عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندان ئەیوب عەلی و گارە سازكار، بەرهەمێكی تایبەت بەبۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستانەوە بڵاودەكەنەوە و هونەرمەند ئەیوب عەلی دەڵێت، لە هەر شوێنێك پێویست بێت بە دەنگ و رەنگ خزمەتی كوردستان دەكات.
لەماوەی رابردوودا هەردوو هونەرمەند ئەیوب عەلی لە باشووری كوردستان و گارە سازكار لە باكووری كوردستان بەرهەمی (من كوردم)یان بڵاوكردەوە كە باسی لە كوردبوون و زمانی شیرینی كوردی دەكرد لەسەر ئاستی جیهان، ئەو بەرهەمەیان دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە.
هونەرمەند ئەیوب عەلی بە (هەولێر)ـی راگەیاند، دوای دەنگدانەوەی ئەو بەرهەمەی پێشوویان، پێیان باشبووە بەرهەمێكی دیكەی نەتەوەیی بڵاوبكەنەوە و ئەمجارەش لەسەر ئاڵای كوردستان و هەر بەناوی (ئاڵای كوردستان) بەرهەمێكی دیكەیان ئامادە كردووە كە لە هۆنراوە و ئاوازی خۆی و بەشی كرمانجیشی هونەرمەند گارە سازكار نووسیویەتی و بڕیارە رۆژی 17ی 12ی ئەمساڵ و لە رۆژی ئاڵای كوردستان ئەو بەرهەمەش بڵاوبكەنەوە.
ئەیوب عەلی ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بەلایەوە گرنگە خزمەتی زمان و ئاڵا و جلوبەرگ و ناسنامەی كورد بكات، بۆیە لە بەشێكی زۆری وڵاتانیش هەر بە جلی كوردییەوە گۆرانی دەڵێت تا بیسەلمێنێت كوردە و خەڵكی كوردستانە و وتی “لای من كورد گرنگە جا لە هەر پارچەیەكی كوردستان بێت، هەرچیش پێم بكرێت لە هەر شوێنێكی دنیا بێت بۆ خزمەتكردنی كوردستان بە دەنگ و رەنگ دەیكەم”.
جێی ئاماژەیە هونەرمەند ئەیوب عەلی زیاتر لە 30 ساڵە هاتۆتە بواری كوردییەوە و سەرەتا لە كوردستان و پاشان لە وڵاتانی دەرەوە سەرقاڵی كاری هونەرییە و خاوەنی چەندین ئەلبوم و گۆرانی تاکه و هەوادارێكی زۆریشی هه یه.

