رۆژنامەی ھەولێر

نەوت بەسەر قوتابخانە و بەشە ناوخۆییەکانی ئیدارەی سۆران دابەشکرا

دابەشکردنی نەوتی قوتابخانەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەند ڕۆژێکە دەستی پێکردووە و لە سنووری ھەندێک پەروەردە کۆتایی بە پرۆسەکە ھاتووە بەوەش تەواوی قوتابخانە و باخچەکان بەشەنەوتی خۆیان وەرگرتووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سنووری ھەر پەروەردەیەک بەپێی شوێنی جوگرافی و ساردی ناوچەکە بڕێک نەوتیان بۆ دیاریکراوە، چۆمان ساردترین شوێنە بۆ ھەر پۆلێک بری ١٨٠ لیتر نەوت پێدراوە، بەگوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان، لە ھیچ قوتابخانە و باخچەیەکی سنوورەکە گرفتی نەبوونی نەوت نییە.
لە سنووری پەروەردەی قەزای ناوەندی سۆران، چەند ڕۆژێکە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت دەستی پێکردووە سەرەتا قوتابخانەکانی سنووری قەزای سیدەکان نەوتیان بەسەردا دابەشکرا، بۆ ھەر پۆلێک بڕی ١٣٠ لیتر دیاریکراوە، لە ڕواندزیش نەوت بەسەر قوتابخانەکانی سنوورەکە دابەشکراوە.
مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: وەکو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمە دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ قوتابخانەکان، لە کاتی پێویست لیژنە پێکھێنراوە بۆ دابەشکردنی نەوت بەسەر قوتابخانەکانی خۆمان خۆشبەختانە وەزارەتی پەروەردە لە کاتی دیاریکراو و پێش ھاتنی سەرما و سۆلی زستان نەوتی داوەتە ئێمە، ئێمەش لەڕێگەی ئەو لیژنەی کە پێکمان ھێناوە بۆ تەواوی قوتابخانەکانی خۆمان ئەو بڕەی کە دیاریکراوە دابەشمان کردووە، ھەروەھا نەوتمان بەسەر بەشە ناوخۆییەکاندا دابەش کردووە، بەپێی شوێنی جوگرافیا کەمترین بڕ ١١٠ لیتر بووە و زۆرترینیش ١٦٠ لیتر بووە.