنەوەی لە بواری بڵاوكردنەوەی گۆرانی، سەرەنجام لە رۆژی هەینی رابردوو لە شاری سلێمانی كۆنسێرتێكی سازکرد و هەمان رۆژیش ئەلبومە نوێیەكەی بڵاوکردەوە.

شاباز زەمانی بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ماوەی نزیكەی سێ مانگە كار لەسەر ئەو كۆنسێرتەی دەكات و تێیدا 18 بەرهەمی پێشكەشی هەوادارانی کرد، دڵخۆشیشە بەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هەوادارانی ئامادەبوون.
هەمان رۆژی سازكردنی كۆنسێرتەكەی كە رۆژی (12ی 12) بوو شاباز زەمانی ئەلبومە نوێیەكەشی كە 25 گۆرانی لەخۆگرتووە بڵاوکردەوە، لەو رووەوە وتی “ناوی ئەلبومەكەم یەك پارچە، بەمانای هەر چوار پارچەی كوردستان دێت كە دواجار هەمووی یەك پارچەیە، گۆرانییەكیشم بۆ كوردستان وتووە، بۆیە 25 گۆرانیشم تێێدا جێكردۆتەوە، چوونكە چوار ساڵە زۆر بێدەنگم، بۆیە ئەو بەرهەمانەی كۆمكردوونەتەوە و لە 12ی 12 و 2025 بڵاوم کردەوە، ئەو هەموو رێكخستنەش بە پلان بووە”.
سەبارەت بەوەی چۆن داهاتی ئەلبومەكەی دەست دەكەوێتەوە، شاباز وتی “هەموو كەسێك خوای گەورە رزفێكی پێدەدات، منیش جگە لە هونەر، كاری دیكە و لایڤ موزیكیش دەكەم، بەڵام 80%ی داهاتم لەو ئەلبومەدا سەرف كردۆتەوە”.
زۆرێك لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژ باس لەوە دەكەن كە بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و نەبوونی داهاتەوە، وازیان لە ئەلبوم هێناوە و بە پێی پێویست گۆرانییەك بڵاودەكەنەوە، بەڵام شاباز زەمانی رایەكی دیكەی هەیە و دەڵێت “مەسەلەی باوی ئەلبووم ماوە یان نا، ئەوە رای هونەرمەندانی دیكەیە، بەڵام پێموایە تازەگەریی ئەوە نییە چوارچێوەیەكی جوانی هونەری كە ناوی ئەلبو مە لەناو ببەیت، ئەلبووم كۆكراوەی ئەزموونی هونەرمەندەكەیە، من ناتوانم لە گۆرانییەكدا بە خەڵك بڵێم ئەوەم كردووە، بۆیە من تراكێك و تەقینەوە و ترێندم بەلاوە گرنگ نییە، بەڵكووگرنگە پەیامەكەم بگات”.
دەربارەی ئەوەی چەند لە گۆرانییەكانی كلیپ دەكات، ناوبراو روونیكردەوە، تائێستا كلیپمان نەكردووە، لەم ئەلبووومەدا گرنگیم بە رووكەش نەداوە، بەڵام كۆنسێرتەكە دەكەینە كلیپ.
شاباز زەمانی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی زۆرترین لایڤ موزیكی شەوانەی هەیە، لەو بارەیەوە وتی “هەفتانە نزیكەی چوار لایڤ موزیكم هەیە و زۆریش ماندووم دەكەن، بەڵام ماندووێتی گۆرانی وتن بەو شێوازە قورسەی ئێمە دەیكەین شەوانە هیلاكم دەكات، بەڵام شایەنی گوێگرەكانمن”.