ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
ئاستبەرزی ئاكام هاشم، ئەستێرە كوردەكەی هەڵبژاردەی عێراق شكستی وڵاتەكەی بەرامبەر ئوردن لەبیر هاندەرانی عێراقی بردەوە و دەنگۆی ئەوە هەیە چەندان ئۆفەر لە ئەورووپا و خولی رۆشنی سعوودیە پێشكەشی ئەو ئەستێرە كوردەكەی شاری هەولێر كراوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی عەرەب، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئوردن بووە و لە کۆتاییدا یارییەکەی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام دۆڕاند و ماڵئاوایی لە جامەکە کرد. دوای یارییەکە یاریزانانی هەڵبژاردەکە بە دڵخۆشیەوە باس لە پاڵەوانێتیەکە دەکەن و پێیانوایە توانیویانە ئاستێکی باش لە جامی عەرەب پێشکەش بکەن.
ریال بێتیس داوای ئاكام هاشمی كردووە
میدیایەكانی قەتەری ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە نوێنەرێكی یانەی ریال بێتیس ئۆفەری پێشكەشی ئاكام هاشم كردووە، جگە لەوەش یانەكانی سعوودیە ئامادەكاری دەكەن بۆ گواستنەوەی ئاكام هاشم.
ئاكام هاشم، یاریزانی دڵی بەرگری هەڵبژاردەی عێراق دوای دۆڕانەكەیان بەرامبەر ئوردن لە لێدوانێكدا رایگەیاند دڵخۆشە كە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە، دەشڵێت: پێموایە ئۆفەری زۆرم بۆ هاتووە، بەس جارێ هیچ شتێك ناڵێم، تەنیا بیر لە یاریی پاشكۆ و مۆندیال دەكەینەوە، پشتیوان بەخوا بە رووحیەتێكی گەورە دەچینە مەكسیك و هیوامان بۆ گەیشتن بە مۆندیال هەیە، ئاستبەرزی منیش پەیوەندی بە پاڵپشتی راهێنەر و یاریزانەكانەوە هەبوو.
لێدوانی مەیسەم جەبار
مەیسەم جەبارە یاریزانە لاوەكەی عێراق رایگەیاند لەو پاڵەوانییەتییە هەل درا بە زۆرێك لە یاریزانەكان، دەشڵێت: سوپاس بۆ خوا ئاستی یاریزانەكانیشمان زۆر بەرز بوو، یارییەكەی ئەمڕۆش بەڵگەیەكی روون بوو لەسەر ئەوە، ئەوەی لەسەریان بوو پێشكەشیان كرد، دەستیان بەسەر یارییەكەدا گرت، چەندین هەلیان دروست كرد، بەڵام نەمانتوانی گۆڵ تۆمار بكەین، لە تەواوی یارییەكەش تەنیا یەك گۆڵمان كەم بوو، داواكارییەكی تایبەتم بۆ راگەیاندنەكان و هاندەرانی عێراق هەیە لە یارییەكانی پاشكۆی مۆندیال چاوەڕێمان بكەن، هانمان بدەن و لەگەڵمان بن، تەنیا یەك یارییە و زۆر چارەنووسسازە.
لێدوانی زەید ئیسماعیل
ناوەراستكارە دەركەوتووەكەی عێراق لە دوای یارییەكە رایگەیاند ئەوەی پێویست بوو لە تۆپی پێ كردیان، دەشڵێت: بەتایبەتی لە گێمی دووەم، بە كۆمەڵێك وردەكاری زۆر بچووك دۆڕاین، بەراستی دەمانویست ركابەری بكەین و بگەین بە یاریی كۆتایی، داوا لە هاندەرانی عێراق دەكەم لە پاشكۆی جیهانی بۆ مۆندیال هانمان بدەن، ئەوە لە هەموو شتێك گرینگە، ئێمەش ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بۆ گەیشتن بە مۆندیال دەدەین، ئەگەر بانگهێشت بكرێم یانیش نا، من هەمیشە یەكەم هاندەری هەڵبژاردەی نیشتمانی دەبم، لە نێوان گێمەكان راهێنەر هەندێ شتی پێگووتین و بڕوای وابوو كاریگەری گەورەی دەبێت و هەرواش بوو، لە گێمی دووەم تەنیا یەك هەڵبژاردە لە یاریگە بوو، كۆنتڕۆڵی تۆپ گەیشتە سەدا هەشتا، چەندین هەلمان لەدەست دا، راستە هاندەران لە ئاستمان رازیبوون بەڵام من وەكو یاریزان لە ئاستی خۆمان رازی نەبووم و دەكرا زۆر باشتربین.

