رۆژنامەی ھەولێر

ئەنفلەوەنزا

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا لە وەرزی زستان بە شێوەیەكی زۆر و خێرا بڵاو دەبێتەوە و هۆكاری سەرەكییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئەنفلەوەنزا، بەڵام لە هەمان كاتدا بەهۆی گۆڕانی پلەی گەرما و نزمبوونەوەی، مرۆڤ تووشی نەخۆشی سەرمابوونی بەهێز دەبێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەریەك لەم نەخۆشیانەش رێگەچارەی جیاواز هەن.

ئەنفلەوەنزا شتێكی تەواو جیاوازە، بەشێوەیەكی كتوپڕ تووشی مرۆڤ دەبێ، هێندە هیلاك و بێهێزی دەكات، كە تاقەتی هەستانەوەشی نییە لە نێو پێخەفەكەی و هەر ئارەزووی پاڵدانەوەی هەیە، لە هەمانكاتیشدا تووشی تایەكی زۆر بەهێز دەبن، كە پلەی گەرمی جەستە لە 39 پلە بەرزتر دەبێتەوە، سەرئێشە و ئازارێكی زۆری لەگەڵە و ماسولكە و ئێسك و تەواوی ئەندامانی جەستە بە تەواوی بێهێز و شەكەت دەبن. سەرسووڕان و نەمانی ئارەزووی خواردن نیشانەكانی تووشبوون بە نەخۆشی ئەنفلەوەنزا.
ئێستە شەپۆلێکی ئەنفلۆنزای وەرزی لەنێو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک زۆر زیاتر هەست بە بەربڵاوی نەخۆشییەكە دەكرێت بە تایبەت لە نێو منداڵاندا.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی هەڤی لە دهۆک رایدەگەیێنێت: رۆژانە سەدان منداڵی نەخۆش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەكەیان دەكەن. د. نزار بەکر ئاماژە بەوە دەدات كە رۆژانە نزیکەی زیاتر لە 500 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن بەشێكی ئەو نەخۆشانە لە بەشە جیاوازەکاندا خەوێندراون.
د. نزار بەکر هۆكاری زۆریی تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشییەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە منداڵان بەهۆی ئەوەی سیستمی بەرگریی جەستەیان هێشتا بە تەواوی گەشەی نەکردووە، زیاتر تووشی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان دەبن.
د. پشدەر عەبدوڵڵا پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم پەتایە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە تووش ئەبێت یەک بۆ سێ ڕۆژ دوای بەرکەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەکە، بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ ١٠ ڕۆژ بەردەوام ئەبێت، نەخۆشییەکی ترسناک نییە و خۆی چاک ئەبێتەوە دوای تەواوکردنی سووڕی ڤایرۆسەکە.

نیشانەکانی:
1. لووتەچۆڕە؛ لووتی تەڕ ئەبێت.
2. قوڕگی خوران و ئازاری ئەبێت.
3. کۆکە.
4. هەست بە ئازار و بێتاقەتی ئەکات.
5. پژمە.
6. تایەکی کەم و هەندێکجار تایەکی بەرز.
7. بە گشتی هەست بە باشی ناکات.

لە چ کاتێکدا پێویستە پزیشک بیبینێت:
• تای بەرزتر لە ٣٨ پلی سیلیزی لە منداڵی سێ مانگان و کەمتر.
• بەرزبوونەوەی پلەی گەرما یان مانەوەی تاکەی بۆ زیاتر لە سێ ڕۆژ.
• نیشانەکانی بەرەو خراپی بڕۆن.
• سەرئێشەیەکی زۆر و کۆکەیەکی زۆر.
• خیزەی سنگ.
• ئازاری گوێچکە.
• ئارەزووی خواردنی نەمێنێت.
• هۆشی بەرەو خراپی بڕوات.

چۆنیەتیی خۆپاراستن:
1- بەردەوام دەستوپلی منداڵەکە بە سابوون بشۆ.
2-بەردەوام ئاگاداری پاک و خاوێنی مەتبەخ و حەمام بە.
3-بەردەوام کلێنێکس بەکار بهێنە بەتایبەت لە کاتی کۆکە و پژمەدا؛ منداڵەکەت فێر بکە ئەگەر کۆکە و پژمەی هات و، کلینیکسی پێ نەبوو، با سەر بنێت بە ئانیشکیەوە بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە بڵاو نەکاتەوە.
٤-هەوڵ بدە بە هیچ شێوەیەک کەوچک و پەرداخی کەسی تووشبوو بەکار نەهێنێت.
٥-هەوڵ بدە بەریەککەوتنی لەگەڵ کەسی تووشبوو نەبێت.
چارەسەرەکانی لە ماڵەوە:
1-خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی وەک ئاو و شەربەت؛ بە تایبەت شەربەتی گەرمی لیمۆ.
2-خواردنی شۆربای مریشک.
3-پشوودان لە ماڵەوە.
٤-ڕێکخستنی پلەی گەرما و شێداری ژووری پشوودانی منداڵەکەت، نابێت زۆر گەرم بێت یان سارد بێت، یان وشک بێت.
٥-غەرغەرەکردن بە خوێ و ئاو (خوێواوک).