حەیات مەجید
ڕێکخراوی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان یەکێکە لە دێرینترین ڕێکخراوەکانی بواری ئافرەتان، کە بە شێوەیەکی دروست و بەبێ جیاوازیی بیروڕای سیاسی، خزمەتی گەورەی بە دۆزی ئافرەتان کردووە. ئەم ڕێکخراوە بەپێی قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکان، بەردەوام کاری کردووە تا ئافرەتان بتوانن پیادەی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەن و ببنە خاوەنی داهات و ئابووریی سەربەخۆ. چونکە تا ئافرەت لە مامەڵەکردن بە داهاتی خۆیەوە سەربەخۆ نەبێت، بە ئاسانی ناتوانێت خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و سەربەخۆ بێت؛ بۆیە کاتێک ئافرەت خاوەنی داهاتی خۆیەتی، سەربەخۆیانەتر مامەڵە دەکات و بەرەو گەشەکردنی خودی هەنگاو دەنێت، بیروڕای زیاتر دەخوێنرێتەوە و، کورد وتەنی، لە ئاست ڕووداوەکانی چواردەوریدا دەنگی دلێرتر دەبێت.
ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوە جدییەکانی یەکێتیی ئافرەتان بۆ بەهێزکردنی ئافرەتان لە هەموو ڕووەکانەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەم ڕێکخراوە ئامانجی چاندنی تۆوی یەکسانی، دادپەروەری و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ ئافرەتان. وەک ڕێکخراوێکی دایک، هەمیشە دایکێکی میهرەبان بووە لەگەڵ ئەندامەکانی و بە پەرۆشەوە کاری کردووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی. هەروەها بە چەندین ڕێگەی جیاواز هەوڵی داوە تا ئافرەتان بتوانن بەشداریی کارایان هەبێت لە گشت سێکتەرەکانی حوکمڕانیدا؛ هەر لە شێوەی دانوستان و ڕێگەی مەدەنییانەوە، هەتا دروستکردنی فشار بۆ سەر دەسەڵات لە ڕێگەی خۆپیشاندان و مانگرتن و چەندین جۆری تری داواکاری. هەموو ئەم هەوڵانە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی سەردەمیانە و چەسپاندنی باڵانسی جێندەری بووە. شێوازی کارکردنی ئەم ڕێکخراوە وای کردووە بە شکۆوە بمێنێتەوە و ببێتە مایەی شانازی بۆ ئەندام و لایەنگرانی.

