رۆژنامەی ھەولێر

د. ڕێدار محەمەدئەمین: دەردە کوشندەکەی بەنگەمەنی، ئاگری بن کایە و خەریکە دێتە سەر کا

 

 

هەموو ئالوودەبوونێک بە چێژەوە دەست پێ دەکات و بە ئازارەوە کۆتایی دێت، ئێمە بەشێک نەبووین لەو چێژە فریودەرە، با بەشیک بین لە نەمانی ئازارەکانیان.

ئەو کەسانەی هۆکارە (مودمین و موعتاد) دەبن، کەسانێکی بێویژدان و بەدکار نین، بەڵکو ئەوانە قوربانی دەستی چەند بازرگانێکی چەپەڵی بێویژدانن، ئەو بێویژدان و چەپەڵانەی لە هەندێک باردا دەستیان لەگەڵ هەندێک کەسانی دەستڕۆێشتوو تێکەڵ کردووە، و بە هێواشی گەنجەکانمان تیرۆر دەکەن؛ هەمیشە گوتوومە مەترسی مادەی هۆشبەر لە مەترسیی داعش و هەر دژمنێک زیاترە کە بەرۆکی گرتووین، چونکە ئەوانە دێن سەنگەرت لێدەگرن، بەڵام مادەی هۆشبەر لەناوەوە، بە هێواشی وێرانمان دەکات. ئەمە گوتەی د. ڕێدار محەمەد ئەمین پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکانە، ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەشڵێت: لە میانەی ئەزموونی چەند ساڵێکم لەگەڵ کەسانی هۆکارە (ئاڵوودەبوو)، دوو جۆرە گروپی هۆکارە لە مێشکمدا وێنا بوون.
گروپی یەکەم/ ئەو خەڵکە هەژارە، کەم هۆشیارە و کەم زانیاریەن، کە دەبێت بەردەوام هەوڵ دەن قووتی ڕۆژانە بە کردنی کاری قورس (وەک کرێکاری) دابین بکەن، کەسانێک دێن و بە ناوی یارمەتیدان و پێدانی ماددەکە، دەیانخەنە داوی مادەی هۆشبەرەوە، کە سەرەتا ئەم مادەیە هێز و وزەی زۆیان دەداتێ، چونکە سەختیی ژیانیش وا دەخوازێت ئەم کارە قورسە بکەن، ئەوا بەردەوام مادەی هۆشبەر لە جۆری وزە بەخش بەکار دەهێنن، بۆیە بەردەوام بەکاری دەهێنن،ب ەڵام ئەوەی ڕوو دەدات: دوای ماوەیەک ئەم مادەیە ئەم هێز و وزەی ناداتێ، ئنجا یان دەبێت بەردەوام ڕێژەی زیاد بکات ئەمیش مەترسی لەسەر تەندروستی زیاد دەکات، یانیش بەو ڕێژە کەمە هیچی بۆ ناکات، ناشتوانێت وازی لێ بهێنێت، چونکە مادەکە دەستی لە خنخنۆکی ناوە و خەریکە لەناوی دەبات؛ وەک بڵێت (دەمخۆیت هەر وەی، نامخۆیت، هەر وەی!)، لەم قۆناغە ئەو کەسە داماوە هەست بە مەترسیەکان دەکات، بەڵام لە ترسی ئابڕوو (کە بێ بنەمایە، چونکە ئەوانە نەخۆشن و پێویستیان بە یارمەتیە) و لەترسی گیران لەلایەن هێزی ئاسایشەوە (کە یاساکە ئێستا گۆڕاوە،کەسی تووشبوو دەبێت چارەسەری وەربگرێت)، ئەوا لەگەڵ دەردەکەی دەتلێتەوە.
گروپی دووەم/ خەڵکێکی چینی مامناوەند و دەوڵەمەند، خەڵکانێکی تاڕادەیەک ڕۆشنبیر، خەڵکانێک لە هەندێک شوێنی خزمەتگوزاری هەستیار دەگرێتەوە، ئەوانەش وا فریو دراون کە بەکارهێنانی ئەم ماددانە لە خەم و ئازارە دەروونییەکەیان کەم دەکاتەوە! ئەوانەش وەک بەشێکی تا ڕادەیەک زۆر سەردانی پزیشکی دەروونییان پێ عەیبەیە؛ ئەم کەسانە ئەوکاتە بەیانی حاڵی خۆیان دەکەن، کە ئازارەکان زۆر لە لۆمە و قسەی خەڵکی زیاترن و چیتر بەرگەی ناگرن، ناچار دەیدرکێنن، هەرچەندە شاردنەوە و ماوەی هۆکارەیی زیاتر بێت، چارەسەریش قورسترە.
د. ڕێدار محەمەد ئەمین ئاماژە بەوەش دەكات وەک دەبینین لە هەردوو گروپەکەدا، بەشێک لە تاوانی تووشبوون کۆمەڵگەیە، ئەو کۆمەڵگەیەی هیچ سڵ ناکاتەوە بە شتی خراپ مەحکومت بکات.
ئەم دەردە کوشندەیە ئاگری بن کایە و، خەریکە دێتە سەر کا، ئەوەی تاکو ئێستا ڕێگر بووە، ئەو بەها ئەخلاقیەی کۆمەڵگا و پیرۆزیی خێزان بووە، ئەوانە نەمان ئاگرەکە تەڕ و وشک دەسووتێنێت.