رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ عێراق یەكەمین یاری لە پاڵەوانێتی جامی عەرەب دەكات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە قۆناغی كۆمەڵەكانی پاڵەوانێتی جامی عەرەبی 2025 بۆ هەڵبژاردەكان كە بە بەشداریی 16 هەڵبژاردەی عەرەبی لە وڵاتی قەتەر بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەی عێراق بە بەشداریی 3 ئەستێرەی كورد لە یەكەمین یاریی رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەحرێن دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆمەڵەی چوارەمی پاڵەوانێتی جامی عەرەبی 2025، هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی بەحرێن دەبێتەوە، یارییەكەش لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە بەڕێوە دەچێت.
عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو لە دووەمین یاریی جامی عەرەب بەرەنگاری هەڵبژاردەی سودان دەبێتەوە، لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانیش رۆژی سێشەممەی داهاتوو عێراق رووبەڕووی جەزائیر دەبێتەوە، جەزائیر بەبێ ریاز معرەز یاری دەكات.
پاڵەوانێتی جامی عەرەب كە ئێستا پاڵەوانێتییەكە بە فەرمی لە لایەن فیفا پاڵپشتی دەكرێت، پێشوەختە 9 هەڵبژاردە راستەوخۆ بۆ قۆناغی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە سەركەوتبوون كە پێكهاتوون لە (قەتەری وڵاتی میواندار، جەزائیر، توونس، ئیمارات، سعوودیە، عێراق، مەغریب، میسر و ئوردن).
لە لایەكی دیكەیشەوە، 14 هەڵبژاردەی دیكە بەشێوازی پلەی ئۆف ركابەرییان بۆ حەوت بلیتی دیكەی جامی عەرەبی كرد، كە تێیدا حەوت هەڵبژاردە لە رێگەی پلەی ئۆف بۆ پاڵەوانێـییەكە سەركەوتن كە پێكهاتوون لە لە فەڵەستین، كۆمۆرێس، بەحرێن، سووریا، عومان، كوێت و سودان.
پێكهاتەی هەڵبژاردەی عێراق
هەڵبژاردەی عێراق بە راهێنەرایەتی گراهام ئارنۆڵد لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی جامی عەرەب رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی رابردوو لیستی یاریزانەكانی بڵاوكردەوە، بەڵام دواتر راهێنەرە ئوسترالییەكەی عێراق 3 یاریزانی دوورخستەوە، لە شوێنی ئەوان 3 یاریزانی دیكەی بانگهێشت كرد كە پێكهاتبوون لە شێركۆ كەریم، زەید ئیسماعیل و ئەمجەد عەتوان.
لە نێو پێكهاتەكەدا 3 یاریزانی كورد بانگهێشتی پاڵەوانێتی جامی عەرەب كراون كە پێكهاتوون لە ئاكام هاشم، شێركۆ كەریم و ماركۆ فەرەج. هەریەكە لە یوسف ئەمین و میرخاس دۆسكی لە لایەن یانەكانیانەوە رێگەیان پێنەدرا بەشداریی پاڵەوانێتی جامی عەرەب بكەن، بەڵام ئوسامە رەشید بەهۆی پێكانەوە بانگهێشت نەكرا لە شوێنی ئەو ئەمجەد عەتوان بانگهێشت كرا.
گۆڵپارێزەكان: فەهد تاڵب، ئەحمەد باسڵ و جەلال حەسەن.
بەرگریكاران: ئەحمەد یەحیا، مەناف یوونس، ئاكام هاشم، مستەفا سەعدون، زەید ئیسماعیل و سەعد ناتق.
ناوەراستكاران: ئەحمەد مەكەنزی، ئەمجەد عەتوان، شێركۆ كەریم، محەمەد جەواد، سەجاد جاسم.
هێرشبەران: حوسێن، عەلی، كەرار نەبیل، ماركۆ فەرەج، حوسێن عەبدولكەریم، هەیسەم جەبار، ئەیمەن حوسێن، عەمار موحسین، عەلی جاسم و موهەنەد عەلی.
هەڵبژاردەی عێراق یەكەمین یاری خۆی لە پاڵەوانێتی جامی عەرەبی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەرامبەر بەحرێن لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە دەكات، یارییەكانی دواتری عێراق بەرامبەر جەزائیر و سودان دەبێت، ئەم پاڵەوانێتییە بۆ هەڵبژاردەی عێراق زیاتر ئامادەكارییە بۆ یاریی پاشكۆی مۆندیال كە بڕیارە لە مانگی 3ـی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی مەكسیك رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بێتەوە، براوەی ئەم یارییە راستەوخۆ بلیتی مۆندیالی داهاتوو دەبڕێت.