ڕائیب جادر – هەولێر
لەبەر خراپی ڕێگەکە و ھەبوونی ئاستەنگی زۆری ھاتووچۆ و نیگەرانی شۆفێران و ھاووڵاتییان، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بە بڕیار و چاودێری ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، مەلامستەفا بارزانی ڕاگەیاند، ڕەزامەندی لەسەر دووسایدکردنی ڕێگەی سەرەکی نێوان مێرگەسۆر- سۆران درا.
دووسایدکردنی ئەو ڕێگەیە ھاتووچۆکردنی ھاووڵاتییان ئاسانتر دەکات، ھەروەھا وا دەکات ڕووداوەکانی ھاتووچۆش کەمتر ببنەوە، لەگەڵ ئەوەی پاش کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەبێتە ھۆکارێکی گرنگ بۆ بووژانەوەی سێکتەری ئابووری لە ناوچەکە.
مەلامستەفا بارزانی، لە کاتی مەڕاسیمی کردنەوەی پردی چەمێ، ڕاگەیاند، من شاھدی مزگینیەکی دیکەم بۆ ئێوە، ئەو مزگینییەش خەڵکی تەواوی قەزای مێرگەسۆر و دەوروبەری دەگرێتەوە، کە زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەو مزگینە بوون، ئەویش ئەوەیە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە منیان ڕاسپاردووە بڕیاری جەنابیان بگەینمە ئێوە ئەویش دروستکردنی دوو سایدی سۆران- مێرگەسۆرە تا سەر پردی چەمێ، ئەو مزگینیەش لە ھەمووتان پیرۆز بێت.
ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان و شۆفێران بەو ڕێگەیەدا ھاتووچۆ دەکەن، لەسەر ئەو ھەنگاوە گرنگەی حکوومەت سوپاسی و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت دەکەن، لە ھەمان کاتدا ئەو پڕۆژەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کابینەی نۆیەم گرنگییەکی تەواوی بە سێکتەری ڕێگەوبان لە ھەرێمی کوردستان داوە، ھاووڵاتییانی سنوورەکەش کە ڕۆژانە بەو ڕێگەیەدا ھاتووچۆ دەکەن سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ چاککردن و دوو سایدکردنی ڕێگەکە و ئەو پڕۆژانەی لە ناوچەکە دەکرێن.
دوو سایدەکە ئێستا لە قۆناغی دیزاین کردندایە و کار لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات بەردی بناغەی بۆ دابنرێت و دەست بە جێبەجێ کردنی بکرێت. غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، ئاشکرای کرد: ڕێگەی مێرگەسۆر- سۆران، یەکێک بوو لەو ڕێگانەی کە داواکاریەکی زۆری ھاووڵاتییان لەسەر بوو، ئێمەش داوامان دەکرد ئەو ڕێگەیە بکرێتە دوو ساید، چونکە ڕێگەکە کۆنە، بە ئیمکانیات و کەرەستەی ئەو سەردەمە دروست کرا بوو، ئێستاش قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەرە، پاش ئەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت کرایەوە، ڕێگەکە بۆ ئێستا گونجاو نییە و ئاستەنگێکی زۆر بۆ ھاتووچۆکردنی ھاووڵاتییان و شۆفێران دروست دەکات، بەڵام خۆشبەختانە پاش ھەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر مەلامستەفا بارزانی ھاوکاری زۆری ئێمەی کرد، ڕەزامەندی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت وەرگیراو لە مەراسیمی کردنەوەی پردی چەمێ مزگینییەکەی دایە خەڵکی سنوورەکەمان، ئەویش ئەوەبوو ئەو ڕێگەیە دەبێتە دوو ساید ھەر لە سۆران تا سەر پردەکە، ئەوەش ھەم ھاتووچۆکردنی ھاووڵاتییان ئاسانتر دەکات، ھەمیش جوانییەکی بێ وێنە بە ناوچەکە دەبەخشێت.

