پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وشكه‌ ساڵی ته‌مه‌ن

شه‌ماڵ باره‌وانی

لێم گه‌ڕێن با جامی خه‌مه‌كانم بڕژێت
با شووشه‌ی ئازاره‌كانم هاڕه‌بكات و
وردبێت
ده‌مه‌وێ چیتر له‌ حوزن به‌تاڵ ببمه‌وه‌و
بڕۆمه‌وه‌ سه‌ر ره‌نگی جاران
دووباره‌ وه‌رزی به‌هار بپۆشم و
وشكه‌ ساڵی ته‌مه‌نم دابڕزێت
ته‌نیایی یه‌قه‌ی وشه‌كانم به‌ربدات و
ئاوه‌دانی له‌ ده‌فته‌ری رۆحم بڕوێت
لێم گه‌ڕێن با یه‌ئسه‌كانم په‌رت بن و
چاوه‌ڕوانی له‌ناو كتێبی خه‌ونه‌كانم بمرێت
لێم گه‌ڕێن با بڕۆمه‌وه‌ وه‌رزی به‌خته‌وه‌ری و
شیعره‌كانم بۆنی به‌رائه‌تی منداڵی و
ره‌نگی ئاویان لێ بڕوێت
وه‌كو جاران لێوی دێڕه‌كانم
هێشووی خه‌نده‌ بگرن و
ته‌لاری بێتاقه‌تیم بڕمێت.