هاووڵاتییان و کوردستانییانی هێژا
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە هەموو ساڵێ لە ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا “هەژار موکریانی”دا، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، “دیداری هەژار موکریانی” بەڕێوەببات. هەر بەم پێیەش لە ڕۆژی شەممە 22ـی شوباتی 2025، بە شانازییەوە (یەکەمین دیداری هەژار موکریانی)مان بەڕێوە برد.
لە دیداری یەکەمدا، کە لەژێر ناوی “هەژار و زمان”، بە بەشداریی نووسەران، توێژەران، زمانزانان و مامۆستایانی هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە بەڕێوەچوو، لە سێ پانێڵی زانستیدا تەوەرەکانی “زمانی یەکگرتوو”، “زمان و فەرهەنگ” و “بە دیجیتاڵیکردنی زمان و ژیریی دەستکرد” لە لایەن پسپۆڕانی ئەم بوارانەوە تاوتوێ کران.
هەروەها لە پەراوێزی دیدارەکەدا، پێشانگایەک لە وێنەکانی مامۆستا هەژار ڕێک خرابوو، کە قۆناغەکانی ژیانی ئەو شاعیر و، نووسەر، زمانزان، وەرگێڕ و تێکۆشەرەی لە منداڵییەوە تا بەشداربوونی لە کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان و دواتر ژیانی ئاوارەیی لە بەغدا و پەیوەستبوونی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و تا کۆچی دوایی و بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی بداغ سوڵتانی مهاباد، لە خۆگرتبوو.
هەر لە دیداری یەکەمدا بڕیارمان دا بۆ دیداری دووەم، کە لە مانگی شوباتی 2026دا بەڕێوە دەچێت، هەموو وێنەکانی مامۆستا هەژار کۆبکرێنەوە و بە دیاریکردنی ناو و ناسنامەی کەسانی ناو وێنەکان و شوێن و ڕێکەوتی گرتنی هەریەک لە وێنەکان، لە ناو ئەلبومێکدا چاپ بکرێن.
بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان، نووسەران و کوردستانییان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەکەین، هەر وێنەیەکی مامۆستا هەژارتان هەیە لە ڕێگای ئەو ئیمەیڵ و ژمارە واتسئاپەی خوارەوە بۆمانی بنێرن.
بێگومان هەر کەسێک، تەنانەت بە یەک وێنەش لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا بەشدار بێت، مافی پارێزراو دەبێت و ناوی لە ڕیزی ئەو کەسانەدا دەنووسرێت، کە بۆ ئامادەکردنی ئەلبومەکە هاوکارمان بوون.
دوایین وادە بۆ ناردنی وێنەکان:
31/12/2025
Email: didarihajarmukryani@gmail.com
Whatsapp: 00 964 750 445 8232
لەگەڵ ڕێزدا
دیداری هەژار موکریانی
کوردستان ـ هەولێر
12/12/2025

