مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ئەنچیلۆتی بەشداریكردنی نێیمار لە مۆندیالی 2026 یەكلا دەكاتەوە
كارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی هەڵبژاردەی بەڕازیل، لەبارەی بەشداریكردنی نێیمار دا سیلڤاوە لە مۆندیالی 2026 بڕیاری دا.
رۆژنامەنووسی ناسراو فابریزیۆ ڕۆمانۆ، لێدوانێكی كارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیلی گواستەوە، كە ڕایگەیاند: دەزانم بایەخی زۆرتان بۆ پرسی نێیمار هەیە، بەڵام دەمەوێ ئەم بابەتە ڕوون بكەمەوە.
كارلۆ دەڵێ: ئێمە لە مانگی دیسێمبەرین و مۆندیال لە مانگی یۆنیۆدایە، ئەو كاتەی لە مانگی مایۆدا لیست ڕادەگەیەندرێ، نێیمار لە دۆخێكی باشدا دەبێ و شایانی ئەوەیە لە مۆندیالدا بێ، لێرەوە قسەكە كۆتایی دێت.
مۆندیالی 2026 لە مانگی حوەزیران لەسەر یاریگەی هەر سێ وڵاتی ئەمریكا و كەنەدا و مەكسیك بەڕێوە دەچێ.
بەڕازیل بە گرتنی خانەی 5ی پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئەمریكای باشوور گەیشتە مۆندیال و 28 خاڵی كۆ كردەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، نێیمار بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی بەڕازیل نەكراوە، ئەوەش بەهۆی پێكانە دووبارەبووەوەكانەوە، كە بووەتە هۆی داكشانی توانای جەستەیی بە شێوەیەكی بەرچاو.
بەڕازیل لە مۆندیالدا لە گرووپی سێیەم لەگەڵ هەریەك لە هەڵبژاردەكانی مەغریب، هایتی و سكۆتلەندا دەبێت.
لای خۆیەوە، ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیلی ڕۆناڵدۆ نازاریۆی دیاردە، رایگەیاند: پێشبینیی ئەوە دەكەم كە یاریی كۆتایی لە نێوان بەڕازیل و ئیسپانیادا بێت، بەڵام ئیسپانیا یارییەكی باشتر لە بەڕازیل دەكات.
ئایا ڕێنارد بۆ یارییەكەی سعوودیە و مەغریب ئامادە دەبێ؟
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن، هێرڤی ڕیناردی راهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیە، بۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانیی یارییەكەیان بەرانبەر مەغریب ئامادە نابێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە دوایاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی جامی عەرەب كە لە قەتەڕ بەڕێوە دەچێ، هەردوو هەڵبژاردەی سعوودیە و مەغریب پێك دەگەن.
بەڵام رۆژنامەی شەرقوڵئەوسەت باسی لەوە كردووە كە ڕینارد لە كۆنگرە مێدیاییەكەدا ئامادە نابێ، كە ئەمڕۆ یەكشەممە دەكرێ، ئەوەش بەهۆی گەشتی بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی تیروپشكی یارییەكانی مۆندیالی 2026، كە لە ناوەندی جۆن كێنێدی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا بەڕێوە چوو.
مێدیاكە روونی كردووەتەوە، كە ڕینارد لە یارییەكەیان بەرانبەر مەغریب لەسەر كورسیی بەڕێوەبەری هونەری ئامادە دەبێ، ئامادەنەبوونەكەی تەنیا بۆ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیە و لە شوێنی ئەو فرانسۆ رۆدیگێز ئامادە دەبێ.
هەروەها ڕینارد لە یاریی هەڵبژاردەكەی بەرانبەر دوورگەی قەمەر لە جامەكە ئامادە نەبوو، بەهۆی ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمی ئەنجامدانی تیروپشكی مۆندیال.
هەڵبژاردەی سعوودیە ڕایگەیاند، كە خۆیان بە یارییەكەیان بەرانبەر مەغریی بە باشی ئامادە كردووە.
یاریزانانی تیپە سەوزەكە، یەكەیەكی مەشقیی بۆ گەڕانەوەی توانای جەستەییان ئەنجام دا. بەڵام یاریدەدەری راهێنەر، پشوویەكی بە یاریزانان دا بۆ ئەوەی دواتر جارێكی تر كۆ ببنەوە.
هەڵبژاردەی سعوودیە، گەیشتە چارەكی كۆتایی جامی عەرەب، دوای ئەوەی دوو سەركەوتنی بەسەر عوممان و دوورگەكانی قەمەردا تۆمار كردبوو.
هێرڤی ڕینارد، راهێنەری فەرەنسیی هەڵبژاردەی سعوودیە، پێشتر باسی زەحمەتیی تیروپشكی مۆندیالی 2026ی كرد، كە ئێوارەی هەینی لە ناوەندی جۆن كێنیدی، لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا بەرێوە چوو.
لە تیروپشكەكەدا، هەلبژاردەی سعوودیە چووە گرووپی هەشتەمەوە، هاوشانی هەریەك لە هەڵبژاردەكانی ئیسپانیا، ئۆروگوای و كاپ ڤێردی.
لەو رووەوە ڕێنارد لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا، ڕایگەیاند: وەك هەمیشە، گرووپی هەڵبژاردەی سعوودیە ئەستەمە، پێش چوار ساڵیش گرووپەكەمان هەریەك لە ئەرژەنتین و مەكسیكی تێدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئیسپانیای یەكەمی ڕیزبەندیی فیفای تێدایە، ئەو باشترین تیپی جیهانە، هەروەها ئۆروگواییش تیپێكی یەكجار بەهێزە.
باسی لەوەش كرد: كاپ ڤێردییش هەڵبژاردەیەكی باشە و دەیەوێ لە مۆندیال دەركەوێ، لە كاتێكدا یەكەمین بەشدارییەتی” دەتوانێ ئاستێكی باش پێشكەش بكات، بەڵام ئەمە ئاستی جامی جیهانییە.
سعوودیە ئۆفەرێكی گەورە پێشكەشی یاریزانێكی ریاڵ مەدرید دەكات
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ناوی ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی باڵەكانی ریاڵ مەدرید، خرایە بەر باس وەكوو بەربژێرێكی سەرەكی بۆ چوونە خولی سعوودیە، بە تایبەت بۆ یانەكانی هیلال یان قادسیە، بەڵام ئێستە لە سعوودیەوە ئۆفەر بۆ یاریزانێكی دیكەی ریاڵ مەدرید چووە.
ئەمجارە ئۆفەرەكە بۆ یاریزانی مەغریبی یانەكە ئیبراهیم دیازە، سایتی ئۆكەی دیاریۆ باسی لەوە كردووە كە ئەو یاریزانە جێی گرنگییەكی گەورەیە بۆ چەند یانەیەكی سعوودیە.
باسی لەوەش كردووە ئەو ئۆفەرەی بۆ یاریزانە مەغریبییەكەوە چووە، بڕی 120 ملیۆن یۆرۆیە و بۆ چوار ساڵ، بەڵام ناوی ئەو یانەیە ئاشكرا نەكراوە كە ئۆفەرەكەی پێشكەش كردووە.
دیاز یاریكردنی لە یانەی ریاڵ مەدرید لە دەست دەدا، بەهۆی بەشداریكردنی لە یارییەكانی هەڵبژاردەی مەغریب لە پاڵەوانیەتیی جامی نەتەوەكانی ئەفریقا كە بڕیارە لەم مانگەدا بەڕێوە بچێ.
ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە مەغریبییە بەشداریی 11 یاریی خولی فەرەنسای لەم وەرزەدا كردووە و دوو گۆڵی دروست كردووە و هیچ گۆڵێكی نەكردووە، بە هۆی گشتی 305 خولەك بەشداریی كردووە و زۆربەی كاتی یاریزانی جێگرەوە بووە.
لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپاش، ئیبراهیم دیاز 5 یاریی كردووە و 149 خولەك یاریی كردووە، گۆڵێكی تۆمار كردووە.
یارییەكەی بەرشلۆنە و بێتس، بووە شەوی فێران تۆرێس
یانەی بەرشلۆنە، سەركەوتنێكی دراماتیكیی بەسەر یانەی ریاڵ بێتس بەدەست هێنا، لەو یارییەی ئێوارەی شەممە لە گەڕی 15ی لا لیگا لە یاریگەی لا كارتۆخای ئەندەلووسییەكان بەرێوە چوو.
یارییەكە بە ئەنجامی 5-3 گۆڵ كۆتایی هات، لەو یارییەدا فێران تۆرێس هاتریكی تۆمار كرد، روونی بەردغجی و لامین یامالیش هەریەكە و گۆڵێكیان تۆمار كرد، گۆڵەكانی بەرشلۆنە لە خولەكەكانی 11،13،31، 40 و 59ـدا بوو.
یانەی ریاڵ بێتیسیش دەستەوەستان نەبوون و سێ گۆڵیان تۆمار كرد، گۆڵی یەكەمی یارییەكە هی خۆیان بوو لە خولەكی 6ـدا تۆماریان كرد، گۆڵەكانی دیكەش لە خولەكەكانی 85 و 90ـدا بوون.
بەو پێیە بەرشلۆنە ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 40 خاڵ و ریاڵ بێتیسیش لە 24 خاڵدا وەستا و لە خانەی پێنجەمە.

