رۆژنامەی ھەولێر

بەهۆی سەرڕێژبوونیان بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە خەزنکردنی ئاو کرد

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ بەکاریگەری دوایین شەپۆلی باران و لافاو لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو، هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە ١٠٠ سەد ملیۆن م٣ داهاتی ئاو خەزن کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەنیا لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە (خەزن کراوە). لەو ڕێژەیەدا ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان 1.5مەتر (مەتر و نیوێک) و بەنداوی دوکان 70سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە بەنداو و پۆندە بچووکەکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان سەرجەمیان پڕبوون. هاوکات لە سنووری پارێزگای هەولێر یەک بەنداو سەرڕێژی کردووە و ئەوانی دیکەش بڕێکی باش ئاویان تێدا گلدراوەتەوە، لە سنووری دهۆکیش ئاستی ئاوی بەنداوەکان زیادیان کردووە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ ڕۆژانی داهاتووش بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت بڕی ئاوی هاتوو بۆ ناو بەنداوە گەورەکان زیاتر بەرز ببێتەوە.”