رۆژنامەی ھەولێر

بە چەند چالاکیەکی هونەری بیرەوەری ڕۆژی ئەفەندی کرایەوە

ئەمرۆ شەممە 2025.12.13، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16ی پارتی و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری تورکمان و بەرێوەبەری گشتی پەروەردەیی هەولێر و بەڕێوەبەری پارک و باخچەکان و ژمارەیەکی بەرچاوو لە کەسایەتییەکانی شاری هەولێر و ڕۆشنبیران، بەچەند چالاکیەکی هونەری رۆژی ئەفەندی کرایەوە، کە لەلایەن مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر و سەنتەری رۆشنبیری سوڵتان موزەفەرەدین ڕێكخرابوو.

پارێزگاری هەولێر دوای كردنەوەی پیشەنگایەکی تایبەت بە وێنەی کەسایەتییەکانی ئەفەندیانی شاری هەولێر لە وتارێکدا، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێكخرانی ڕێورەسمەكە كرد و خۆشحاڵی خۆی بەیادكردنەوەی ئەو ڕۆژە دەربڕی، تاکیدی لەوەكردەوە یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە نیشانەی ئەوەیە شاری هەولێر هەمیشە شارێکی زیندوو بووە، وەک چۆن لە رابردوودا خاوەن مێژوویەكی دەوڵەمەندی زانست و مەعریفەت و رەسەنایەتی بووە، لە ئێستاو داهاتووشدا هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

گوتیشی، هەولێر شانازی بە خەڵکە رەسەنەکەی خۆی دەکات و شانازی بە خوێندەوار و مامۆستا و زانایانی دەکات، کە هەریەکەیان ئەفەندی سەردەمی خۆیان بوونە و خزمەتی زۆریان بە شارەكەیان كردووە.

لەکۆتایشدا، سەرخۆشی لە قوربانیانی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی قەزایی چەمچەماڵ و گەرمیان کرد و سوپاسی خێرخواز و خواپێداوانی شاری هەولێریشی کرد بۆ کۆمەک و یارمەتیدان و گەیاندنی هاوکارییەکان بە لێقەوماوانی سنوورەکە.

جێگەی باسە، ڕۆژی ئەفەندی، رۆژێک، بە مەرسومی فەرمی لە ساڵی 1936 ەوە تەرخان کراوە، هەموو ساڵێکیش بەمبۆنەیەوە ئەو یادە و تایبەتە بۆ زیندوکردنەوەی مێژووی مامۆستایانی سەدەی رابردوو لەشاری هەولێر دەکرێتەوە.