سه‌رۆكی وڵاتی سه‌نیگال نهێنی بردنه‌وه‌ی نازناوی جامی ئه‌فریقیا ئاشكرا ده‌كات

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، پشكی شێری زۆری زانیاریی و راپۆرتی ئه‌مجاره‌مان به‌ر كاردانه‌وه‌كانی پاڵه‌وانبوونی سه‌نیگال و كێبڕكێیه‌كانی ئۆڵمپیكی زستانه‌ی په‌كین ده‌كه‌وێت.

هاوڵاتیانی سه‌نیگال بۆ پێشوازیكردن له‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌یان ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان
دەیان هەزار هاووڵاتی سەنیگال لە داکاری پایتەخت پێشوازییان لە شاندی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان کرد کە بۆ یەکەمجار بوونە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، سەرۆکی سنەیگال و هاووڵاتیانی سەنیگال بەخێرهاتنەوەی سادیۆ و مانێ و هاوڕێیەکانیان کرد، سەرۆکی سەنیگال کە بەبۆنەی بردنەوەی نازناوەکە رۆژی دووشەممەی لە سەرتاسەریی وڵات کردە پشوو، ستایشی ئەلیۆ سیسێ راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد
یاریزانانی سەنیگال بە بەرزکردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا گەڕانەوە نیشتیمانەکەیان، سادیۆ مانێ و هاوڕێیەکانی بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە کامیرۆنەوە گەڕانەوە وڵاتەکەیان و لە فڕۆکەخانەی داکار لە لایەن سەرۆکی وڵاتەکەیانەوە پێشوازییان لێکرا، یاریزانانی سەنیگال دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە هه‌ڵبژارده‌ی میسریان بردەوە بۆیەکەمجار لە مێژوودا جامی ئەفریقایان بەدەستهێنا.
دەیان هەزار سەنیگالی پێشوازییان لە شاندی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان کرد، سەنیگالییەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی سادیۆ مانێ و هاوڕێیەکانیان دەکرد، رۆژی دووشەممە بە بڕیاری حکومەتی سەنیگال لە سەرتاسەریی وڵات کرابووە پشوو بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی بەشداریی ئاهەنگی بەدەستهێنانی جامی ئەفریقا بکەن، دەیان هەزار سەنیگالی لەسەر

شەقامەکانی داکار کۆببوونەوە بۆ ئەوەی بەخێرهاتنەوەی کوڕانی ئەلیۆ سیسێ بکەن.

کاپتنی سەنیگال: سووپاس بۆ خودا خه‌ونه‌كه‌مان هاته‌ دی
کالیدۆ کۆلیبالی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی سه‌نیگال له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیایه‌كانی وڵاته‌كه‌ی گوتی: ئێمە پێش ئەوەی بۆ بەشداریکردنی جامی ئەفریقا بچینە کامیرۆن بە پەرۆشەوە ئێرەمان بەجێهێشت، ئێستاش دڵخۆشین توانیمان بە نازناوەکەوە بگەڕێینەوە، سوپاس بۆ خودا دواجار توانیمان ئەم نازناوە بەدەست بهێنین، سوپاسی هەمووتان دەکەین کە پشتگیری تەواوتان دەکردین، ئێمە بە پشتیوانی خودا و ئێوە توانیمان نازناوەکە بەدەست بهێنین، ئەمە گرنگترین شت بوو بۆ ئێمە، ئێمە ئەم نازناوە پێشکەشی ئێوە و جەنابی سەرۆکی وڵاتەکەمان دەکەین.

سەرۆکی سەنیگال: راهێنه‌ره‌كه‌مان به‌بێ ده‌نگی سه‌ری هه‌موومانی به‌رز كرده‌وه‌
ماکی سال سه‌رۆكوڵاتی سه‌نیگال له‌ لێدوانێكدا سوپاسی ئەلیۆ سیسی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی و یاریزانەکانی كرد و گوتی: ئه‌لیۆ سیسی ئەم راهێنەرە کەم قسە دەکات و زۆر حەز بە قەرەبالخی ناکات بەڵام بەبێ دەنگی توانی لەگەڵ یاریزانە ئازایەکانی ئەم نازناوە بەدەست بهێنێت و بیگەڕێنێتەوە ئێرە و سه‌ری هه‌موومانی به‌رز كرده‌وه‌، من بەناوی خۆم و تەواوی خەڵکی سەنیگال دەستخۆشی لە یاریزانەکان دەکەم.
سەنیگال هەرگیز جامی ئەفریقای بەدەست نەهێنابوو، لە وەشانی رابردوو لە یاریی کۆتایی ٢٠١٩ بەرامبەر جەزائیر دۆڕان، بەڵام مانێ و هاوڕێیەکانی بۆیەکەمجار نازناوەکەیان بۆ هەڵبژاردەکەیان بەدەستهێنا کە مانێ بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا و ئێدوارد مێندێش خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی بردەوە، سەنیگالییەکان بە هیواوە لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ میسر لە پاڵاوتنی ئەفریقا بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢ دەڕوانن و لە ئێستاوە دەیانەوێت کۆتایی ئەمساڵ بچنە دەوحە و نوێنەرایەتی کیشوەرەکەیان بکەن.

ھەواڵی زیاتر