نزیک لە شیعر

سدیق عەلی

شتێک لەولای شیعرەوە
کەسێک هەیه شەپۆلی قسە نایگاتێ
لێزمەی وڕێنە لێی نادات
ناکەوێتە بەر شەماڵی وشەو شیبای پەیڤ و گڤەی ڕستە
لە ڕەنگی دوای کامڵ بوونی سێوی گۆناو
بۆنی کزر بوونی ڕێحانەی پرچەوە
لەژێر توێخی ئەو پێکەنینە وشکەدا
شتێک هەیه پێی دەڵێن
کزەی جەرگ
لەنێوان دوو جۆگەی ئەشکی تۆدا
دارستانێک مەیل هەیە، هەتا شیعر هەڵدەگرێ، سەوز
هەتا عەشق بڕ دەکات، چڕ و پڕ.


بەتەنیشت شیعرەوە، کۆڵانێک هەیه دەچێتە ناو ئاوێنەوە.
ڕێگایەک هەیه، دەچێتە سەر کانی نێو تابلۆکان
ژوورێک هەیه، لە پشتی سێبەرەوە
شارێکی قەرەباڵغ هەیه، لەودیو دیوارەکانی سەرنج
لە سەرو پیریەوە ڕێڕەوێک هەیە، بەرەو سکێچەکانی منداڵی
دەرگایەک هەیه، ڕووەو دەرگا ئاوەڵاکانی سەرنج
لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆی تۆدا
پیاوێک هەیە، عومرێکە بەڕێوەیە
لەنێوان چپەیەک و بێدەنگیەکی تۆدا
شیعرێک هەیه، بۆ هەمیشە دەنوسرێ
لە زەمەنی ئاوڕدانەوەیەکی تۆدا
چەرخێک هەیه، لەوەتی با هەیه دەسوڕێ
تاڤگەیەک هەیە
لەوەتی ئاو هەیه، دەڕژێ


بەتەنیشت ئاوێنەوە
کەسێک هەیه، دەچێتە نێو دێراوەکانی شیعرەوە
دەچێتە پشت ڕابردووی دوورو
سەر عەرشی ماناو
ترۆپی ڕێزمان و
چڵەپۆپەی تەعبیرەوە
لە نزیک تابلۆکانەوە
کەسێک هەیه دەچێتە نێو خوێنی ڕەنگ و
لەرەی پەنجەو
خشینی تاڵە جل تەڕەکانی فڵچەوە
لە نێو ڕامانێکی بەتاڵوکەی تۆدا
شەڕێک هەیە، بەدرێژی باڵای مێژوو، درێژ
لە دووڕیانی دوو چپەی تۆدا
وەستانێک هەیه، هەتا قیامەت کپ
هەتا زەمەن هیلاک دەبێ، خامۆش.

ھەواڵی زیاتر