تیمە میکانیکییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە گەرمیان، کۆتاییان هێنا بە پرۆسەی پاکسازی لە کێڵگەیەکی مینڕێژکراوی سنووری ناحیەی قۆرەتوو، کە پێشتر وەک پێگەی تۆپخانەی رژێمی بەعس بەکارهێنراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/گەرمیان، تیمی میکانیک قۆناغی کۆتایی پاکسازییان لە کێڵگەی دێ کۆن – D) لە گوندی سەنگەری سەروو تەواو کرد.
لەو ناوچەیەدا، کە پێشتر تیمەکانی (GD3) و (EOD) کاریان تێدا کردووە، ڕووبەری 32 هەزار مەتر دووجا زەوی لە مەترسی مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی شوێنەکە پێگەی کەتیبەی تۆپهاوێژ بووە و خوێندنەوەکان دەریانخستووە تەقەمەنییەکان لە قوڵایی زیاتر لە (1.5) مەتر شاردراونەتەوە، بڕیاردراوە بە ئامێری حەفارە پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.
تەنها لە کارەکانی یەک ڕۆژدا، نزیکەی (39) گولـلە تۆپی جۆری (130 ملم) و (150 ملم) لە قوڵایی زەوییەکەدا دەرھێنراون، کە بە کۆی گشتی نزیکەی (70) پارچە تەقەمەنی لەو کێڵگەیەدا دۆزراونەتەوە و پوچەڵ کراونەتەوە.
زەوی ئەم ناوچەیە کشتوکاڵییە و بڕیارە دوای ڕادەستکردنەوەی بە خاوەنەکەی، پرۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەر و کشتوکاڵی تێدا ئەنجام بدرێت.

