سلێمان تاشان – ههولێر
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕووداوێکی سەیر لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بوو بە سەردێڕی زۆربەی ڕۆژنامە و سایت و دەزگا میدیاییەکانی کوردستان و عێراق و جیهان و لە ڕۆیتەرزەوە بگرە تا دەگاتە بی بی سی و سی ئێن ئێن و زۆربەی ئاژانسە جیهانی و ناوخۆییەکان هەواڵەکەیان گواستەوە دوای ئەوەی بڕیارێکی حکوومی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو کرایەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا عێراق بە فەرمی زیاتر لە سەد گرووپ و کەسایەتی خستە لیستی تیرۆرەوە کە زۆربەیان هی دەرەوەی عێراق بوون و ئەوانەی لە هەمووان سەرنجڕاکێشتر بوون ناوی دوو ڕێکخراوی سیاسی بوو لە ژێر ناوی حزبوڵای لبنان و ئەنساروڵای حووسی کە بە بەشێکی سەرەکی بەرەی مقاوەمە هەژمار دەکرێن و زۆربەی گرووپ و حزبە شیعەکانی ناوخۆی عێراق هاوسۆزیان بۆی هەیە. دەرچوونی بڕیارێکی لەم شێوەیە لە لایەن حکوومەتی عێڕاق بە ئاڵنگارییەکی گەورە دادەنرا و هەر بۆیەش بووە جێی سەرنجی میدیاکان.
نووسراوەکە لە ژمارە ٤٨٤٨ی ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو کرایەوە کە دواین پێگەیە بۆ ڕاگەیاندنی یاسا و بڕیارەکان و تەنانەت ئەگەر یاساکان لە پەرلەمانیش دەربچن ئەوا تا لە ڕۆژنامەی وەقایع بڵاو نەکرێنەوە ئاوا قابلی جێبەجێکردن نین.
لە بڕیارەکەدا لیستی پاڵپشتیکارانی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە نوێ کرابووەوە و پشتی بە ڕاپۆرتی لیژنەی بلۆککردنی دارایی و پەیوەست بە نوێکردنەوەی ناوی کەسایەتی و گرووپەکانی پاڵپشتی تیرۆر و پارەدارکردنیان بەستبوو.
هێشتا بەشێک لە میدیاکان بە تەواوی هەواڵەکەیان دانەڕشتبوو و بڵاویان نەکردبووەوە کە دوابەدوای ئەودا بڕیارێکی تر هەر لە بەغداوە بڵاو کرایەوە کە پێچەوانەی ئەو بڕیارە بوو کە لە ڕۆژنامەکە چاپ کرابوو.
دوای یازدە خولەک لە هەواڵی یەکەم، لیژنەی سڕکردنی پارە و سامانی تیرۆریستان لە بانکی ناوەندی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە لیستەکە پێش ئەوەی وردبینی بۆ بکرێت و بە تەواوی پێداوچوونەوەی بۆ بکرێت بڵاو کراوەتەوە و بە هەڵە بەسەریاندا تێپەڕیوە.
لێژنەکە تەنانەت گوتی لیستە نوێیەکە لەسەر داواکاری مالیزیا و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بووە و عێراق تەنها ڕەزامەندی لەسەر بە تیرۆریست ناساندنی ئەو قەوارە و کەسایەتییانە داوە کە پێوەندیدارن بە داعش و قاعیدە.
رەنگە ئەمە یەکەم حاڵەت بیت کە شتێکی لەم شێوەیە لە ڕۆژنامەی وەقایع ڕوو بدات و دواتر ڕەت بکرێتەوە. ڕۆژنامەی وەقایع پێگە و متمانەی لە هەر جۆرە ڕۆژنامەیەکی تر زیاترە و ئەو شتانەی لە ڕۆژنامەکە بڵاو دەکرێنەوە بە پێچەوانەی ڕۆژنامەی ئاسایی وتاری نووسەران و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانان و شڕۆڤەی سیاسەتوانان و لێکۆڵەرەوان نییە بەڵکوو سیمای یاسایی و بڕیاریان هەیە و هەموو ئەو بڕیار و یاساییانەی لە ڕۆژنامەکەدا بڵاو دەکرێنەوە بە کۆمەڵێک فیلتەر و ڕێوشوێنی یاسایی و قەراردا تێپەڕیون.
بڕیارەکەی ڕۆژنامەی وەقایع لە ڕاستیدا دۆخی نالەباری سیاسی لە عێراق دەردەخات و ئاماژەیەکە بۆ ململانێیەکی قووڵی دەسەڵات لە عێراقی فیدراڵی و ناسەربەخۆیی لە دەرکردنی بڕیارەکان و ڕۆڵی کاریگەریی ئەوانەی لە پشتەوەی دامەزراوەکان بڕیاری سەرەکییان بەدەستەوەیە.
بەشێک لە شڕۆڤەکارانی ناوچەیی و جیهانی و میدیاکان ڕەتیان کردەوە ئەوەی لە عێراق ڕووی داوە تەنیا هەڵەیەکی تەکنیکی و ڕاستکردنەوەیەک بێت بەڵکوو بریتییە لە تاقیکردنەوە و پڕۆڤەکردنی سەربەخۆیی لە سیاسەت و بڕیاردان لای حکوومەتی عێراق، دەوڵەتێک کە نەیتوانی زیاتر لە یازدە خولەک خۆی ڕابگرێت.
بەشێک لە شرۆڤەکاران دەسەڵاتەکەیان گرێ دا بە هەژموونی بەهێزی گرووپە میلیشیاکان لە ناو دام و دەزگاکانی عێراق و دەستپێکردنی شەڕێک کە هەر زوو بە خۆبەدەستەوەدانی لایەنی بەرامبەر یەکلایی بوویەوە.
عێراقی فیدراڵی کە کەمتر لە مانگێکە هەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە لە بەردەم بڕیار و چارەنووسێکی نوێی مێژووییدایە کە جیاواز دەبێت لە دوو دەیە دەسەڵاتداری. بڕیاردانێک کە لە نێوان سەربەخۆیی و پاشکۆیەتی، بەرژەوەندیی عێراقییەکان و بەرژەوەندیی ئەوانی دیکە دەبێت یەکێک هەڵبژێرێت.
بڕیارێکی چارەنووسساز کە لە نێوان تیرۆر و ئاوەدانی، ژیان و ماڵوێرانی، گەشە و پاشەکشەی ئابووری، پێوەندیی تەندروست لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کەوتنە پەراوێزی سیاسی و ئابووری، بەرژەوەندی و نەهامەتی، بەرزبوونەی بەهای دراوی فەرمی و دابەزینی بەهاکەی یەکێک هەڵبژێرێت.

