رۆژنامەی ھەولێر

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راگەیەنراوێك لەبارەی كەمپین و هاوكاریكردنی لیقەوماوان لەسەر شەقامەكان بڵاو دەكاتەوە

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لەبارەی راگەیاندنی كەمپین و هاوكاریكردنی لیقەوماوان لەسەر شەقامە گشتییەكان روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت “رێگەپێدراو نییە و هەر كەسێك ئەم كارە بكات ئیحرائاتی لەگەڵ دەكرێت”.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیندراوێكدا بڵاوی دەكاتەوە “دوای ئەوەی لە رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بارانێكی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لە شارۆچكەی چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و چەند ناوچەیەكی تری سنوورەكە لافاو دروستبوو، بەداخەوە جگە لە زیانێکی زۆری ماددی چەند كەسێكیش گیانیان لەدەست دا”.

بڵاویشی دەكاتەوە “بە سوپاسەوە وەك هەمیشە شاری هەولێر و خەڵكەكەی بۆ هاوخەمی و گەیاندنی هاوکاری و كۆمەكکۆكردنەوە بۆ زیانلێکەوتووان ژمارەیەك بوون و چەندین كەمپینی جۆراوجۆ لەلایەن ڕێكخراوە مرۆییەكان و خێرخوازان و خوداپێداوان و ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش ڕاگەیندرا، ئەوەش مایەی پێزانینە”.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر هەروەها بڵاوی كردەوە “ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، كەسانێك لێرە و لەوێ بەناوی كەمپین و هاوكاریكردنی لێقەوماوان لەسەر شەقامە گشتییەكان ڕادەوەستن و قەرەباڵغییەکی زۆر دروست دەکەن و هاووڵاتییانیان نیگەران كردووە، هەموولایەك ئاگادار دەكەینەوە ئەو شێوازە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراو نییە”.

ئاماژەی بەوەش دا “ئاسایش و پۆلیسی و پۆلیسی هاتوچۆ دەستكراوەكراون بۆ ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەر كەسێك ئەو جۆرە كارە ئەنجام بدات، هەروەها هوشداری دەدەینە هاووڵاتییانیش بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەو جۆرە كەمپینانە نەكەن، کە دڵنیانین لە گەیاندن و گەیشتنی کۆمەک و هاوکارییەکانیان”.

لە كۆتاییدا نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند “هەر كەسایەتی و لایەنێك و شوێنێك دەیەوێت كەمپین ڕابگەینێ لە ڕێگەی پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە داواكاری خۆی پێشكەش دەكات و شوێنی تایبەتی بۆ دیاری دەكرێت بۆ ڕاگەیاندنی كەمپین و كۆمەك كۆكردنەوە، نەك بەناوی كۆمەك و هاوكاری زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان شەقامی گشتی و ڕێگەی هاتوچۆی هاووڵاتییان دابخەن و ناڕەحەتی و نیگەرانیان بکەن”.