كارزان گلی – ههولێر
لە مانگی ١١ی ٢٠٢٤ەوە، واتە ئەو كاتەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشكەش كرد و داوای كرد، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بێتە پەرلەمان و وتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەك دابنێت، هیچ شارەوانییەكی سەر بە دەم پارتی قەیوم نەكراوە، ئایە سیاسەتی قەیوم بەرامبەر بە كورد كۆتایی پێهاتووە؟
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، هەدەپە توانی زیاتر لە ١٠٠ شارەوانیی بباتەوە و سەركەوتنێكی گەورەی لە باكووری كوردستان تۆمار كرد، بەڵام دوای چەند مانگێك، ٦٠ شارەوانیی سەر بە هەدەپە قەیوم كرا، لە ناویاندا، سەرۆكی شارەوانییەكانی (ئامەد، مێردین، قارس و، هتد).
سیاسەتی قەیومكردنی شارەوانییەكانی كورد لە توركیا، لە ساڵانی نەوەدەكانەوە پەیڕەو كراوە، بەڵام دوای ئەوەی لە ٢٠٠٢ ئاكەپە هاتە دەسەڵات، تا ٢٠١٥، هیچ شارەوانییەكی سەر بە هەدەپە قەیوم نەكرابوو، بەپێچەوانەوە باس لەوە دەكرا، ئاكەپە كۆتایی بە سیاسەتای قەیوم و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هێناوە، بەڵام دوای ئەوەی، هەدەپە دژایەتی ئاكەپەی كرد و لە هیچ پرسێكدا دەستی نەخستە ناو دەستی، ئیدی پارێزبەندی لەسەر بەشێكی زۆری پەرلەمانتارەكانی هەڵگیرا و دوای دادگایی كردن دەستگیر كران، لەناویاندا هاوسەرۆكان (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەداغ)ی تێدابوو.
ئەگەرچی دەیان شارەوانیی سەر بە دەم پارتی قەیوم كراوە و بەشێك لە سەرۆك شارەوانییەكانیش خراونەتەوە زیندانەوە، بەڵام ئومێدێك دروست بووە، بەهۆی بوونی پرسی چارەسەریی، سیاسەتی قەیومکاری كۆتاییی پێ هاتووە.
شرۆڤەكارانی سیاسەت، پێیان وایە سیاسەتی قەیوم نەبڕاوەتەوە و هەر ماوە؛ هەتا ئەوكاتە كۆتاییی پێ هاتووە، كە دەم پارتی لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپەدا بێت، هەر ناكۆكییەك بكەوێتە نێوانیان دەبێت چاوەڕێی بكەن پۆلیس هەڵبكوتێتە سەریان و شارەوانییەكانیان قەیوم بكات.
بۆچوونێك هەیە، ئاكەپە ناتوانێت شارەوانییەكانی دەم پارتی قەیوم بكات، چونكە ناكرێت لەم لاوە دەستی خستبێتە ناو دەستیان بۆ پرسی چارەسەریی كورد و چەكدانانی پەكەكە، لەو لاوە پۆلیس بنێرێتە سەر شارەوانییەكانیان و قەیومیان بكات.
بە گوێرەی ئەو پرۆژەیاسایەی ئاكەپە بۆ پرسی چارەسەریی كورد ئامادەی كردووە، لە مادەیەكدا باس لە سیاسەتی قەیوم دەكات و پێشنیاریان كردووە، ئیدی سیاسەتی قەیومکاری نەمێنێت.
كاتێك باس لە قەیومکاری دەكەین، نابێت تەنیا باس لەو شارەوانیانە بكەین كە سەر بە دەم پارتین، چونكە جەهەپەش، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، زیاتر لە ١٠ شارەوانییان لێ قەیوم كراوە، لە ناویاندا گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ و سەرۆكی شارەوانییەكەش ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، خراوەتە زیندانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی.
جەهەپە، لە رێگەی میدیاكانی خۆیانەوە باس لەوە دەكەن، سیاسەتی قەیوم كۆتایی نەهاتووە، رەنگە بەرامبەر بە كورد كۆتایی هاتبێت چونكە كاریان بە كوردە و دەیانەوێت دەم پارتی بخەنە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بەڵام بەرامبەر بە جەهەپە، سیاسەتی قەیوم چڕتر كراوەتەوە.
شارەوانیی ئەنكەرا، كە سەر بە جەهەپەیە و مەنسوور یاڤاش سەرۆكی شارەوانییە، دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە و داوا دەكرێت دەستگیر بكرێت و شارەوانییەكەش قەیوم بكرێت. یاڤاش بەوە تۆمەتبار كراوە، پارەی شارەوانیی بەهەدەر داوە و هەروەها گەندەڵی لە چەندین پرۆژەدا كردووە، ئەمەش دەریدەخات، سیاسەتی قەیوم كۆتایی نەهاتووە، بەڵام بەرامبەر بە دەم پارتی پڕۆسەكە بەهۆی بوونی پرسی چارەسەریی كورد راگیراوە.

