رۆژنامەی ھەولێر

كێشەی ناوبژیوانان خولەكانی كوردستان چارەسەر بوو

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

سەڵاحەدین سیامەند، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بەشێك لە شایستە داراییەكانی ناوبژیوانانی خەرج كرد و بڕیاریشە پێش سەری ساڵ بەشێكی دیكە لە شایستە داراییەكان بۆ ناوبژیوانان دابین بكرێت و بەڵێنی ئەوەش دراوە لە دوای سەری ساڵ پارەی ئەم وەرزەش بەسەر ناوبژیوانانی خولەكانی كوردستان دابەش بكرێت.

ناوبژیوانانی كوردستان سێ وەرزە لەسەریەك لەسەر ئەستۆی خۆیان هاتووچۆی شار و شارۆچكەكان دەكەن و یارییەكان بەڕێوە دەبەن، دواجار بەشێك لە ناوبژیوانان بایكۆتی خولەكەیان كرد و بڕیاریاندا چیتر لەسەر گیرفان و تێچووی خۆیان یارییەكان بەڕێوە نەبەن.
سەڵاحەدین سیامەند، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دوو رۆژە لەگەڵ ناوبژیوانان لە گفتوگۆدایە، بەڵێنی بە ناوبژیوانەكان دا تەواوی كێشە داراییەكانیان بۆ چارەسەر بكات. سەڵاحەدین سیامەند پەیامێكیشی بۆ ناوبژیوانان راگەیاند و جەختی لەوە كردەوە بە پاڵپشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی هەوڵدەدرێت كەشێكی نیشتیمانی و دوور لە سیاسەت و جوگرافیا بۆ وەرزشوانان بڕەخسێنن.
سەڵاحەدین سیامەند بریاریشداوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان وەكو دەزگایەكی نیشتیمانی بخاتە خزمەتی وەرزشكاران و راهێنەران و ناوبژیوانانی كوردستان و بەڵێنی پێداون ئاستی ئەو دەزگایە بە پاڵپشتی حكوومەت لە چەند ساڵی داهاتوو زۆر پێشدەخەن و پلانی ئەوەش هەیە یاریگەكانی كوردستان باشتر بكەن و بەشێك لە یارییەكانی خولەكەش لە كاتی شەوان بەڕێوە بچن.
دارەوان حەمەد، وتەبێژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند لە هەنگاوی یەكەم بڕی 160 ملیۆن دینار بەسەر ناوبژیوانانی نایاب، لاوان و پلەیەك دابەش كرا، بڕیارە ئەو پارەیەی ماوە كە بڕەكەی 140 ملیۆن دینارە پێش سەری ساڵ بەسەر ناوبژیوانەكان دابەش بكرێت، لە نێویاندا ناوبژیوانانی فووتساڵ و پلەدووی كوردستانیش شایستە داراییەكانیان وەردەگرن.
سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بەڵێنی بە ناوبژیوانان داوە شایستە داراییەكانی وەرزی (2024 ـ 2025) و (2025 ـ 2026) لە دوای سەری ساڵ دابین بكات.
خولی نایابی كوردستان پێنج گەڕ بەڕێوە چووە، یانەی هەندرێن بە 11 خاڵ لوتكەی خولەكەی گرتووە، دوێنێش بە فەرمی وەرزی نوێی خولی پلەیەكی كوردستان دەستی پێكرد، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێش خولی پلەدووی كوردستان بەڕێوە بچێت.