رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری دەرەوەی توركیا: بێئومێد بووینە لەوەی هەسەدە بچیتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا

كارزان گلی – هەولێر

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، دەڵێت بێئومێد بووینە لەوەی هەسەدە بچیتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، ئەوان دەیانەوێت بەرەیەكی شەڕ دژی توركیا بكەنەوە. ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاوی كردووەتەوە، توركیا تا سەری ساڵ مۆڵەتی داوەتە هەسەدە، ئەگەر نەچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سوریا، هێرشی دەكەنە سەر. بەڵام بەرپرسانی هەسەدە، گەشبینن بەوەی لەماوەیەكی نزیكدا مەزڵووم عەبدی و رەجەب تەییب ئەردۆغان، كۆدەبنەوە و پرسی هەسەدە یەكلایی دەكەنەوە.

هەموو هەوڵێكی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە و هاوپەیمانیی ئاكەپە بۆ ئەوەبوو، ئەو شاندەی لە پەرلەمانەوە بۆ ئیمیڕاڵی نێردرا و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت، پرسی هەسەدە یەكلایی بكەنەوە و ئۆجەلان لە پەیامێكدا داوا بكات هەسەدە چەك دابنێت و بچنەوە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام ئەمە رووی نەدا.
گوڵستان كلیچ، ئەندامی دەم پارتی بۆ چوونە لای ئۆجەلان، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی (T24)ی توركی، باسی لەوە كرد، ئۆجەلان بە هیچ شێوەیەك نەیگوت هەسەدە چەك دابنێت، بەپێچەوانەوە ئەو داوای كرد، هەسەدە ببنە دوو بەش، بەشێكیان بچنەوە سەر وەزارەتی بەرگری و بەشەكەی تریش، ئاساییشی ناوەخۆیی رۆژئاوای كوردستان لەڕووی ئاساییشەوە بەڕێوە ببەن، واتە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەبرێت.
باسی لەوەش كردووە، ئەگەر ئەحمەد شەرع، روو لە دیموكراتی نەكات، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی تیرۆرستی و دەبێتەوە بەتیرۆرست.
ئەم گوتانەی گوڵستانیش لە كاتێكدا بوو، لەناو پەرلەمانی توركیا بەشێك لە بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی هەسەدە بڵاوكرایەوە و ئاماژەیاندا ئۆجەلان داوای كردووە هەسەدە بچێتەوە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، بەڵام هەرزوو ئەمە رەتكرایەوە.
مەزڵووم عەبدی، بڕیاری كۆتایی داوا لەبارەی ئاییندەی هەسەدە و دەڵێت ئێمە ناچینە سەر وەزارەتی بەرگری بەو مەرجانەی سووریا و توركیا هەیانە، بەڵكوو تەنیا لەڕووی میلاكەوە سەر بەوان بین و رۆژئاوا بۆ خۆمان بەرگری لێبكەین، ئەمەش توركیا و سووریای نیگەران كردووە و دوای ئەوەی لە ئۆجەلانیش بێئومێد بوون، زمانی هەڕەشە و هێرش بۆ سەریان دەستپێكردووە.
وەكوو ئەوەی چەند نووسەرێكی باكووری كوردستان باسی دەكەن، ئەگەر بێت و ئەحمەد شەرع بڕیار بدات هێرش بكاتە سەر هەسەدە، دووچاری زیانێكی گەورە دەبێتەوە، چونكە ئەوكات هەسەدە بەو هێز و چەكانەی هەیەتی بەرەو شام پێشڕەوی دەكات و شەڕێكی سەخت و گەورە بەرپا دەبێت و هەموو ریسكەی شەرع بۆ بوونیادنانەوەی سووریا دەبێتەوە بە خوری.

ئیسرائیل دەیەوێت توركیا پەلكێشی شەڕێكی سەخت بكات
بۆچوونێك هەیە، ئیسرائیل بیەوێت توركیا دووچاری هەڵەیەكی گەورە بكاتەوە لە سووریا، ئەویش هێرش كردنە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بۆ لەناوبردنی هەسەدە، بەڵام ئەگەر ئەوە روو بدات، ئیسرائیل، بەبەهانەی پشتگیری لە دوورزییەكان، پاڵپشتی لە هەسەدە دەكات و رووی شەڕ بەرەو شام ئاڕاستە دەكەن، بەمەش لە ماوەیەكی دیاریكراودا شام دەكەوێتە دەستی هەسەدە، چوونكە توركیا ناتوانێت لەو شوێنەی ئیسرائیلی لێیە شەڕ بكات، ئەمەش كاریگەریی لەسەر كەوتنی شام دەبێت. ئیسرائیلیش بۆیە ئەو هەنگاوە دەنێت، چوونكە بەهیچ شێوەیەك نایەوێت سووریایەكی بەهێز دروست ببێت، توركیا وەكوو ماشە بەكاریبهێنێت و ئەمە بە مەترسی بۆ سەر ئاساییشی ناوەخۆی وڵاتەكەی دەزانێت، بۆیە دژی دەوەستێتەوە.
هێرشكردن بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئەنجامی كارەساتبار و خراپی لێدەكەوێتەوە بۆ ئەورووپاش، چوونكە شەڕێكی خوێناوی لە شارەكان بەرپا دەبێت و بە ملیۆنان خەڵك ئاوارە دەبنەوە و روو لە توركیا دەكەن و توركیاش دەرگایان بۆ دەكاتەوە تا بچنە ئەورووپا، بۆیە ئەورووپاش رێگە نادات هێرش بكرێتە سەر رۆژئاوای كوردستان و دەیانەوێت لایەنەكان بگەنە رێككەوتنێكی ستراتیژی.

پرسی چارەسەری كورد لە توركیا دەكەوێتە مەترسییەوە
ناكرێت باس لە پرسی چارەسەری كورد بكرێت لە توركیا، كەچی لە رۆژئاوای كوردستان هێرش بكرێتە سەر كورد و هیچ مافێكیان نەدەنێ، بۆیە پرسی چارەسەری كورد لە توركیا، گرێدراوە بە پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، واتە سەرگرتنی پرسی چارەسەری لە توركیا، بەسەرخستنی پرسی كورد لە رۆژئاوا دەبێت.
دەم پارتییەكان و ئەوانەی شارەزای سیاسەتن، چەندین جار ئەمەیان بە حكوومەتی توركیا راگەیاندووە و باس كردووە، دەبێت توركیا هەموو هەوڵێك بدات، بابەتی هەسەدە چارەسەر بكات، نەك بە نەمان و نەهێشتنی هەسەدە، بەڵكوو دەبێت رێگەچارەیەك بدۆزەنەوە، هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری، بەڵام بەناوێكی تر، رۆژئاوای كوردستان بپارێزێت.
زۆرجار نموونەی هەرێمی كوردستان دەهێننەوە، بەوەی هەرێمی كوردستان دانپێدانراوە و بەهیچ شێوەیەك نەبووەتە مەترسی بۆ سەر توركیا، بەپێچەوانەوە لەڕووی ئابووریی و دیبلۆماسییەوە سوودی زۆری بۆ توركیا هەبووە، دەكرێت رۆژئاواش بەهەمان چاو سەیر بكەن، نەك بەچاوێكی ترسناك و مەترسی بۆ سەر خاكی توركیا.
هەموو ئەو هەوڵەی باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆجەلان بۆ پرسی چارەسەری كورد داویانە، بەیەك هەنگاو لەناو دەچێت، ئەویش هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستانە، هەرسێ سەركردەش ئەمە زۆر باش دەزانن، بۆیە ئەگەر نییەتێكی باش هەبێت بۆ پرسی چارەسەری كورد، دەبێت پرسی رۆژئاواش چارەسەر بكەن و مافی كورد لە دەستووری سووریادا جێگیر بكەن، ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێن، هەموو ماسكەكان دەكەون لەبارەی پرسی چارەسەری كورد لە توركیا و دیسان لە بری بیستنی وشەی ئاشتی، دەنگی گوللە و تۆپ و تەیارە دەبیستین.