رۆژنامەی ھەولێر

دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە مەترسی دروستبوونی لافاوی بە ڕێژەی ٨٠% کەمکردووەتەوە

ئەو شەپۆلە باران بارینەی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی سەر و ماڵی ھاووڵاتییان پارێزراو بێت پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەکاری تەواویان کردووە، دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە مەترسیی دروستبوونی لافاوی بە ڕێژەی ٨٠% کەمکردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، ئاسمان ھەوری باراناوی دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی زوو لە ناوچەکانی سنووری ڕۆژھەڵات کاریگەریی زیاتر دەبێت بەشێوەی تاوە باران، پاشان بۆ کاتەکانی نیوەرۆ کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری ناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و دەڤەری باڵەکایەتی و پارێزگای ھەولێر.

مەترسییەکانی لافاو ٨٠% کەمبووەتەوە
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەڕۆی ھەولێر، ئاشکرای کرد: دوای لافاوەکەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ و سەرەتای ٢٠٢٢، سەرۆکی حکوومەت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دۆخەکەی کردووە و بوودجەی پێویست دابینکراوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی لە ڕابردوودا بەھۆی دەستکاریکردنی ڕێڕەوە سروشتییەکانەوە دروست ببوون، بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر و سەرۆکایەتیی شارەوانی، ھەڵمەتێکی فراوانیان بۆ خاوێنکردنەوەی سەری مەنھۆڵەکان، جۆگە و ڕێڕەوەکانی ئاو ئەنجامداوە بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقامەکان، ھەموو ڕێڕەوە سروشتییەکان خاوێنکراونەتەوە و ئەو ڕێڕەوانەی کە بەستراونەتەوە بە ئاوەڕۆ سندووقییەکان و بۆڕییەکانەوە، سەرجەمیان بۆ وەرزی زستان ئامادەن، پەیامێکیش ئاراستەی دوکاندار و کاسبکاران دەکەین و پێیان دەڵێین، داپۆشینی ئاوەڕۆکان بە کارتۆن و فەڕش بۆ ئەوەی بۆن نەیەت، دەبێتە ھۆی ئەوەی لە کاتی بارانبارینی بەھێزدا ئاوەکە بچێتە ناو دوکانەکانی خۆیان و زیانیان پێ بگەیەنێت، ژووری ئۆپەراسیۆن بە سەرپەرشتیی پارێزگاری ھەولێر پێکھێنراوە و ژمارەی تیمی پێویست بەسەر ٦ شارەوانی و دەوروبەریدا دابەشکراون، بۆ ھەر تیمێک سەرپەرشتیارێک دانراوە بۆ ئەوەی لە کاتی بوونی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراودا بەدەم ھاووڵاتییانەوە بچن.

ئامادەکاریی تەواو بۆ مەترسییەکانی لافاو کراوە
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دھۆک، ئاشکرای کرد: لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا ھەڵمەتێکی فراوانیان بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنھۆڵەکان دەستپێکردووە تاوەکو ڕێگری لە کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو بکەن، لە کاتی دروستبوونی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، ھاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە ١١٥ بکەن و تیمەکانیان بەخێرایی بەدەم داواکارییەکەیانەوە دەچن.
ھەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ئەو شەپۆڵە باران بارینەی ڕووی لە ھەرێم کردووە بۆ ئەوەی ھیچ زەرەر و زیانێکی لێ نەکەوێتەوە، کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری فراوانمان ئەنجامدا، ئامانج لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ئاگادارکردنەوەی ھاووڵاتییان بوو بۆ ئەوەی ھاوکار بن لەگەڵ تیمەکانمان تاکو بێ کێشە لەم شەپۆڵە باران بارینە دەربچین، داواکاریمان لە ھاووڵاتییان ئەوەیە ھەوڵ بدرێت لە ڕۆژانی داھاتوو بەتایبەت ڕێگا دەرەکییەکان سەردانەکان کەمبکرێتەوە، چونکە ئەگەری زۆری ھەیە بەرد لە شاخەکان بکەونە سەر شەقامەکان، ئەو شوێنانەی پێشتر لافاوی تێدا ڕوویدایە زیاتر ناوچە گەشتیارییەکان بووە، زۆربەی زۆری ئەو کەپرانەی لەناو ڕووبارەکان کراون، بەیانی بۆ ئێوارە ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە، لە ھەر حاڵەتێک کە زانیتان ژیانتان دەکەوێتە مەترسی ئەو شوێنە چۆڵ بکەن، چونکە سەڵامەتی ھاووڵاتییان لەسەرووی ھەموو شتێکە، لە ھەمان کاتدا بۆ گەشتیاران بەتایبەت ئەوانەی شاخەوانین، دەچنە شوێنەکان ھەوڵبدرێت لەم چەند ڕۆژەی داھاتوو خۆیان بەدوور بگرن لە ناوچە شاخاوییەکان، لە ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو تیمەکانی ئێمە لە ئامادەباشی دان، بۆ ئەو مەبەستە ژووری عەمەلیات پێکھاتووە و ٢٤ کاتژمێر لە خەت دەبین و ھەموو یەکە ئیدارییەکانیش لە دەوام دەبن.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی مەلامستەفا بارزانی لە دیوانی قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر بە ئامادەبوونی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کۆبووینەوە، سەبارەت بە ئامادەکاری کردن بۆ ئەگەری ڕوودانی لافاو و زەرەر و زیانەکانی باران بارین و کارەساتی سروشتی بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییان، لەم کۆبوونەوەیەدا باس لەو ئامادەکاریانە کرا کە پێشتر بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری ڕوودانی لافاو و زیادبوونی ئاوی جۆگە و ڕووبارە وەرزێکان ئەنجام درابوو، ھەروەھا ئەو کارانەی کە پێویستە ئەنجام بدرێن بڕیاریان لەسەردراو سەرجەم تیمەکان ڕاسپێردراون کە لە ئامادەباشی تەواو دابن و لە ھەموو ناحیەکان لێژنەی تایبەت پێکھێنراون بۆ چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆخەکە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەین ئەوانەی کە ماڵیان لە نزیک ڕووبار و چەمەکان و ڕێرەوە ئاویەکانە ئاگاداربن بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە پێشتر بەر لافاو کەوتبوون خۆیان بپارێزن، ھەروەھا داواکارین ھاووڵاتییان بۆ گەشت و سەیران نەچنە شوێنە گەشتیاریەکان و ڕێگا شاخاویەکان بەکارنەھێنن، لە ئەگەری ھەبوونی ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و چەمەکان و ھەبوونی مەترسی پەیوەندی بکەن بە لایەنی پەیوەندیدار لە بەرێوەبەرایەتی ناحیەکان و تیمەکان ئاگاداربکەنەوە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ئامادە باشیدان
ڕەوەند ھاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”دەڵێت: سەرجەم تیمەکانیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی دیکەی پەیوەندیدار بەتەواوی لە ئامادەباشیدان و بۆ ماوەی ھەفتەیەک ئێشگریی بەردەوامیان دەبێت بۆ بەدەمەوەچوونی ھاووڵاتییان لەکاتی باران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، داواش لە ھاووڵاتییانی سۆران دەکەین بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنەدەرەوە، بەھیچ شێوەیەکیش نزیکی چەم و ڕووبارەکان نەبنەوە، ھەروەھا منداڵەکان تەنیا بۆ قوتابخانە نەبێت نەیێنە دەرەوە و داوا لە دایک و باوکانیش دەکەین ئاگاداری منداڵەکانیان بن، لە ھەر بنکەیەک تیمێکی ئامادەباش ئامادەکراوە، بە تەواوی کەلوپەلەوە، ھەروەھا پێشتر ڕاھێنانی تایبەتیان وەرگرتووە.