ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
نەخۆشینی دڕکە و مێکوتە نەخۆشینێکی ڤایرۆسیە، واتە بەهۆی ڤایرۆسەوەیە، زۆربەی مناڵ تا دەگەنە تەمەنی دە ساڵان بە لای کەمەوە جارێک تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن.
د. سەمین قادر پسپۆری نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشە لەبارەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشینەوە دەڵێت: دوای دە رۆژ بۆ ٢١ رۆژ لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە دەردەکەوێ، زۆربەی زۆری تووشبووەکان نیشانەی ئەم نەخۆشیەیان دەبێ، بە دەگمەن هەیە نیشانەی نەبێت، نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە بریتیە لە:
١-تا
٢-ئازاری لەش
٣-دڵتێکهەڵهاتن
٤-هەنێ جار ئازاری سک
ئەم زیپکانە هەنێ جار ناو دەم و قوڕگ و ناولەشی منداڵەکە و پێڵووی چاویش دەگڕێتەوە. دەرکەوتنی زیپکەی تازە لەسەر پێستی منداڵەکە لەوانەیە تاکو حەوت ڕۆژ بەردەوام بێت.
دەرەنجامە خراپەکانی ئەم نەخۆشیە کە زۆر بە کەمی لە منداڵاندا ڕوو دەدات:
١-هەوکردنی ئەو زیپکانە بەهۆی بەکتریاوە
٢-هەوکردنی (سی، گورچیلە، میشک، جومگە، دڵ)
٣-تێکچوونی هاوسەنگیی لەشی مناڵەکە
چۆن ئەم نەخۆشیە دیاری دەکەین:
دیاریکردنی ئەم نەخۆشیە بەشیوەی پشكنین لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەبێت، کەم جار پێویستی بە پشكنینی تاقیگەیی هەیە.
د. سەمین قادر دەربارەی چارەسەرکرنی ئەم نەخۆشیە ئەم ڕێنماییانە دەخاتە ڕوو:
١-چارەسەری دژەڤایرۆسی زۆرجار پێویست ناکات بەکار بهێنرێت ئەگەر منداڵەکە هیچ نەخۆشیەکی تری لەگەڵدا نەبێ. ئەگەر بەکار هات پێویستە لە ٧٢ سەعاتی یەکەمی دەرکەوتنی زیپکەکاندا بەکار بهێنرێت.
٢-چارەسەری تا
٣- چارەسەری خوران
٤-هەنێ جار هەندی منداڵ زۆر بە قورسی دەیگرن لەوانەیە پێویست بە خەواندن لە نەخۆشخانە بکات.
خۆشبەختانە زۆربەی زۆری ئەو منداڵانەی تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن بەبێ کێشە چاک دەبنەوە و تێیدەپەڕێنن.
چۆن ڕێگری بکەین لەم نەخۆشیە:
١-جیاکردنەوەی ئەو منداڵانەی کە تووشن بە تایبەت لە قوتابخانەکان چونکە بە ئاسانی نەخۆشیەکە دەگوازرێتەوە لە مناڵیکەوە بۆ مناڵێکی تر.
٢- لە رێگەی کوتان.
٣-هەموو منداڵێکی تووشبوو، ئەم نەخۆشییە دەگوازێتەوە بۆ منداڵێکی تر لە ماوەی ٤٨ سەعات پێش دەرکەوتنی زیپکەکان تاوەکو هەموو زیپکەکان وشک دەبن، بۆیە باشترە ئەو منداڵانەی کە تووشن، تێکەڵ بە منداڵی تر نەکرێن لەو ماوەیەدا.

