هانا هادی
پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژیەکان خەریکە بەبێ جیاوازی تێکەڵاوی ژیانی هەموو تاکێکی کۆمەڵ دەبێت. زیرەکی دەستکرد بووە بە هاوەڵ و بانکی زانیاری و پرسگەی هەمووان.
تا ئێرە زۆر گرنگ و بەسوودە بەڵام کاتێک بابەتە پەیوەست دەبێت بەتەندروستی ، وەک گرنگترین سەرمایەی مرۆڤ، پێویستی بەهەڵوەستەی زیاترە.
تەندروستی بابەتێکی زۆر هەستیار و پڕ بایەخە، بواری تاقیکردنەوەی تێدانیە ئەگەر لەسەربنەمای زانستی سەلمێندراو نەبێت.
ئەگەر پرسیارەکەمان کورت بکەینەوە، ئایا دەکرێت دەربارەی تەندروستی و نەخۆشیمان لە چات جیپیتی و زیرەکی دەستکرد بپرسین ؟
بەڵێ دەتوانین بەڵام تەنها بۆ وەرگرتنی زانیاری و شارەزابوون.
ناکرێت بیکەیتە جێگرەوەی پزیشکی خۆت، لەبەرچی؟ ئایا پزیشک لە زیرەکی دەسکرد، زیرەکترە؟
نەخێر ، زیرەکتر نیە بەڵام بۆ تەندروستی و نەخۆشیەکەی تۆ لە chat gpt باشترە و سەلامەتترە.
بۆچی ؟ چونکە راستە زیرەکی دەستکرد بانکێکی یەکجار فراوانی زانیارییە، بەڵام چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو زانیاریانە دەوەستێتە سەر (تۆ) ی بەکارهێنەر کە چ پرسیارێکی ئاراستە دەکەیت و چی داوا لێدەکەیت.
هەروها چ جۆرە زانیاریەکی تایبەتی خۆتی پێدەدەی. هەر هەڵەیەک لەو دوو خاڵەدا هەبێت، وەڵامی دروست بەڵام (هەڵە بۆ حاڵەتی خۆت) وەردەگریتەوە.
جگە لەوەی زۆربەی زانیاریەکانی زیرەکی دەستکرد گشتین و حاڵەتەکی تۆ تایبەتە؛ دەکرێت ئەو زیرەکەی تۆ بەکاریدەهێنێت، زانیاری پێویستی تێدا تۆمارنەکرابێت یان نوێ نەکرابێتەوە.
سەرەرای هەموو ئەمانەش کە باسکران، لە پیشەی پزیشکیدا، کارامەییەکی گرنگ هەیە پێی دەلێن Clinical aproach skill کارامەیی نزیک بونەوەی نەخۆشی ، ئەوە تایبەتمەندیەکی پیشەیی مرۆیی یە هەرگیز لەژیری دەسکرد دروست ناکرێت، وەک چۆن ناتواندرێت هەست و هۆشی تێدا دروستبکرێت.
چونکە ئەوانە تایبەتمەندی جیاکەرەوەی مرۆیین، لەگەڵ هەموو پێشکەوتنەکانیشدا نەتواندراوە وە ناتواندرێت ئەو هەستە دروست بکرێت.
لەکۆتایی دا ، دەتوانیت سوود لە زیرەکی دەسکرد وەربگریت و زانیاری لێوەربگریت بەڵام هیچ کات نابێت بیکەیتە جێگرەوەی پزیشک بۆ بڕیاردان و دەستنیشان و چارەسەرکردن .

