رۆژنامەی ھەولێر

بۆ یەكەمجارە ئاكەپە پڕۆژەیاسایەك بۆ چارەنووسی چەكدارانی پەكەكە دەداتە پەرلەمان

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە چاوەڕوانی كەسدا نەبوو، ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا پڕۆژەیاسایەك لەبارەی چارەنووسی چەكدارانی پەكەكە پێشكەش بكات و داوا بكات دەنگی لەسەر بدرێت. لە پڕۆژەیاسایەكەدا داوا كراوە لێخۆشبوون بۆ چەكدارەكان دەربكرێت.

بەگوێرەی هەواڵی میدیاكانی توركیا، سەرەتا ئاكەپە خۆی لەو بابەتە دەدزییەوە و پێی باش نەبووە لەبارەی چارەنووسی چەكدارەكان هیچ پڕۆژەیەك پێشكەش بكات، بەڵام ئەمجارەیان بە پڕۆژەیەكی فراوان، باسی لە چارەنووسی چەكدارانی پەكەكە كردووه دوای چەكدانان.

چارەنووسی چەكدارانی پەكەكە چی لێدێت؟
ماوەیەكی زۆرە كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی) لەناو پەرلەمانی توركیا، چەندین كۆبوونەوەی ئەنجامداوە تا بتوانن رێگەچارەك بۆ چارەسەری پرسی كورد و ئاییندەی چەكدارانی پەكەكە بدۆزنەوە و لەوڕووەوە كاری زۆر كراوە، بەڵام ئاكەپە بەڕوونی و لەرێگەی پڕۆژەیاسایەكەوە چارەنووسی چەكدارانی پەكەكەی دیاری كردووە.
لە پڕۆژەیاسایەكەی ئاكەپەدا هاتووە، پەكەكە چەكی داناوە و ئیدی شتێك نییە بەناوی پەكەكەوە، بەڵام بەگوێرەی یاسا، ئەوەی ئەندامی رێكخراوی پەكەكە بێت تاوانە و سزا وەردەگرێت، بۆیە ئەوانەی پاڵپشتییان لە پەكەكە كردووە، نابێت هیچ سزایەك بدرێن.
هەر لە پڕۆژەیاسایەكەدا هاتووە، پێویستە لەسەر حكوومەت بۆ ماوەی پێنج ساڵ چاودێری وردی چەكدارەكانی پەكەكە بكات و بزانن هیچ كارێكی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، واتە دوای چەكدانان سزا نادرێن، بەڵام دەبێت لەژێر چاودێری وردی دەزگای ئاساییشدا بن.
لەبارەی ئەو تەقینەوە و ئەو چالاكییانەی پەكەكە ئەنجامی داوە، ئاخۆ ئەوانەی دەستیان هەبووە لەو چالاكییانە كە چەندین سەربازی توركیایان كوشتوە لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە؟ بەگوێرەی پڕۆژەیاسایەكەی ئاكەپە، دەبێت سزای ئەوانیش كەم بكرێتەوە، بەجۆرێك بۆ ئەوەی ویژدانیان بریندار نەبێت، دەبێت سزاكەیان زۆر كەم بكرێتەوە.
ئاكەپە، لە بەشێكی تری ئەو پڕۆژەیەدا داوا دەكات، بەهەموو جۆرێك پێویستە سیاسەتی قەیووم كۆتایی پێبێت و نەمێنێت، كە مەبەستیان ئەو شارەوانیانەیە لە هەڵبژادنەكاندا دەم پارتی بردویەتییەوە و پاشان قەیوم كراوە، بەڵام میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، ئەو بڕگەیەی ئاكەپە زۆر ناڕوونە، چوونكە لە ماوەی یەك ساڵدا ١٣ شارەوانیی قەیوم كراوە، لەناویاندا شارەوانیی ئیستانبۆڵیشی تێدایە كە سەر بە جەهەپەیە، ئایە پڕۆژەكە بۆ ئەوانیشە یان تەنیا ئەو شارەوانییانەی كورد دەیباتەوە؟ لەوێدا بەرچاوڕوونی نەدراوە.
ئەم پڕۆژەیەی ئاكەپە، دراوەتە پەرلەمانی توركیا بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەن، بەڵام پارتەكانی تری توركیاش پڕۆژەی خۆیان ئامادە كردووە و ئەوانیش چەندین پێشنیار و داواكارییان نووسیوە و لەسەر هەموو پڕۆژەكان گفتوگۆی چڕ دەكرێت و پاشان بڕیار لەبارەی پرۆژەیاسایەك دەدەن، كە تایبەتە بە چارەنووسی چەكدارانی پەكەكە.
تاوەكوو ئێستا، جگە لە دەم پارتی، هیچ پارتێكی سیاسی لە توركیا باس لەوە ناكەن، لە دەستووری تازەی توركیادا دان بە زمانی كورد و نەتەوەی كوردا دەنێین، لە كاتێكدا یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی دەم پارتی و قەندیل، داننانە بە نەتەوەی كورد لە دەستووردا، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە خۆیان لەو بابەتە دەدزنەوە.
نوعمان كورتوڵمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ئاماژەی دا، هیچ پڕۆژەیەك نییە تا زمانی كورد و نەتەوەی كورد لە دەستووردا بناسێنین و لەوبارەیەوە هیچ گفتوگۆیەك ناكەین.