رۆژنامەی ھەولێر

ئەوەی لیۆنێل مێسی لە هیندستان بینی لە مێژوودا ڕووینەداوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی بە یاوەری لویس سوارێز و رۆدریگۆ دی پاوڵی هاوڕێی بە مەبەستی گەشتێکی سێ رۆژە گەیشتنە هیندستان و هەزاران هاندەر لە فرۆکەخانەی كالكۆتا پێشوازیان لێكرد، پاشان لیۆ به‌ ئۆتۆمبێلێكی تایبه‌ت گەیێندرایە سه‌نته‌ری یاریگه‌ی “سۆلت لیك” و هەزاران هاندەر لەم یاریگایە لە نزیکەوە چاویان بە مێسی کەوت، بەڵام ژمارەیەکی زۆری هاندەرانیش لە دەرەوەی یاریگا نەیانتوانی بینەری مێسی بن، هەر ئەمەش وایکرد گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر دروست بێت.

دوای ئه‌وه‌ی هه‌زاران هانده‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كالكۆتا پێشوازیان لە مێسی و هاوڕێیەكانی كرد به‌ ئۆتۆمبێلێكی تایبه‌ت مێسی هێندرایه‌ سه‌نته‌ری یاریگه‌ی سۆلت لیك، هه‌زاران هانده‌ر له‌ یاریگه‌ ئاماده‌بوون و ده‌یان كه‌سایه‌تی و به‌رپرسی حكوومیش له‌نێو چیمه‌نی یاریگه‌ نۆره‌یان گرتبوو بۆ ئه‌وه‌ی چاویان به‌ مێسی بكه‌وێت.
سوارێز و دی پاوڵ یاوه‌ری مێسیان ده‌كرد و لە لایەن ده‌یان پاسه‌وانی تایبه‌ت هەوڵی پاراستنی مێسی و هاوڕێیەكانی دەدرا، گه‌شته‌ی مێسی له‌ژێر ناونیشانی باشترینی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه‌ و تێیدا سێ رۆژ له‌ شاره‌كانی كالكۆتا و حه‌یده‌ر ئاباد و مۆمبای و ده‌لهی به‌شداری چه‌ندین بۆنه‌ی وه‌رزشی و میوزیكی و كولتووری كرد.
مێسی كه‌متر له‌ 20 خوله‌ك له‌ یاریگه‌كه‌ مایه‌وه‌ و به‌ ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌ته‌كه‌ی یاریگه‌ی جێهێشت، دوای ئه‌وه‌ی مێسی رۆیشت هانده‌ره‌ هیندییه‌كان ده‌ستیان به‌ شكاندنی كورسی و كه‌لوپه‌له‌كانی یاریگه‌ كرد.
زۆرێك له‌ هانده‌ران به‌ ئومێدی بینینی مێسی له‌ نزیكه‌وه‌ بلیتیان به‌ زیاتر له‌ 100 دۆلار كڕیبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مێسی له‌ نزیكه‌وه‌ بینی به‌رپرسانی حكوومی بوو، بۆیه‌ هانده‌ران توڕه‌یی خۆیان به‌ شكاندنی كورسییه‌كان ده‌ركرد.
هانده‌ران رژانه‌ نێو یاریگه‌ و پۆلیسیش بۆ بڵاوه‌پێكردنیان چه‌ندین رێگه‌ی به‌كارهێنا، به‌ڵام كۆنتڕۆڵ نه‌ده‌كران، شه‌ڕ و ئاژاوه‌یه‌كی زۆر دروست بوو هانده‌رانیش هه‌رچی ده‌كه‌وته‌ ژێر ده‌ستیان خاپووریان ده‌كرد. ته‌لبه‌ندی یاریگه‌ و شوێنی یاریزانه‌ یه‌ده‌گه‌كان و ته‌نانه‌ت چیمه‌نی یاریگه‌كه‌شیان خاپوور كرد.
له‌ كۆتایی پۆلیس یاریگه‌كه‌ی جێهێشت و نه‌یانتوانی كۆنتڕۆڵی هانده‌ران بكه‌ن و تا كاتێكی دره‌نگ هانده‌ره‌ هیندییه‌كان خه‌ریكی شكاندن و وێرانكردنی یاریگه‌كه‌ بوون.
دوای ئه‌وه‌ی مێسی شاری كالكۆتای جێهێشت و په‌رده‌ی له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌ 21 مه‌ترییه‌كه‌ی لانه‌دا پۆلیسی شاره‌كه‌ ساتادرۆ دۆتای رێكخه‌ری بۆنه‌كه‌یان ده‌ستگیر كرد و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی به‌نگالی رۆژئاواش داوای لێبووردنی فه‌رمی پێشكه‌شی مێسی كرد
مێسی هه‌ر له‌و رۆژه‌ سه‌ردانی شاری حه‌یده‌ر ئابادی كرد و له‌ رۆژانی دواتریش چووە شاره‌كانی ده‌لهی و مۆمبای و نازانرێت چ شتێكی دیكه‌ چاوه‌ڕێی لیۆ ده‌كات.

ئۆفەرەكانی بینینی مێسی هەمووانی شۆك كرد
خەڵکی هیندستانن ئامادەکاریی بۆ پێشوازییان لە لیۆنێل مێسی كرد وەکو ئەوەی سەرۆکی وڵاتێکی گەورە سەردانی وڵاتەکەیان كرد بێت، مێسی لە سەنتەری شاری كالكۆتا پەردەی لەسەر پەیکەرەکەی خۆی لابرد کە پەیکەرەکەی مێسی 21 مەتر بەرزە و لیۆ بە دەستێکی جامی جیهانی بەرزکردووەتەوە، پەیکەرەکەی میسی هێندە بەرزە لە زۆربەی شوێنەکانی شارەکە دەتوانی جامە جیهانییەکەی دەستی لیۆ ببینی.
کۆمپانیاکان بۆ بینینی مێسی ئۆفەری زۆریان راگەیاند، بەڵام نرخی پاکێجەکان هێندەر زۆر بوو تووشی سەرسوڕمانی دەكردی، بۆ نمووە نرخی یەکێک لە پاکێجەکان 12 هەزار دۆلارە، کە ئەگەر دەفتەرێک و 20 وەرەقە بدەی دەتوانی لە نزیکەوە چاوت بە مێسی بکەوێت و وێنەی لەگەڵ بگری و درێسێکی بە واژۆی خۆی لێوەربگری.
نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئۆفەری نامۆ و گرانبەها بۆ منداڵانیش هەیە، هەر منداڵێک بیەوێت سێڵفییەک لەگەڵ کاپتنەکەی ئەرجەنتین و ئینتەر مەیامی بگرێت و بەیەکەوە لەگەڵ لیۆ ژەمێک بخۆن دەبێت 15 هەزار دۆلار بدات.