رۆژنامەی ھەولێر

بەستنى شـــــــان

مستەفا مەحەمەد مستەفا

 

بەستنى شان یەکێکە لەو نەخۆشیانەى تووشى مرۆڤ دەبێت و، هەتا ئێستا هۆکارەکەى نەزانراوە، بەڵام ئەم حاڵەتە لە سەرەتا بە کەمبوونەوەى جووڵەى جومگەى شان و ئازارێکى زۆر لە یەکێک لە جومگەکانى شان دەست پێدەکات، بەرەبەرە ئازارەکە زیاد دەکات تاکو واى لێ دێت جومگەى شان جووڵەى کەم دەبێت لە ئەنجامدا بەتەواوى دەبەسترێت، بەهۆى ئەستوور و ڕەقداگەڕانى کەپسولى جومگەی شان.

هەموو کەس ئەگەرى تووشبوونى هەیە، ئەو کەسانەى تووشى بەستنى جومگەى شان دەبن زیاترلە تەمەنى 40 – 60 ساڵاندان، ژنان زیاترلە پیاوان ئەگەرى تووشبوونیان هەیە، بەڵام ئەم نەخۆشییە تێبینى کراوە زیاتر ئەو کەسانەى کە تووش دەبن نەخۆشینى درێژخایەنیان هەیە وەکو نەخۆشى شەکرە، هەروەها ئەوکەسانە ئەگەرى زیاترى تووشبوونیان هەیە بەم نەخۆشییە وەکو نەخۆشى تەمبەڵکەوتنى ڕژێنى دەرەقێ و نەخۆشییەکانى دڵ و پارکینسۆن، لە دواى ماوەیەکى زۆر لە نەجووڵان، جومگەى شان بە تەواوى قوفڵ دەبێت، کەسى نەخۆش ناتوانێت بەئاسانى دەست هەڵبڕێ و بەرزی بکاتەوە؛ ئەگەر دەست ببات بۆ هەڵگرتنى کوپێک، کارەکەى لا زۆر ئەستەم دەبێت.
هەروەها ئەم نەخۆشییە ئەگەرى هەیە هەندێک جارهۆکارەکەى بگەڕێتەوە بۆ برینداری و هەوکردنى چوارینەى شان (Rotator cuff tear) یان لە ئەنجامى شکانى دەفەى شان یان لە دواى نەشتەرگەرى جومگەى شان ڕوو دەدات، کاتێک شان بۆ ماوەیەک نەجووڵا، لەبەر هەر هۆکارێک بێت لەم کاتەدا کەپسولى شان بە شێوەیەکى لەسەرخۆ دەست دەکات بە ڕەقبوون، لە دواى تێپەڕینى ماوەیەکى زۆر بۆ خۆى بەرەو خاوبوون و چاکبوونەوە دەچێت.

ئەم نەخۆشییە بە سێ قوناغدا تێدەپەرێت :-
قۆناغى یەکەم (قۆناغى ئازار)/ سەرەتاى نەخۆشییەکە بەمە دەناسرێت کە ئازارێکى زۆرى هەیە لە قولایى جومگەى شان بە شێوەیەکى لە سەرخۆ بەرەبەرە زیاد دەکات تاکو جووڵەى شان کەم دەکات؛ ئەم قۆناغە نزیکەی ٦ بۆ ٩ مانگ دەخایەنێت.
قۆناغى دووەم/ ئەو قۆناغە ناسراوە بە (قۆناغى بەستن و ڕەقبوونى جومگەى شان) لەم قۆناغەدا ئەگەرى هەیە ئازارەکە کەم بکات یان نەمێنێت بەڵام جومگەى شان رەق دەبێت و دەیبەستێت؛ ئەم قۆناغە نزیکەی ٤ بۆ ٦ مانگ دەخایەنێت.
قۆناغى سێیەم/ قۆناغى کۆتایى (چاکبوونەوە) ئەم قۆناغە هیوابەخشە وەکو ڕووناکى کۆتایى تۆنێلەک دەردەکەوێت چونکە دواى نزیکەی ٦ مانگ بۆ ٢ ساڵ، شانە تووشبووەکە بە شێوەیەکى لەسەرخۆ وردەوردە خاو دەبێتەوە پاشان دەست بە جووڵە دەکاتەوە، بە هەرسێ قۆناغەکە، نزیکەى (1 – 3) ساڵ دەخایەنێت.

ڕێگاى چارەسەرکردن :
1. کەمکردنەوەى ئازار :
• چارەسەرکردن بە دەرمان بە مەبەستى کەمکردنەوەى ئازار وەکو بەکارهێنانى دەرمانى ئازارشکین.
• بەکارهێنانى دەرزیی کۆرتیکۆستیرۆید لە جومگەى شان بەمەبەستى کەمکردنەوەى هەوکردن و ئازار.
• بەکارهێنانى دێمکەى ئاوى گەرم یاخود پارچە بەفر لەسەر جومگەى شان بە مەبەستى کەمکردنەوەى هەوکردن و ئازار.
2. نەجووڵاندنى جومگەى شان: هەر جووڵەیەکى جومگەى شان ببێتە مایەیى ئازار لەم کاتەدا نابێ بکرێت.
3. چارەسەرى سروشتى؛ وەرزشکردن بە جومگەى شان.
4. چارەسەرکردن بە رێگاى نەشتەرگەرى
• چارەسەرکردن بە نەشتەرگەرى بە رێگەى نازوور
• جووڵاندن و بادانى جومگەى شان لەژێر سڕکەرى گشتى