شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “نازێ عەزیزی” ساڵانێکی زۆره گۆرانی بۆ عەشق و ئەوین دەچڕێ.
ئەو دەنگێکە لە نەغمە شیرینەکانی مەهاباد و سنە و سەقز و بانە، لێ ماوەیەکە بەهۆی نەبوونی سپۆنسەر بۆ بەرهەمەکانی بێدەنگی لە هونەری گۆرانی گوتن هەڵبژاردبوو.
“نازێ عەزیزی” ئەمجارەیان بە بەرهەمێکی نوێ و ناونیشانێکی سەرنج ڕاکێش بۆ گۆرانییە نوێیەکەی کە ناوی ناوە “لێرە ناڕۆم” لەگەڵ هەوادارانی ئاشت دەبێتەوە، کە دەمێکە لە چاوەڕوانی بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندەن.
گۆرانی “لێرە ناڕۆم” تێکستی ئەڤشین شوکری و ئاوازی “کەیوان پەرموز”ـە و بە کامێرای دەرهێنەر “ئاریان خۆشناو” و بیرۆکەی ئەو دەرهێنەرەی باشووری کوردستان کلیپ کراوە.
ئێستاش ئەو بەرهەمە بەشێوەیەکی فراوان لە پلاتفۆرمەکانی یوتیوب و تیکتۆک و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و لەسەر ئەرکی کوردماکس بەرهەم هێنراوە و بڵاوکراوەتەوە.
“نازێ” لە ماوەی تەمەنی هونەری خۆیدا خاوەنی چەندین گۆرانی تایبەتی وەک “بلوێری شوان” و “چاوەڕوانی” و چەند گۆرانییەکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند عەزیز وەیسی و نایشارێتەوەش بەرهەمەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو “عەلی مەردان” بووەتە قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی ئەلف و بێ گۆرانی و ئاوازی هونەری لە ژیاندا و ڕاشکاوانەش لە بارەی ئاشکرا کردنی تەمەنی خۆیدا دەڵێت: تەمەن ژمارەیەکە و تا یەک وشەش لە زارم دەرچێت گۆرانی دەڵێم و واز ناهێنم، هەر کاتێکیش لە هونەر دوورکەوتمەوە کەواتە پیربووم وهیچم لە هەگبەدا نەماوە، کە گۆرانیش دەڵێم، بەڵام دەبمەوە و وەک خوونچە گوڵێک بە ڕووی خۆردا دەگەشێمەوە.

