ئامێدی ئامادەسازی بۆ بەڕێوەچوونی یەکێک لە فێستیڤاڵەکانی پەیوەست بە بەرھەمە نێوخۆییەکان دەکات، ٨٠ کەپر بۆ نیشاندانی بەرھەمی تەحینی ناوچەکە و بەرھەمەکانی دیکە ئامادەکراون، کە بەرھەمەکانی ئەو قەزایە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانی تێپەڕاندووە و ساڵانە دەیان تۆن تەحینی ئامێدی ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.
دوای ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ئامێدی، پارێزگاری دھۆک و قایمقامی قەزای ئامێدیی ڕاسپارد ساڵانە فێستیڤاڵی تەحین و بەرھەمی خۆماڵی لەو قەزایە بکرێتەوە.
خاک و سروشتی دەڤەری ئامێدی گونجاوە بۆ کشتوکاڵکردن، بەناوبانگترین بەرھەمی ناوچەکەش تەحینە ئێستا ٤٠ ئاشی ئاو و کارەبا لە سنووری قەزاکە ھەن، کە تەحینی خۆماڵی بەرھەم دەھێنن.
لەسەر ئاستی پارێزگای دھۆک قەزای ئامێدی بۆ کشتوکاڵ کردن بەتایبەتی کونجی یەکەمە، ساڵانە بەرھەمێکی باشی تەحین لەو سنوورە بەرھەم دێت، داواکاریەکی زۆر لەسەر ھەیە و لە کوردستان و دەرەوە خەڵک دێت تەحینی ئامێدی دەبات و تامێکی خۆشی ھەیە.
لە فێستیڤاڵەکەدا تەحین، ھەنار، ھەنگوینی خۆماڵی، مرەبا، خواردنی جیاوازی کوردەواری، کاری دەستی و بەرھەمی دیکە نمایش دەکرێن. یەکەمجار، ٢٣-١١-٢٠٢٣ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆک بە بەشداریی ٢٧ کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، فێستیڤاڵی تەحین کرا.
ناوبانگی تەحینی ئامێدی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانی تێپەڕاندووە لە عێراق و وڵاتانی دیکەش خواستی زۆری لەسەرە، ساڵانە بە سەدان تۆن تەحین ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێن، تەنیا لە قەزای ئامێدی نزیکەی ١٠٠٠ دۆنم زەوی بە کونجی چێندراوە، کە نزیکەی ٢٤٠ تۆن تەحینی لێ بەرھەم دێت.
ھەموو کێبڕکێ دەکەن لەسەر بەرھەمھێنانی باشترین تەحین، یەک لە مەرجی سەرەکی تەحین کونجی خۆماڵینە، تەحینی “پرا عیسێ” لە قەزای ئامێدی مێژوویەکی دێرینی ھەیە و بۆ ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، چەندین ئاش بۆ دروستکردنی تەحین لەو قەزایە ھەن، بەرھەمی تەحینەکەیان لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن و ھەر کیلۆیەکی بە ١٠ ھەزار دینار دەفرۆشرێت. ئەحمەد خورشید، زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە ئاشی تەحین کاردەکات، ئەوان بە ٩ قۆناخ کونجی دەکەنە تەحین، ھەریەکەیان بە شێوازێکی کوردەواری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لە دووکانەکاندا ئەو بەرھەمە دەست ناکەوێت، چونکە ھەر کە تەحینەکە لە ئاشەکە دەردەچێت، ڕاستەوخۆ فرۆشراوە.
سلێمان حوسێن، خاوەنی ئاشی تەحینە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، بەھۆی ئەوەی تەحینەکەمان خۆماڵییە و ھیچ ماددەیەکی کیمیاوی تێکەڵ ناکرێ، خەڵکێکی زۆر لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان بە مەبەستی کڕینی، ڕوومان تێدەکەن، داخوازیەکەش نەک تەنیا لە ناوخۆیە، بەڵکو لە دەرەوەش داواکاری لەسەر ھەیە، بۆیە ھەموو ئامادەکاریەکمان کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە فیستیڤاڵەکەدا بکەین، لە ھەمان کاتدا ئەو ئاشانە دەرفەتی کاریان بۆ کۆمەڵێک کەس دۆزیوەتەوە و مانگانە بڕە پارەیەکی باشیان دەست دەکەوێت.
بەگوتەی بەرپرسانی ئامێدی ساڵ بە ساڵ بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر و جوانتر و بە پاکێتی جوانترەوە بەرھەمەکە پێشاندەدرێت، ئەوەش دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی فرۆشێکی زیاتری ھەبێت، بەتایبەت لەلایەن ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئێرە دەکەن. کاروان حاجی سەعید، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بڕیارە کۆتایی ھەفتە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ فێستیڤاڵی تەحین لە قەزای ئامێدی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکارییەکان دەستیانپێکردووە، ھەر کە تەواو بوون دەست بە گواستنەوەی کەلوپەلەکان دەکرێت، بەپێی کەشوھەوا ڕۆژەکان دیاری دەکرێن.
وەک کاروان حاجی سەعید باسی کرد، ٨٠ کەپر بۆ نمایشی بەرھەمەکان ئامادە کراون، ٢٦ کەپریان بۆ تەحین دەبن و ئەوانی دیکەش بۆ کاری دەستی، خواردنی کوردەواری، میوە، بەرھەمی وشککراوە و بەرھەمی دیکەی خۆماڵی دەبن.

