رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر: لە مێرگەسۆر چەند پڕۆژەیەکی گرنگی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئەو پڕۆژانەش لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن، لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی مێرگەسۆر ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژە خراونەتە خزمەت ھاووڵاتییان، ھەندێک پڕۆژەش لە قۆناغی کۆتاییدان.

سەفەر سوار، سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان داوە، مێرگەسۆریش بەدەر نەبووە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بۆ ئەمساڵ ڕەزامەندی بۆ پێنج پڕۆژە وەرگیرا، پڕۆژەکانیش جۆراوجۆرن، یەکێک لەو پڕۆژانە ڕەزامەندی وەرگیراوە و دراوەتە بەڵێندەر و لەو ماوەیەدا دەست پێ دەکات، پڕۆژەیەکی دیکەش لە تەندەردایە، سێ پڕۆژەی دیکەش جێبەجێ کراون، گوژمەی ئەو پڕۆژانەش ٣٠٠ ملیۆن دینارە، ئەوانیش دروستکردن و قیڕتاوکردنی چەند کۆڵانێکی سەنتەری قەزای مێرگەسۆر بووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەواوی سنووری شارەوانی مێرگەسۆر پڕۆژەی لێ جێبەجێ کراوە.
سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر، دەشڵێ: دوو گوند دەکەونە سنووری شارەوانییەکەمان یەکێک لەو گوندانە شێخ سیدایە، کاتێک کە سەرۆکی حکوومەت سەردانی مێرگەسۆری کرد و بەردی بناغەی بۆ چەند پڕۆژەیەک دانا، لەو گوندە چەند پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکرێن، گوندی مێوکێش پڕۆژەی بۆ دەرچووە و لە داھاتوودا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.
سەفەر سوار، سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر، ئاشکراشی کرد: شوێنێکی تایبەت بۆ شۆفێرانی ھێلی مێرگەسۆر- سۆران دیاری کراوە، چونکە ئەو شوێنەی ئێستا لێ ڕادەوەستن و سەرنشینان دەگوازنەوە گونجاو نییە و مەترسیشە بۆ گیانی شۆفێران، بۆیە پارچە زەوییەک دابینکراوە و تەختیش کراوە، لە داھاتوودا گەڕاجێکی جوان و مۆدێرن بۆ شوفێران دروست دەکرێت، ئەوەش دیمەنێکی جوان بە قەزاکە دەبەخشێت.