رۆژنامەی ھەولێر

لافاوەکەی چەمچەماڵ و چەند پەیڤێک

عەمەر ئەرگوشی
یەکێک لە شانازییەکانی گەلی کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول ئەوە بوو، کە لە هەر شوێنێکی کوردستان ناوچەیەک تووشی کێشە دەبوو، ئەوا لە هەموو کوردستانەوە بەپێی پێویست بە هانای یەکترەوە دەچوون و لە خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر بەشدارییان دەکرد.

ئەوەی لە چەمچەماڵ ڕووی دا، ناخی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی هەژاند. هەموو کوردێک پێی خەمبار بوو، لە هەموو لایەکەوە هەوڵ درا کاریگەریی کارەساتەکە سووکتر بکەن و هاوکاریی پێویستیان بکەن. لە ڕۆژێکی وادا، بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییە ڕووداوێکی لەم چەشنە بۆ مەرامی سیاسی بەکار بێنن و لەبەرچاوی پڕ فرمێسکی چەمچەماڵییە خۆڕاگرەکان، بیانەوێت لە جیاتی ئەوەی برینەکانیان تیمار بکەن، پێگەی خۆیان بەهێز بکەن.
پارتی لە کولتووری بارزانیی نەمرەوە فێرە بەخشندەیی و خزمەتی لێقەوماوان بوون و لە مێژوودا وا ناسراون کە هەمیشە سینگیان قەڵغانی پاراستنی کورد بووە. ئەم سینگە قەڵغانە تا ئێستا بەردەوامە بۆ پاراستنی کورد و لە کوێ دەنگی هاواری لێقەوماوێک بێت، لەوێ پێشمەرگە و گیانفیداکارانی کوردستان ئامادەن. بۆ نموونە کاتێک هەولێرییەکان پۆل پۆل کۆ دەبنەوە یارمەتیی خەڵکی چەمچەماڵ بدەن، بە ئەرکی خۆیانی دەزانن و منەتیش ناکەن بەسەر کەسەوە. لەناو ئەو هەولێرییانە هەموو جۆرە کەسێک هەن؛ یەکێتی، پارتی، ئیسلامی و هەموو لایەنەکان، بۆیە ڕەوا نییە لەم جۆرە هاوکارییانە بۆیاخی حزبی پێوە دیار بێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانیی نەمر و ڕوانگە و (ئەوی تر)، کە دەزگای مرۆڤدۆستیی خێرخوازن، لە کوێی کوردستان پێویستیان بە هاوکاریی ئەوان بووبێت، بە شاهیدیی هەموو خەڵکی کوردستان بە ئەرکی مرۆڤدۆستانەی خۆیان هەڵساون و ئێش و ژانی هەر کوردێک بە ژانی خۆیانیان زانیوە و بەبێ جیاوازی ئەوەی لە دەستیان هاتبێت بۆ کوردیان کردووە، تەنانەت زۆرجار سنوورەکانی کوردستانیشیان بڕیوە و بە هانای لێقەوماوانەوە ڕۆیشتوون.
پێویستە لە ڕۆژانی وەک ئەم کارەساتانە، هەموو لایەنەکان بە یەک هەست و هەڵوێست، هەرچییان لەدەست بێت بیکەن بۆ ئەوەی یەکگرتوویی کورد و یەک هێزیی کورد، دڵسۆزانە لە خزمەتی ئەو خەڵکانەدا بێت کە لە هەموویان زیاتر پێویستیان بە خزمەت و هاوکارییە. پێویستە لەسەر هەموو کوردێک ئەم فەرموودەیەی بارزانی بهێنێتە بەرچاوی خۆی کە دەفەرموێت: «شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت». لە ڕۆژێکی تەنگانەی وەک ئەمڕۆ، چ شانازییەک لەوە گەورەتر نییە هەر کوردێک بەپێی توانا لە خزمەت چەمچەماڵدا بێت، کە کوردی ڕەسەن و گیانفیدای ڕاستەقینەی کوردستانیان لەخۆ گرتووە.