رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێم سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ بەهاناوە چوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری چەمچەماڵ، گەرمیان و کەرکووک بووە ھۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەر ھاووڵاتییان کەوت. ھەر لەگەڵ چرکەساتی لافاوەکە سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکوومەت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕوانگە و کوردستان فاوەندەیشن ھاتنە سەر خەت و ئەوەی پێویست بووە تا ئێستا بۆ زیانلێکەوتووان کراوە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەڵێت: لە کاتی ڕوودانی لافاوەکەی چەمچەماڵ ھەر زوو سەرۆک بارزانی ئێمەی ڕاسپارد تا ھەموو توانای خۆمان بخەینەگەڕ و بە ھانای زیانلێکەوتووان بچین.

لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بە ھانای لێقەوماوانەوە بچن
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە یەکەم خولەکی لافاوی چەمچەماڵ و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپارد بە ھانای لێقەوماوانەوە بچن، ھاوکارییە پێویستەکان پێشکەش بکەن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیانەکان و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان. ھەروەھا پرسە و سەرەخۆشیی خۆشیان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییان کرد و ھاوسۆزیی خۆیان بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە دووپات کردەوە، ھیواشیان خواست بریندارەکان بە زووترین کات چاک ببنەوە.

زەرەر و زیانەکان
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان بەھۆی لافاوەکەی ٩ی ١٢، لە کەرکووک، گەرمیان و چەمچەماڵ، ٥ کەس گیانیان لە دەستداو و ١٩ کەسی دیکەش بریندار بوون، ھەروەھا زیاتر لە ٢٦٠٠ ماڵ و ٧٠٠ دوکان و پڕۆژە بەوھۆیەوە توشی زیانێکی زۆری ماددی بوون، کە زۆرترینیان لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ بوون. ھەر لەدوای زیانەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەھاناوەچوونی ھاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان، ھاوکات لە دوای پەیامەکەی سەرۆک وەزیران، حکوومەتی ھەرێم، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگای ڕوانگە و ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشن ھەر لەگەڵ چرکەساتی لافاوەکە ھاتنە سەر خەت و لەو چەند ڕۆژەدا بە بەردەوامی ھاوکاری زیان لێکەوتووان دەکەن، لە ھەمان کاتدا دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکان کردووە، بەتایبەتی قوتابخانەکان، ئەوەش ھاووڵاتییانی خۆشحاڵ کردووە و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم و دەزگا خێرخوازییەکان دەکەن کە بەردەوام لە خەمی ئەواندانە و ئەوەی پێویست بووە بۆ ئەوان کراوە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی : لە ھاوکارییەکان بەردەوام دەبین

لە نێو دڵەڕاوکێی کارەسات و وێرانکارییەکانی سروشتدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک ھەمیشە بووەتە چەترێک بۆ پاراستنی لێقەوماوان و ھەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی چەمچەماڵ و دەوروبەری دەست پێ کردووە. لەم پرۆسەیەدا، تیمەکانی دەزگا بە پلانێکی تۆکمە و بە سێ قۆناغی جیاواز، لە پاککردنەوەی ماڵەکانەوە تا دابینکردنی گەرمی و خۆراک، ھەوڵی گەڕاندنەوەی ژیان و ھیوا دەدەن بۆ ئەو خێزانانەی لافاو تەنگی پێ ھەڵچنیون، قۆناغی یەکەمی ئەم ھەڵمەتە مرۆییە بە کردارێکی مەیدانی دەستی پێ کرد، تێیدا تیمەکان شانیان دایە بەر پاککردنەوەی ئەو پاشماوە و قوڕ و لیتایەی کە لافاوەکە ڕەوانەی نێو ماڵەکانی کردبوو، دوای پاککردنەوەی ژینگەی ژیانی خێزانەکان، قۆناغی دووەم دەستی پێ کرد کە بریتییە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، ڕۆژانە چەندین ژەمە خۆراکی گەرم ئامادە دەکرێت و بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش دەکرێت، تاوەکو لەم دۆخە کاتیەدا ھەست بە تەنیایی نەکەن و دڵنیا بن لە بوونی پشتیوانی. ڕێبوار محێدین، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتی: پلانەکە تەنھا لە پاککردنەوە و خۆراکدا قەتیس نابێت، بەڵکو قۆناغی سێیەم و کۆتایی گرنگترین بەشی پرۆسەکەیە، دوای ئەوەی تیمەکان لەڕێگەی ساوپێچ (سەرژمێری) و بەدواداچوونەوە قەبارەی زیانەکانیان تۆمار کرد، دەست دەکەن بە قەرەبووکردنەوەی ماددی خێزانەکان، ئەم قۆناغە دابەشکردنی کەلوپەلی سەرەکیی ناوماڵ، دۆشەک، بەتانی، سۆپا و سووتەمەنی لەخۆ دەگرێت، وەک ھەوڵێک بۆ ئەوەی خێزانەکان بتوانن لە کەشێکی گەرم و ئارامدا درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەنەوە.
لە بارەی کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوەدا، خەڵکی ناوچە زیانلێکەوتووەکان ستایشی سەرۆک بارزانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن و دەڵێن، ئێمە خۆمان داوامان کردووە ئێوە بێن و یارمەتیمان بدەن، چونکە ئێمە بڕوا و ھیوامان بە ئێوە ھەیە لەم بارودۆخە ناخۆش و سەختەدا ھاوکارمان بن و ڕزگارمان بکەن، بۆیە ئێمەش دڵنیایی دەدەین بە خەڵکی ناوچەکە بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵیان دەبین و بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنیان، چونکە ئەمە فەرمانی سەرۆک بارزانییە.
لەلایەکی دیکەوە مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، لە کاتی ڕوودانی لافاوەکەی چەمچەماڵ ھەر زوو سەرۆک بارزانی ئێمەی ڕاسپارد تا ھەموو توانای خۆمان بخەینەگەڕ و بە ھانای زیانلێکەوتووان بچین، ھەروەھا دەیان ڕێکخراو لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەش پەیوەندییان بە ئێمە کردووە ئامادەن بۆ ھاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە.
باسی لەوەش کرد، ئێمە خزمەتکارئاسا لەگەڵ تیمی دامودەزگاکانی حکوومەت، لە خزمەتی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە داین، تا ئەو کاتەی پێویست بکات تیمەکانمان لە چەمچەماڵ دەمێننەوە.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەشڵێ: لەگەڵ ڕێکخراوەکان لەسەر ھێڵین و لە ھەماھەنگیی بەردەوام داین، بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ بتوانین پێداویستی بۆ زیانلێکەوتووان دابین بکەین.

ڕۆڵی دەزگای ڕوانگە
دەزگای ڕوانگە ھیوا و ئومێدی بۆ خەڵکی سنووری چەمچەماڵ و گەرمیان گەڕاندووەتەوە و دەستخۆشیش لەو دەزگایە دەکەن، وەکو خۆیان دەڵێن، ماڵ ھەبووە یەک شتی بە ساغی بۆی دەرنەچووە، دەزگای ڕوانگە ھەر لە یەکەم ڕۆژەوە بە ھانای ئێمەوە ھاتووە و کەلوپەلی نێو ماڵی بەسەر ئێمەدا دابەشکردووە. حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری دەزگای ڕوانگە، گوتی: ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین، تاوەکو یەک ماڵی زیانلێکەوتووی لافاو مابێت ناوەستین و یارمەتی ھەمووان دەدەین، تا ئێستا یارمەتی ٨٠٠ ماڵمان داوە، تاوەکو یارمەتی ١٢٠٠ ماڵ نەدەین و ئاوەدان نەکەینەوە ناوەستین.

کوردستان فاوەندەیشن پێداویستی ٥٠٠ خێزان و نۆژەنکردنەوەی ٢ قوتابخانەی لە ئەستۆ گرت
ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشن ڕایگەیاند، ھەر لە سەرەتای دروستبوونی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵەوە تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و جگە لە دابەشکردنی سووتەمەنی و پێداویستی بۆ ٥٠٠ خێزان، ئەرکی نۆژەنکردنەوەی دوو قوتابخانەی لە ئەستۆ گرتووە. ئەحمەد سەفا نووروڵڵا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشن، ئاشکرای کرد: تیمەکانیان کە لە کارمەندەکان و زیاتر لە ٦٠ خۆبەخش پێکھاتوون، بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان و ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان دەستبەجێ دەستیان بە ھەڵسەنگاندنی زیانەکان کردووە.
ئەحمەد سەفا، ئاشکرای کرد، تا ئێستا نەوت و سۆپایان بەسەر زیاتر لە ٥٠٠ خێزانی زیانلێکەوتوودا دابەشکردووە، جگە لەوەی تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی ماڵ و گەڕەکەکانن لەو قوڕ و لیتاوەی بەھۆی لافاوەکەوە دروست بووە، بەتایبەتی لە سەنتەری شارۆچکەی چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە.
سەبارەت بە زیانەکانی کەرتی پەروەردە، بەرپرسەکەی کوردستان فاوەندەیشن، گوتی: قوتابخانەی قەندیل لە ناحیەی تەکیە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و دەستبەجێ دەستمان کردووە بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە، تەنیا نۆژەنکردنەوەی بیناکە نییە، بەڵکو تەواوی پێداویستییەکان لە ڕەحلە و کتێبەوە تا دەگاتە جانتا و پێداویستی قوتابییان لە ئەستۆ دەگرین، بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەوام تێیدا دەست پێ بکاتەوە، ھەروەھا جیا لەم قوتابخانەیە، قوتابخانەی ئارینی کوڕانیش لە شاری سلێمانی نۆژەن دەکەینەوە و لەپێناو دانەبڕانی نەوەکانی داھاتوومان لە خوێندن، بە زووترن کات ھەردوو قوتابخانە نۆژەن دەکرێنەوە و دەرگای پۆلەکان بەڕووی قوتابییاندا دەکرێنەوە.

سەرۆکی حکوومەت لەسەر هێڵە
سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ بەردەوام لەخەت بووە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەوردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات، ئێمەش بەردەوام لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان لەخەتین و لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە گەرمیان و سلێمانی خەریکی ھەڵمەتی گەیاندنی ھاوکارین، ئێستا خۆراکی گەرم لەڕێگەی دەزگا خێرخوازییەکان دابین کراوە، کە دوای ئەوەی داوامان لێیان کرد بەدەممانەوە ھاتن، لەوانە دەزگای خێرخوازی بارزانی، دەزگای ڕوانگە، دەزگای کوردستان فاوندەیشن، دەزگای خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچی، دەزگای گەلیاوە، کۆمپانیای قەیوان و چەند کۆمپانیای دیکە، ئەو دەزگا و ڕێکخراو و کۆمپانیانە ڕۆڵی گەورەیان ھەبوو لە دابینکردنی ئالیات.
سروە ڕەسووڵ، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چەند تیمێک پێکھاتوون بۆ تۆمارکردنی زیانەکانی لافاوەکەی ڕۆژانی ڕابردوو، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمەوە خەریکی کۆکردنەوەی داتاو زانیارین، بەپێی یاسا قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە و بوودجەیەکی تایبەت بۆ کارەسات و حالەتی فریاکەوتن دابینکراوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان سوودمەند نەبووە، چونکە حکوومەتی فیدراڵ تا ئێستا قەرەبووی زیان لێکەوتوانی ساڵانی ڕابردووی ھەرێمی کوردستانی نەکردووتەوە.
سروە ڕەسووڵ، گوتیشی: ئێمە لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین و حکوومەتی فیدراڵیش ئامادەیی دەربڕیوە و داوای داتای زیانەکانی لافاوی کردووە، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی تۆمارکردن ڕەوانەی بەغدا دەکرێن بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام لە ئەرکداین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان و ئەوەی لەدەستمان بێت ھاوکاری دەگەیەنینە ناوچە زیانلێکەوتووانی لافاو.