كارزان گلی – ههولێر
بوونی پرسی چارەسەریی كورد لە توركیا، دەم پارتی و ئاكەپەی لە یەكتری نزیك كردووەتەوە، نزیكبوونەوەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی باس لەوە بكرێت، لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، دەم پارتی بچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆماریی، كە لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە دروست بووە و زۆرینەی پەرلەمانی توركیان.
لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی توركیا، دەم پارتی زیاتر لە ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە نزیك بوو، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەنگیان بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیادا، كە كەمال كلیچدارئۆغڵو بوو، بەڵام هاوكێشەی سیاسی گۆڕاوە و دەم پارتی پشتی لە جەهەپە كردوە.
هەر لەوكاتەی هەدەپە دروست بوو، دژایەتییەكی سەرسەختی ئاكەپەیان كردووە، تا هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی پەرلەمان و ٢٠٢٤ی شارەوانییەكان، بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئاكەپەیان كردووە و هەموو هەوڵێكی دەم پارتی بۆ لاوازكردنی ئاكەپە بووە، بەڵام بوونی پرسی چارەسەری و كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی و چوونیان بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان، هاوكێشەكەی گۆڕیوە.
بەگوێرەی ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، ئۆجەلان بە شاندی ئیمیڕاڵی گوتوە، پێویستە لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، پشتگیریی لە رجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بكەن، تەنانەت رەخنەی لە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە گرتووە و گوتویەتی، هەڵەی كرد دژایەتی ئەردۆغانی كردووە و گوتویەتی ناتكەین بە سەرۆك.
دەم پارتی و ئاكەپە، نەرمییەكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، دووجار شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی ئەردۆغانیان كردووە و كۆبوونەوەیان لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد كردووە، لە بەشێكی زۆری پرسەكانیش بەیەكەوە هەنگاو دەنێن، بۆیە ئەو دەنگۆیە بڵاوبووەتەوە، دەم پارتی دەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە.
شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، دەم پارتی بەشێوەیەكی راستەوخۆ ناچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیدا، دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن، وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی پێشووتر دەنگیان بە كلیچدارئۆغڵودا. تاوەكوو ئێستا روون نییە، دەم پارتی بەبێ مەرج دەنگ بە ئەردۆغان دەدات، یان لە هەمواكردنەوەی دەستووردا داواكارییەكانی جێبەجێ دەكرێت.
ئاكەپە و مەهەپە، بەنیازن دەستووری توركیا هەموار بكەنەوە تا ئەردۆغان بۆی هەبێت دوو خوولی تر ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەڵام دەنگەكانیان لەناو پەرلەمان بەشی ئەوە ناكات بتوانن دەستوور بخەنە ریفڕاندۆمەوە، بۆیە دەبێت دەم پارتی بەبەڵێ دەنگ بدات و بچێتە پاڵیان. دەم پارتیش بەڕوونی داوا دەكەن، لە دەستووردا مافی كورد دیاری بكرێت و كورد وەكوو نەتەوە بناسرێت و زمانەكەشی دانی پێدا بنرێت، ئەوكات دەنگ بۆ هەمواری دەستوور دەدەن.
ناكرێت لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد، دەست بخەنە ناو دەستی ئەردۆغان و لە هەڵبژاردنیش دژی بوەستنەوە، واتە بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری ئەنجامی هەبێت، دەبێت ئەردۆغان لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی بمێنێتەوە و پرسەكە بگەیەنێتە ئەنجام، بۆیە دەم پارتی، ناتوانێت لە هەڵبژاردندا دژی ئەردۆغان بوەستێتەوە، بەڵكوو دەبێت دەنگی پێ بدات، ئەمە بۆچوونی زۆرێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسییە لە توركیا.
بەڵام جەهەپە، هەموو هەوڵێك دەدات نێوانی دەم پارتی و ئاكەپە تێكبدات، چوونكە دەزانێت ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەم پارتی بچێتە پاڵ ئاكەپە، ناتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە، بۆیە خۆیان لە كورد نزیك كردووەتەوە، بەڵام هیچ بەرنامەیەكیشیان بۆ چارەسەریی پرسی كورد پێ نییە.

