سلێمان تاشان – ههولێر
پێشبینی دەکرێ بەر لەوەی مانگێک بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی عێراق تێپەڕێت کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ڕادەستی دادگای باڵای فیدراڵی بکات بۆ ئەوەی دواین مۆری پەسندکردن بەسەر ئەنجامەکە بدات و ڕێوشوێنە یاساییەکانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەت دەست پێ بکرێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە بڵاوی کردەوە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامی هەڵبژاردن بە مەبەستی پەسندکردنی کۆتایی ڕادەستی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەن.
عیماد جەمیل سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن گوتی ژمارەیەک سکاڵا و ناڕەزایەتی لە ئارادابووە کە بەشێکیان پێوەندیدار بوون بە پشکی دابەشکردنی کورسییەکان بەڵام بەگوێرەی پێڕەوی ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٥ دابەشکردنی تەواوی کورسییەکان ڕاست بوون و هیچ هەڵەیەک ڕووی نەداوە.
جێی باسە دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی دەرەنجامەکە پەسند دەکات هەموو ئەو دەرەنجامانەی کۆمسیۆنەکە ڕای گەیاندووە و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بۆ پەرلەمان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە ئەوا سەرکەوتنەکەیان پەسند دەکرێت و دەرگا بە ڕووی کەس و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان کار بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق بکەن.
لایەنە براوە سیاسییەکانی عێراق لای خۆیان دەستیان بە کۆبوونەوە و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە و ساغبوونەوەی لەسەر پاڵێوراوانی سێ سەرۆکایەتییەکە کردووە بەڵام تا ئەم ساتە بە هیچ دەرەنجامێک نەگەیشتوون.
یەکەم هەنگاو کە لە دوای پەسندکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن دەنرێت ئەوەیە پەرلەمانی نوێ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات و ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن و دەست بە ئەرکە سەرەکییەکانیان بکەن. دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران کە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین نوێنەری پەرلەمانە هەنگاو بەرەو ئەوە دەنرێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەوە دەسەڵاتەکانی تر دەستنیشان بکرێن.
پاشان سەرۆک کۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت کە پشکی کوردە و شانبەشانی ئەمە هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتیش دەگیرێنە بەر. فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات، پۆستێک کە بەگوێرەی عورف بۆ لایەنی شیعەیە و پێشتر دەبێت لایەنەکانی شیعە خۆیان فراکسیۆنی زۆرینەیان پێکهێنابێت کاندیدیان دەستنیشان کردبێت و دواتر لە هاوپەیمانێتییەکی گەورەتر ئەم جارە لە چوارچێوەی هەموو لایەنەکانی پەرلەمان ڕێژەی یاسایی لە دەنگدان و متمانەپێدان تەواو بکەن.
ناکۆکییەکان لە خولی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق زۆر و هەر ئەوەش وای کردووە ژمارەی پاڵێوراوەکانیش زۆر بن. لە نێو لایەنەکانی سوننە لانی کەم بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژە بە پێنج ناو دەکرێت و هێشتا ئەوان لەسەر کەسێک ساغ نەبوونەتەوە هەر چەندە لایەنە سوننەکان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنێکدا هاوپەیمانێتییان راگەیاندووە.
لایەنە شیعەکانیش ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەوڵدان لە سەر کورسیی سەرۆک وەزیران دابنیشن کەم نین و تا ئەم ساتە نەیانتوانیوە لەسەر یەک کاندید ساغ ببنەوە. دوێنێ هاوپەیمانی نەسر کە بەشێکە لە چوارچوەی هاوئاهەنگیی شیعە ڕای گەیاند لەوانەیە لەم هەفتەیەدا لە نێو ئەو کەسانەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پاڵێوراون لەسەر یەکێکیان ساغ ببنەوە.
سەلام زوبێدی گوتەبێژی هاوپەیمانەکە ئاماژەی داوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پابەندی کاتە یاساییەکانە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران و چاوەڕوانە دادگای باڵای فیدراڵی دەرەنجامەکان پەسند بکات بۆ ئەوەی ئەوانیش دەست بە ڕێوشوێنە یاساییەکان بکەن.
ئەو باسی لە تایبەتمەندییەکانی پاڵێوراوی سەرۆک وەزیران کردووە و گوتوویەتی کەسێکی بەتوانا بێت و جگە لەوەی لە ڕووسی سیاسی و ئابووری شارەزا بێت لە هەمان کاتدا نوێنەری ڕاستەقینەی عێراقییەکان بێت و ڕەچاوی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەییش کرابێت.
ساغبوونەوەی لەسەر کەسێک بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێناچێت ئەوەندە ئاسان بێت کە لە ماوەی هەفتەیەکدا یەکلایی ببێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی لەبەردەم عێراقن و ئەو چاوەڕوانییانەی خەڵکی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمەریکا لە حکوومەتی داهاتوویان هەیە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ ئاسان نابێت.
جگە لە شیعە و سوننە کە لەسەر هیچ کەسێکی دیاریکراو ساغ نەبوونەتەوە، لایەنە کوردییەکانیش کە پشکی سەرۆک کۆماریان بەردەکەوێت لە چاو سوننە و شیعە تەنانەت هەنگاوێک لە دواترن چونکە نە هیچ هاوپەیمانێتییەک دامەزراوە و نە هیچ کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پاڵێوراوە.

