رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆبنسن کروز لەناو مرۆڤەکاندا

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
کە منداڵ بووم پیرەمێردێک هاتە گوندەکەمان و لەژێر دارە گەورەکەی ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە بارگەوبنەی خست. ئێمەی منداڵ هەموو ڕۆژێک دەچووینەلای و سەیرمان دەکرد. قسەی نەدەکرد. هیچی نەدەوت. لە ڕاستیدا شتێکی سەیرمان نەدەدی، بەڵام ئەو تەنیایی و غوربەتە زۆرەی لەگەڵ خۆی هێنابووی، بۆچوونی ئێمە لەوەی کێیە و کێ نییە، بۆ سەیرکردن بەس بوو و لە سەیرکردنی بێزار نەدەبووین.

لە چیرۆکی “پیرەمێردە باڵ زۆر گەورەکە”ی مارکیز، مرۆڤەکان بە سەیرکردنی ئەو پیرەمێردە تەڕو قووڕاوییە بەجورێک دەحەپەسان کە وردە وردە بۆ سەیرکردنی ئامادەبوون سەروکەلەی یەکدی بشکێنن. پارە بدەن بە پلایۆ کە دۆزیبویەوە، گرتبوی و لە کولانەی مریشکەکانی ماڵەوەی کردبوو. هەتا خەڵک لە گوند و شارەکانی دەورووبەریشەوە بۆ بینینی ئەو پیرەمێردە سەرنجڕاکێشە لەپشت دەرگای ماڵی پلایۆ ڕیزییان دەبوون.
شێوەی ڕاستەقینەی ئەم چیرۆکەش، وەکوو ئەو پیرەمێردە نامۆیەی گوندەکەمان، تەنیاییە، هاوشێوەی چیرۆکەکەی ڕۆبنسۆن کروز. کە هەر دوو پیرەمێردەکە نەک کەوتوونەتە دوورگەیەکی دوورەوە، بەڵکوو تاک و تەنیا کەوتوونەتە ناو مرۆڤی نامۆوە.
لە ئەڵمانیا کابرایەک هەبوو ناوی کاسپار هاوسەر بوو، کە لەناکاو لە کوچەیەکدا دۆزرایەوە. هەر چەند هەم بۆخۆی و هەم ئەوانی دیکە بەدوای ڕابردوویدا گەڕان هیچییان چنگ نەکەوت، نەباوکێک، نەدایکێک، نەخزمێک، نەهاوڕێ و ناسیاوێک. بۆخۆی هەرگیز نەیدەزانی لەکوێوە هاتووە و چۆن گەیشتووەتە ئەوێ. جگەلەوە، کەڕ و لاڵیش بوو، نەدەیتوانی بدوێت و نەوەڵامی پرسیارێک بداتەوە. نەناسنامەی لەباخەڵدا بوو و نەدڵێک لەجەستەیدا. هیچ شتێکی بۆناساندنی نەبوو. حەشتەبای خوای. بۆیە هێشتا، دوای دوو سەدە، وردودرشت، بەدوای ڕابردوویدا دەگەڕێن و کتێبی دەربارە دەنووسن.
هەموومان بەسەرهاتی یوسفمان بیستووە لەجیاتی خۆی کراسەکەی بۆ زێدەکەی گەڕایەوە. تا ڕادەیەک ڕوتوقوت پێی نایەناو وڵاتێکی نوێ و بەدەستی بەتاڵ بەرەو بارەگای فیرعەون ڕێگای گرتەبەر.
لەحەقیقەتدا، لەهەموو ئەو بابەتانەدا کەسایەتی مەبەستەکەمان لەدنیایەکەوە دەچێتە ناو دنیایەکی ترەوە. چوونەناو دنیایەکی دیکە، ئەوەندە ئاسان نییە پێمانوایە. پێویستە زۆرشت لەگەڵ خۆی ببات، ناسنامە و چەند شتێکی تر، لەهەمووی گرنگتر پێویستە بزانی چی لە نهێنیەکانی دڵت بکەیت یان بە پێچەوانەوە، بەرلەوەی بگەیتە دنیای نوێ، شانۆیەکی دەبێت زۆربەی شتەکان بشارییەوە و هیچ شوێنەوارێکیان نەبێت.
لە میسری کۆندا، پارچە کاغەزێک کە ناو و ڕەگەز و زانیاری مردووەکەی لەسەر نووسرابوو، دەیانخستەناو چنگی کەسی مۆمیاکراو و دڵیشیان دەخستە گۆزەیەکەوە و لەپەنا تەرمەکەی دایاندەنا بۆئەوەی لەدنیای دواتردا دان بەهەمووشتێکدابنێت و خوانەکردە، کەس نەزانێت کێیە. دەگێڕنەوە فیرعەونێک کە ناوی خوفۆ بوو، پێش گەیشتنی بە بارەگای خودا، لەخەوی هەزار ساڵەی ڕاپەڕیوە و هەمووشتێکی بیرهاتۆتەوە. دەیزانی ژیانێکی ئەوتۆی سەیری نەبووە کە خوا دڵخۆش و بحەپەسێنێت. پارچە کاغەزەکەی کوت کوت کرد، فڕێیدا و مستێکی تووندی لەگۆزەکەداو شکا. کاتێک بردیانە بەردەم خوا ئەوەندە گۆڕابوو، هەتا ئەویش بەزەحمەت توانی خۆی بناسێتەوە.
خوا پرسی: تۆ کێی؟
خۆفو کەمێک بیری کردەوە و هیچی بیرنەکەوتەوە. بۆیە هەر لەو کاتەدا لەخۆوە وتی: “لاشاتۆن”م.
وتیان: هەرگیز ئێمە ئەو ناوەمان نەبیستووە و هیچ شتێک دەربارەی نازانین. چنگت بکەوە تا چاوێک بە کاغەزەکەتدا بخشێنین.
وتی: کە لەڕێگاوە دەهاتم کاغەزەکەم لەدەست بەربووەوە و با بردی.
خوا وتی: زۆرسەیرە، بەڵام هەمووشتێک لەم ڕێگا دوورودرێژەدا دەبێت. دەی با دڵت قسەبکات، بزانین دڵت دەڵێت چی.
لاشاتۆن کە بەبێ دڵ مابووەوە، دەنگی نەکرد.
وتیان: دڵت. کوا دڵت؟
لاشاتۆن کەمێک ڕاماو وتی: کە لەڕێگاوە دەهاتم دڵمیان کوت کوت کرد و خواردیان.
خوا وتی: سەیرە. واتا تەنانەت کوتێکیش نەماوەتەوە کە شتێک لەبارەی تۆ و ڕابردووتەوە بڵێت؟ پێویستمان بە ڕابردووەتە و بەبێ ئەو، ناتوانین هیچ کارێکت بۆ بکەین.
وتی: کوتێک. تەنانەت پزۆڵێکیش نەماوە.
بەوشێوەیە بەناوی لاشاتۆن قبوڵکرا. بۆخۆشی هەر ئەو ناوەی بەفەرمی دەناسی و هەر کەسێک بە هەر ناوێکی تر بانگی کردبا، وەڵامی نەدەدایەوە.
هەڵبەتە هیچ کتێبێکی مێژوویی و نامێژووییش نییە شاهیدی بدات. ئەوەی لەبارەی ئەو دەیڵێن و دەینووسن، شکوگومانە. تەنانەت هەندێک لەوباوەڕەدان کە هەرگیز ئەو خۆفو نەبووە، بەڵکوو کەسێکی تر بووە.
هەستدەکەم خاڵێکی گرنگ، هەموویان، پیرەمێردەکەی گوندەکەمان و پیرەمێردی چیرۆکەکەی مارکیز، یوسف و فیرعەون و ڕۆبنسۆن کروز پێکەوە گرێ دەدات. بە هەمان شێوە کەس لاشاتۆن مرۆڤێکی دیکە بوو، دەتوانین بەئاسانی وای بۆ بچین کە یوسفیش، دوای هاتنی بۆ میسر، ئەو یوسفی کەنعان نەبوە.
پیرەمێردەکەی مارکیز باڵی هەبوو، پیرەمێردەکەی ئێمە بینیمان هیچ شتێکی سەیری نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە، چەند کاتژمێرێک سەیرمان دەکرد شتێکی نائاسایی ببینین و بۆ ئەوانەی بگێڕینەوە، نەیانبینیبوو.
لەدڵی خۆمدا دەڵێم، ئەگەر ئێمەش، هێزی خەیاڵکردمان بەهێز بووایە، باڵی بەهێزترمان لەباڵی پێرەمێردەکەی مارکیز بۆ ئەو پیرەمێردە دروست دەکردن. هەڵبەتە، شکوگومان لە پیرەمێردەکەی مارکیز ئەوەیە باڵی نەبووە و ڕوانینی بینەران باڵەکانیان دروستکردوە، چوونکە دەیانەوێت ئەو پیاوە بێگانەیە، پێویستە سەرنجڕاکێش بێت و شتێک پێشکەش بکات، پێشتر نەیانبینیوە و پەرۆش بن بۆ بینینی. ئێمە لە پیاوەی گوندەکەمان هیچ شتێکی نائاساییمان نەبینی، تەنانەت باڵێکیشی نەبوو، لە هەمووشتێک بەڵگە
زیاتربوو کە هێزەکانی خەیاڵمان زۆر بەهێز نەبوون.
بەڵام چووزانین؟ لەوانەیە ئێمە ئەو باڵانە ببینین کە دەمانتوانی چەند کاتژمێرێک و چەند ڕۆژێک سەیری بکەین، بێ ماندووبوون.