رۆژنامەی ھەولێر

عەقید دڵشاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەی سۆران: ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە ئیدارەی سۆران لە کەمبوونەوەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕوو لە داکشانە. بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەی سنوورەکەش ھۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.

عەقید دڵشاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: وەکو بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەی سۆران، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانین، ئەرکی سەرەکی ئێمە ئاشناکردنی ئافرەتانە لەسەر تاوانەکان، ئاشناکردنە بە یاساکان، بەتایبەتی یاسای خراپ بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یاسای ماددەی ھۆشبەر و چۆنیەتی خۆپاراستن لەو تاوانانە، ھەتا ھێڵی گەرممان ھەیە بە ژمارە ٠٧٥٠٥٥٨٩٨٩٨، ئافرەتانی قوربانی خراپ بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بێ ترس و بێ شەرم پەیوەندی بەو ھێڵەوە بکەن، ئێمەش بەشێوەیەکی نھێنی کۆمەڵایەتی و یاسایی کێشەکان چارە دەکەین، بێ ئەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێتەوە و ببرێنە بەردەم دادگە و پۆلیس، ھەتا ناویان پارێزراو دەبێت، تەنیا دادوەری لێکۆڵینەوە بە ڕاپۆرت ئاگادار دەکەینەوە.
بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەی سۆران، دەشڵێ: ڕۆژانە سیمیناری جۆراوجۆر لە قۆناغەکانی خوێندن لە باخچەی ساوایان بگرە تا قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکان پێشکەش دەکەین، ساڵانی ڕابردوو کە ئێمە پەیوەندیمان دەکرد و سیمینارمان پێشکەش دەکرد ڕێژەی پەیوەندی کردن بە ھێڵی گەرم زۆر بوو، بەڵام ئێستا ڕێژەکە زۆر کەم بووەتەوە و مانگانە یەک تا دوو حاڵەت زیاترمان نییە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پۆلیسی کۆمەڵگەیی ئەرکی خۆی بە باشی جێبەجێ کردووە و ھاووڵاتییان، بەتایبەتی ئافرەتان ھۆشیار بوونەتەوە و شارەزا بوونە لە بەکارھێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەوەی توشی کێشە و کەسی خراپ نەبنەوە، ئەو سیمینار و کۆڕوکۆبوونەوانەی کە دەکرێن کاریگەریان ھەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ساڵانی پێشوو کە ئامارمان بۆ دەھات ڕێژەکە زۆر بوو، بەڵام ئێستا ڕێژەکە زۆر کەم بووەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئافرەتان ھۆشیار بوونەتەوە ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە.