سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ کونسوڵی نوێی هەنگاریا لە هەولێر کۆبووەوە و تێیدا پرسەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران.
ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەم، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە گریگێی تیڤادار تاکاچ، کونسوڵی گشتیی نوێی هەنگاریای لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کونسوڵی گشتیی هەنگاریا خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە داوە کە شارەزاییەکی باشی لەسەر مێژوو، کولتوور و سیاسەتی ئێستا و ڕابردووی کورد هەیە، بەو پێیەی “نامەی ماستەرەکەی لەسەر کوردستان نووسیوە”.
کونسوڵی هەنگاریا وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ستایشی ڕۆڵ و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی کرد لەو هەوڵانەی داویەتی لەپێناو ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەکانی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی و هەروەها پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
پەیوەندییەکانی نێوان هەنگاریا و هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، کە تێیدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، دۆخی گشتیی ناوچەکە، گۆڕانکارییەکان، هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سوریا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

