ڕائیب جادر – هەولێر
بە پاڵپشتی و لە ژێر چاودێری نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، دەزگای تەندروستی گشتی کوردستان ھەستا بە دابینکردنی سندووقی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ١٨٠ قوتابخانەی سنووری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر، لە ھەمان کاتدا پێدانی ڕێنمای تایبەت دەربارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی چاودێری فریاگوزاری سەرەتایی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی و سەلامەتی قوتابییان و مامۆستایان.
د. محەممەد حوسێن، سەرۆکی دەزگای تەندروستی گشتی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: کار و چالاکییەکانی دەزگاکەمان بەردەوامن، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر ھەستاین بە دابینکردنی سندووقی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ١٨٠ قوتابخانەی سنوورەکە، ئامانج لە دابینکردنی ئەو سندووقانە ئەوەیە لە گوندەکانی ئەو سنوورە قوتابخانە ھەیە، بەڵام بنکەی تەندروستی نییە، یان لێیانەوە دوورە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەو سندووقانە بۆ سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر دابین بکەین، ھیوامان ئەوەیە کە ھیچ کام لە قوتابییان پێویستییان بەو سندووقە نەبێت، بەڵام ئەوە پێویستییەکی ڕۆژانەیە و دەبێت ھەبێت و لە کاتی پێویست بەکاربھێنرێت.
مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دەستخۆشی لە دەزگای گشتی تەندروستی کوردستان دەکەین بۆ دابینکردنی ئەو سندووقە فریاگوزارییە بۆ قوتابخانەکانی سنوورەکەمان، ئەو سندووقە تەواوی کەلوپەلی چارەسەری سەرەتایی لە خۆ دەگرێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر ھاوشان لەگەڵ کەرتی پەروەردە گرنگی بە زۆر کەرتی دیکە دەدات، کەرتی تەندروستییش یەکێکە لەو کەرتانە، کە ھەمیشە لە قوتابخانەکانی ئێمە گرنگی پێ دەدرێت.

