بەکر کەریم حەسەن *
(فیۆدۆر دۆستۆیفسكی) فەیلەسووف و نووسەری بەناوبانگی ڕووس دەڵێ “ئەگەر بە هەڵە سواری شەمەندەفەرێك بووی، هەوڵ بدە لە نزیکترین وێستگە داببەزی، چونكە تا مەوداكە زیاتر بێت ئەوا خەرجی گەڕانەوت زیاتر دەبێت”.
بێگومان زۆر جاران مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی ڕووبەروی زۆر شوێن و كەسانێك دەبێتەوە كە هەڵەن، پێویستە لەو شوێنە بڕوا و دوور بكەوێتەوە لەم كەسە هەڵانەش دوور بێت، چونكە بەها و نرخی نازانن. بۆیە هەر كاتێك مرۆڤ كە هەستی كرد لەو شوێنە و جێگایە وەكو پێویست هەست بە نرخ و بەهای ناكرێت، ڕۆیشتن و بەجێهێشتنی ئەو شوێنانە هەنگاوێكی ڕاستە، پێویستە بێ دوودڵی بەجێ بهێڵێ بگەڕێت بۆ شوێنكی تر كە نرخ و بەهات بزانن و بگونجێ و شایستە بێت بە توانا و كەسایەتی و زانینی تۆ. چونكە كەسانی هەڵە و شوێنی هەڵە گیانی مرۆڤ و توانا و بەهرەی مرۆڤ دەڕوخێنن و داهێزراوی دەكەن، ئەگەر باشترین شت و چاكە پێشكەش بكەی هەستت پێ ناكەن و بەس نییە، بەڵام گەڕ لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆت و گونجاو و شایستە بی هەر تەنها ئامادەبوون و هەبوونت مایەی پێزانین و ڕێزگرتنە.
هەر ئەوە بوو لە ١٢ی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧ کەمانچەژەنێكی شارەزا، بە شێوەی نەناس، لە یەكێك لە میترۆژێرزەمینەکانی نیوۆركدا بۆ ماوەی ٤٥ خولەك كەمانچەی ژەنی؛ هەندێ خەڵك وەستان و گوێیان گرت، هەندێكیان چەپڵەیان بۆ لێ دا و هەندێكیان پارەیان بۆ دانا و كەمانچەژەنەكە تەنها (٣٠) دۆلاری كۆ كردەوە، بەڵام كەسیان نەیانزانی ئەو كەمانچەژەنە یەكێكە لە ژەنیارە بەناوبانگەکان لە جیهان کە لەو میترۆیە قورسترین پارچە مۆسیقی ژەنی لە مێژوو لە سەر كەمانێك نرخەكەی ٣.٥ملیۆن دۆلارە، کە هەر تەنها پێش دوو ڕۆژ سەرجەم تیكتی ئاهەنگێكی ئەو مۆسیقاژەنە فرۆشرابوو لە ئاهەنگێک لە (بۆستن)كە نرخی دانیشتنی هەر كورسیەك گەیشتبووە (١٠٠) دۆلار و لە هەر خولەكێك ژەنین بڕی ١٠٠٠ هەزار دۆلاری دەستكەوت لە بەرامبەر ژەنینی كەمانچەكەی، ئەو ژەنیارە ناوی (جۆش وبل) یەكێكە لە بەناوبانگترین مۆسیقا ژەنەكانی كەمانچە لە جیهان.
هەروەها دەبینن بوتڵێك ئاو بە نیو دۆلارە لە ماركێت هەمان بوتڵی ئاو بە دوو دۆلارە لە یانەی وەرزشی و بە سێ دۆلارە لە كافێ و سینەما و بە پێنج دۆلارە لە ناو فڕۆكەدا؛ كەچی هەمان ئاوی تێدایە و ئاوەكە نەگۆڕاوە تەنها شوێنەكە گۆڕاوە. مرۆڤیش بە هەمان شێوە لە شوێنێك بۆ شوێنی تر نرخ و بەهای دەگۆڕێ و جیاوازە. بۆیە لە هەر شوێنێك مرۆڤ هەستی كرد نرخ و بەهای نازانن بیر بكەرەوە لەوانەیە شوێنەكەی هەڵە بێت و، بۆیە بڕۆ بێ دوو دڵی ئەو شوێنە جێ بهێڵە و بڕۆ بۆ شوێنی تر كە بەهات بزانن و لە نرخی ڕاستی و ڕاستەقینەی تۆ تێبگەن.
* ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

