رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ٨٠ هەزار تۆن ماسی هەیە و ٦٠%ی بە بەرهەمی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی پێگەیشتنی بەرھەمی نێوخۆیی نرخی ماسی دابەزیوە، ٦ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، بەرھەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان ٣١ ھەزار تۆن بووە، پێشتر کیلۆیەک ماسی بە زیاتر لە ٧ ھەزار دینار دەگەیشتە دەستی ھاووڵاتییان، ئێستا بۆ ٥ ھەزار دینار کەمتر دابەزیوە.

ساڵانە حکوومەتی ھەرێم بڕی جیاواز لە پەنجە ماسی دەخاتە دەریاچەکان و ھەوڵی پێشخستنی سامانی ماسی دەدات، بەڕای ماسیگران ئەو ھەوڵەی حکوومەت شتێکی زۆر باشە و لەگەڵ ئەوەی دەبێت چاودێری ڕاوچییەکان بکات، بۆ ئەوەی ماسی بچووک ڕاو نەکەن، ساڵانە بەمەبەستی زیادبوونی بەرھەمی ماسی و دانانی گەرا و زاوزێی ماسی لە ھەرێمی کوردستان ڕاوی ماسی بۆ ماوەی سێ مانگ قەدەغە دەکرێت لەو کاتەدا ھەر کەسێک ڕاوی ماسی بکات سزای ماددی دەدرێت و کەلوپەلەکانی ڕاویشی دەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆ ئەوەی سامانی ماسی ببووژێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ھەرێمی کوردستان ٤٢٧ پڕۆژەی مۆڵەتداری بەخێوکردنی ماسی ھەیە، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەت بە ١٥ پڕۆژەی تر داوە و دروست کراون، لەکاتی مۆڵەت پێدانیش بەو پڕۆژانە تەواوی مەرجەکان ڕەچاو دەکرێن، ھاوکات تەواوی ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی گۆشتی ماسی تەواوی پێداویستی ناوخۆی پڕ بکاتەوە، کە ئێستا ٦٠%ی پێویستی ناوخۆیی پڕ دەکەنەوە، بەرھەمی ئەو پڕۆژانە ساڵانە ٦ ھەزار تۆن دەبێت، بەرھەمەکانیان لەگەڵ ئەو خواستە زۆرە یەکناگرێتەوە کە لەسەر ماسی ھەیە، چونکە ساڵانە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ١٣ ھەزار تۆن گۆشتی ماسی دەخۆن، ھەوڵیش دەدرێت بەرھەمەمی ماسی بە جۆرێک زیاد بکرێت کە پێویستی ناوخۆیی بەتەواوەتی پڕ بکاتەوە، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام ھەوڵ دەدات ئەو ڕێژەیە بگەیەنینە ١٠٠%، بۆیە گومرکیان زیاتر خستووەتە سەر ماسی ھاوردە، لەبەر ئەوەی نرخی ماسی لە تورکیا و ئێران بە بەراورد لەگەڵ ماسی ناوخۆیی ھەرزانە، بۆ ئەوەی بەرھەمی نێوخۆ ساخ بێتەوە.
بەپێی ڕێنمایی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٣ بۆ پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی، وەزارەتی کشتوکاڵ مۆڵەت بە پڕۆژەی حەوزی خۆڵین نادات، چونکە سەرچاوەی ئاوەکەیان ئاوی ژێرزەوییە، ھەروەھا بەپێی ڕێنماییەکان دەبێت پڕۆژەکان ٥٠٠ مەتر لە شەقامی سەرەکی دوور بن، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ پڕۆژە بێ مۆڵەت لە ھەرێمی کوردستان دامەزراون.
بەرھەمھێنانی ماسی لە ھەرێمی کوردستان ساڵانە لە مانگی ئەیلوول بۆ کانوونی یەکەم دەگاتە لووتکە، ئەمەش وایکردووە لەم وەرزەدا نرخی کیلۆیەک ماسی لە ٧ ھەزارەوە دابەزێت بۆ ٥ ھەزار دینار، ھاوکات بەشێکی بەرھەمی ماسی ھەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.
نرخی ماسی لە ھەرێمی کوردستان تادێت زیاتر دادەبەزێت، زۆربەی پڕۆژەکان ئێستا ماسی دەخەنە بازاڕەوە، ھەندێک پڕۆژەی نوێ دروستبوون کە داھێنانیان لە بەرھەمھێنانی ماسی کردووە و بەوھۆیەوە بەرھەمی ماسی زیاد و زیاتر دەبێت، ئێستا لە ھەندێک شوێن نرخی کیلۆیەک ماسی بۆ کەمتر لە پێنج ھەزار دینار دابەزیووە، ئەمەش نرخێکە کە بە دڵی ماسیخۆرەکانە.
بە گوتەی پزیشکانی پسپۆر، گۆشتی ماسی یەکێکە لەو خواردنانەی سوودێکی زۆری بۆ تەندروستیی مرۆڤ ھەیە، ھەر تاکێک پێویستی بە ١٦ کیلۆ ماسی ھەیە لە ساڵێکدا.
گەورەترین پڕۆژەی بەرھەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دھۆک دروست کراوە، کە لە چەند بەشێک پێکدێت و لە قۆناغی یەکەمدا توانای بەرھەمھێنانی ٢٠٠ تۆن گۆشتی ماسی ھەیە و سەدان ھەلی کاریشی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەخساندووە. شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرھەمی ماسی، ڕاگەیاند: ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکان و تەواوکەری بەرھەمی کشتوکاڵییە لە ھەرێمی کوردستان، سەرمایەکەی ١٠ ملیۆن دۆلارە، ئێستا ٥٠٠ دەرفەتی کاری بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ھاووڵاتییان ڕەخساندووە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، زیاتر گوتی، ھیچ جۆرە پڕۆژەیەکی بەرھەمی ماسی لە تەواوی ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەو جۆرە سیستمە دروست نەکراوە، ئامانج لە دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە، پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێک بتوانرێت ھەناردەی دەرەوە بکرێت، کە لە قۆناخی یەکەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا ٢١ ملیۆن پەنجە ماسی و ھەزار و ٢٠٠ تۆن گۆشتی ماسی بەرھەم بھێنێت.
ڕووبەری پڕۆژەکە ٢٢٩ دۆنمە و پێکدێت لە ھەڵھێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەسی ماسی، پلانیش ھەیە کارگەیەکی بەرھەمھێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە ئایندەدا بەرھەمی ئەم پڕۆژەیە ھەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکرێت.
سەربەست فکری، خاوەنی پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بە ھەزاران خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر ماسییە، لەم چەند ساڵەی دوایی حکوومەتی ھەرێم گرنگی زۆری بە سامانی ماسی داوە، ئەوەش وای کردووە ھەم بژێوی ماسیگران، ھەمیش سامانی ماسی ببووژێتەوە.
نزار سیامەند، کە سەرقاڵی ڕاوکردنی ماسی بوو، بۆ ڕۆژنامەی ” ھەولێر” دەڵێت: ڕۆژانە لەگەڵ ھەڵاتنی خۆر تۆڕەکانم ھەڵدەگرم و ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەم بۆ ڕاوکردنی ماسی، تا ئێوارە ماسی ڕاو دەکەم و پاشان دەگەڕێمەوە، ڕۆژانە ئەوە کاری منە، ھەر ڕۆژێک بۆ ڕاوکردنی ماسی بێم نزیکەی ٢٥ کیلۆ ماسی ڕاو دەکەم، ئێوارانیش بە فرۆشیاران دەفرۆشم، فرۆشتنی ماسی لەسەر جۆرەکەی دەمێنێتەوە ماسی بچووک نرخەکەی ھەرزانە، ماسی گەورەش نرخەکەی گرانترە، ھەوڵدەدەین ماسی گەورە ڕاو بکەین، تا بڕێک زیاتر پارەمان دەستدەکەوێت.
وەزیر عومەر، ماسی فرۆشێکە، بۆ ڕۆژنامەی ” ھەولێر” ئاشکرای کرد: زیاتر لە ١٥ ساڵە کاری فرۆشتنی ماسی دەکەم، لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان لە ڕانیە بگرە تا دەگاتە مێرگەسۆر و قەندیل ماسی ھەموو ئەو شوێنانەم بۆ دێت، ماسی ھەندێک شوێن لەبەر تامەکەی گرانتر و باشتر دەفرۆشرێت، ئێستا ماسی ڕووبارەکانی سنووری مێرگەسۆر کڕیاری زیاترە لەچاو ھی ناوچەکانی دیکە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تامی ماسی ئەو ناوچەیە جیاوازترە، ھەروەھا بۆ ماوەیەکی زۆر تێکناچێت.
ئەو ماسی فرۆشە، گوتیشی: ڕۆژانە لەسەر عەرەبانەکەم نزیکەی ٣٠ کیلۆ ماسی دەفرۆشم، ھەر کیلۆی ٢٥٠ تا ٥٠٠ دیناری بۆم دەمێنێتەوە، بەوەش مانگانە ٤٠٠ ھەزار دینارم دەست دەکەوێت.