رۆژنامەی ھەولێر

دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەتی عێراق دەکرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی پەسند کرد کە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەچووبوو. دوای مانگێک و سێ ڕۆژ لە هەڵبژاردن ئەنجامەکان سیمای یاساییان وەرگرتووە و بۆیەش بە فەرمی دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی فیدراڵی دەکرێت.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکی داخراوی کرد و لەو ئەنجامەی کۆڵیەوە کە هەفتەیەک پێشتر لە هەشتی کانوونی یەکەم لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پێشکەشیان کرابوو.
دادگاکە بە فەرمی ئەوەی بڵاو کردەوە کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەپێی مەرجە دەستووری و یاساییەکان بەڕێوەچووە و هیچ تێبینییەکیان لەبارەیەوە نییە و بۆیەش پەسندی دەکەن.
پێشتر عیماد جەمیل سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەر لە ڕادەستکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بە دادگای باڵای فیدراڵی، گوتبووی ژمارەیەک سکاڵا و ناڕەزایەتی لە ئارادابووە کە بەشێکیان پێوەندیدار بوون بە پشکی دابەشکردنی کورسییەکان بەڵام بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییەکان دابەشکردنی تەواوی کورسییەکان ڕاست بوون و هیچ هەڵەیەک ڕووی نەداوە.
هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بۆ پەرلەمان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە ئەوا سەرکەوتنەکەیان پەسند کرا و بۆیەش لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا دەرگا بە ڕووی کەس و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان کار بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق بکەن.
لە دوای دەرچوونی ئەنجامە بەراییەکانەوە لایەنە براوە سیاسییەکانی عێراق دەستیان بە کۆبوونەوە و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە و ساغبوونەوەیان لەسەر پاڵێوراوانی سێ سەرۆکایەتییەکە کردووە.
لایەنە سوننەکان و لایەنە شیعەکان لەم ڕووەوە سەرەڕای ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی هەیانە لە ئەنجوومەن و چوارچێوەی جیاوازدا کۆ بوونەتەوە و هەنگاوەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی نوێ ڕابگەیەنن و تا ئەم ساتە پاڵێوراوەکان فرەن و نە شیعە و نە سوننە نەیانتوانیوە بە کۆدەنگی بگەن.
لەو ماوەیەدا پەرتەوازەترین لایەن لە سێکوچکەی دەسەڵاتی عێراق کورد بووە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان بەر لە هەڵبژاردن و لە میانەی هەڵبژاردن گەیاندە لووتکە و لە دوای هەڵبژاردنیش تا ڕادەیەک درێژەیان پێ دا.
بە خۆشییەوە دوێنێ هەندێک سەرچاوەی ناوخۆیی و جیهانی زانیاریی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە سەرووی هەمووان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نزیکبوونەوەی لە یەکتر و هاودەنگی و بە یەک پاکێج بەشدارییان لە پەرلەمان و کابینەی داهاتووی عێراقی فیدراڵی هەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە.
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی لایەنەکانی تری عێراق ئەرکیان کەمێک قورسترە چونکە ئەگەر ئەوان هەوڵ بۆ دامەزراندنی یەک حکوومەت بدەن ئەوا لایەنە کوردستانییەکان دەبێت ڕۆڵیان لە دامەزراندنی دوو حکوومەتدا بەرجەستە بکەن.
هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوە بردووە بەڵام زیاتر لە ساڵێک بەسەریدا تێپەڕیوە و نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن.
هەر دوو هەڵبژاردنی کوردستان و عێراق سەنگ و قورسایی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی دەرخست و بۆیەش ئەوەی لەمەودوا ڕوودەدات واقیع و دەرەنجامی ڕاستەقینەیە نەک پێشبینی و هیوا.
ئەوەی لەم دۆخەدا بۆ هەرێمی کوردستان و گەلی کورد زۆر گرنگە ئەوەیە بە یەکدەنگی و هاوگوتاری وێڕای نوێکردنەوەی دەسەڵاتی ناوخۆ، بەیەکەوە بچنە بەغدا و چالاکانە ڕۆڵیان لە بنیاتنانی دەسەڵاتی نوێی عێراقدا هەبێت.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوشێوەی ساڵانی دوای ٢٠٠٣ چاویان لەسەر عێراقە و لە هەمووان زیاتر ئومێدیان بە کورد هەیە و بەو پێیە جارێکی تر کورد دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت لە بنیاتنانی قۆناغێکی نوێی سیاسی و پارێزگاریکردن لە مافەکانی کوردستان بەتایبەتی و مافی هەموو عێراقییەکان بە گشتی.