رۆژنامەی ھەولێر

ئامادەكاری بۆ ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵا

ڕەوەندی كوردی لە وڵاتی سوید، ئێستاکە ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی رۆژی 17ی ئە مانگە، بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، رۆژی ئاڵا لە ناوەندی وڵاتەكەدا بكەنەوە.

سەلام كوردە، كە چالاكوانێكی ناوداری كوردە لە وڵاتی سوید و بەرپرسی ناوەندی رەوەندی كوردستانییە لە ستۆكهۆڵمدا، بە “هەولێر”ی راگەیاند، ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە بۆ ئەوەی لە 17ی ئەم مانگەدا، لە ناوەندی سوید رۆژی ئاڵای كوردستان بكەنەوە و ئاڵای كوردستان بە بەرزی هەڵبكەن. هەر بۆ مەبەستەش داوامان لە رەوەندی كوردی كردووە لە وڵاتی سوید كە ئامادە بن.
ئەو بەرپرسەی ناوەندی رەوەندی كوردستانی گوتیشی لە لۆكاڵی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە ستۆكهۆڵم دەستەی كارگێڕیی رەوەندی كوردستان لە سوید، بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ئەو رۆژە بەرز رادەگرن. خۆشحالیشن كە ئەمساڵ بە گرنگییەوە ئەو بۆنەیە بەرز دەنرخێنین.
روونیشی كردەوە، لە سەعات 18 تا 20 رێوڕەسمەكە بەڕێوە دەچێت، داوای لە كوردانی ئەو وڵاتە كرد بەشدار بن لەو رۆژە گرنگە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان.
جیگای باسە لە 19/6/2004دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە 48ـی دەركرد كە بەپێی ئەم بڕیارە: رۆژی 17ی كانوونی دووەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و ڕۆژی ئاڵای كوردستان دادەندرێت.
باگراوندی رۆژی ئاڵای كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ١٧-١٢-١٩٤٥ بەرامبەر ٢٦ی سەرماوەزی ٢٦٤٥ هەتاوی، لە مەراسمێكی بە شكۆو بە ئامادەبوونی پێشەوای قازی موحەمەد و شۆڕشگێڕانی پارچەكانی دیكەی كوردستان ئاڵای كوردستان بە رەسمی هەڵكرا، ئاڵاكە لە مەیدانی چوارچرا لەسەر شانی شەهید كەریم نازمی لە ناو ئاپۆڕای جەماوەردا بەرەو ئەو باڵەخانەی گوێزرایەوە كە بە خۆشیەوە ئێستاش ماوە و، لەسەر بانی باڵەخانەكە لە ناو دەربڕینی هەستی شادی هەزاران كەس و قرمەی تفەنگی سەدان بڕنەو ئاڵاکە هەڵكرا.