رۆژنامەی ھەولێر

“هەژماری من” پرۆژەیەکی نیشتیمانی سەرتاسەری بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەی ئابووری

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا ئێستا یەک ملیۆن فەرمانبەر بوونەتە خاوەن کارتی ھەژماری من، لەو ژمارەیە ٦٠٠ ھەزار مووچەخۆری تۆمار کراو لە پڕۆژەکە مووچەی مانگی ٩ لەڕێی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەوە وەردەگرن، کە تا ئێستا بەشێکی زۆریان وەرگرتووە، ڕۆژانە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە زیاد دەبێت کە کارتی ھەژماری من وەردەگرن. فەرمانبەرانیش لە سیستەمەکە ڕازینە و دەڵێن، لە ھەر کات و شوێنێک ئامێری ڕاکێشانی پارە ھەبێت دەتوانین مووچەکانمان وەربگرین، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، دەڵێن: بە سەدان ئامێری دیکەی ڕاکێشانی پارە لە شارەکان دادەنرێن و ھەموو فەرمانبەرانیش دەبنە خاوەن کارتی بانکی خۆیان.

ڕۆژی شەممە، ٢٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بڕی ٩٤١ ملیار و ٨٧٤ ملیۆن دینار خرایە سەر ھەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەر و مووچەخۆران. ھەر ھەمان ڕۆژ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیستی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی لیستەکە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩ دێت.

هەژماری من
لە شوباتی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ھەژماری منی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگە و ستراتیژی ھەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە”کاش” ئامانج لە پڕۆژەکە ھەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ئەم پڕۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادی زیاتری تاکە کەسی.

تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی فەرمانبەران دەبنە خاوەن کارتی بانکی
دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی کارتی ھەژماری منەوە بێ کێشە دەچێتە پێشەوە و تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی فەرمانبەران دەبنە خاوەن کارتی بانکی خۆیان، ئەو فەرمانبەرانەی لەڕێگەی ئەی تی ئێمەکانی ھەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، دەڵێن، ھەر کاتێک مووچە خرایە سەر ھەژمارەکەمان بەویستی خۆمان کەی بمانەوێت دەتوانین مووچەکەمان وەربگرین بێ ئەوەی نۆرە بگرین، چونکە بەشێوەی ٢٤ کاتژمێری سیستەمەکە کراوەیە، ئەم فەرمانبەرانە پێش ئەوەی لەڕێگەی ھەژماری بانکییەوە مووچەکانیان وەربگرن، مانگانە دووچاری جەنجاڵی و نۆرەی وەرگرتنی مووچە دەبوونەوە، ئێستا بە ئومێدەوە دەڕوانە پڕۆژەکە.

ھەر ئامێرێک ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دینار پارە دەگرێت
ڕاکێشانی پارە لە ئامێرەکان بە خۆراییە، ھەر ئامێرێک ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دینار شوێن دەبێتەوە، کاتێک پارە لەناو ھەر ئامێرێک نامێنێت مانای نەبوونی پارە نییە، بەڵکو ھۆکاری سەرەکی بۆ کەمی ژمارەی تیمی بانکە ڕاسپێردراوەکان بۆ پڕکردنەوەی ئامێرەکان دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا ھەر بانکێک دوو تیمی بۆ ئەم مەبەستە دیاری کردووە.

سوودەکانی پڕۆژەکە
پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆری بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەیە لە بواری ئاسانکاری و سەلامەتی ھەژمارەکان دەبێتە ھۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، ھەروەھا توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە ھەر شوێنێک بە بەکارھێنانی بانکی مۆبایل – ئەنتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان، ھەروەھا کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکاو لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە، ھەروەھا لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان ھەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات، لە ھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە کەرتی بانکیدا و ھەنگاو بە ھەنگاو زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە، خەرجی بەکاربەرانیش بەھۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت.

ئەو کەس و لایەنانەی دژایەتی پڕۆژەکە دەکەن
بەگوتەی بەرپرسانی دارایی و شارەزایانی بانکی، ئێستا عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات سیستەمێکی بانکی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان دروست بکات، ئەو تەوتینەی عێراق لە بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ھەیە خزمەتگوزاریەکە وەک ھی ھەرێم پێشکەوتوو نییە، لە ھەمان کاتدا لە عێراق جگە لە بانکی حکومی بانکی ئەھلیش بەشداریان لە تەوتینی مووچە کردووە. د. شاخەوان زیاد، شارەزای دارایی و بانک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پڕۆژەی ھەژماری من، ھەموو ئەو پاکێجە داراییانەی کە لە جیھاندا ھەیە دەتوانن بە ماوەیەکی کەم پێشکەش بکەن، ھەروەھا یەکێک لە باشترین سیستەمە داراییەکانی ئەوروپا ھی تورکیایە، پڕۆژەی ھەژماری من ھیچی لەو کەمتر نییە.
ئەو شارەزایەی دارایی و بانک، باسی لەوەش کرد، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، کەرتی بانکی ھەنگاوێکی خێرای نا، ھەروەھا ئەو وڵاتانەی لە پرۆسەی بانکی و سیستەمی دارایی جیھانی بەشداریان نەکردووە، بەتەواوی دواکەوتوون، ھاندانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بەشداری پێبکات لە کۆی سیستەمی بانکیدا ئەوە پێشکەوتنە.
ئاراس نەجات، شارەزای بواری ئابووری، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی حکومییە و بۆ خزمەتی فەرمانبەران کراوە، ھەر کەس و لایەنێک دژایەتی پڕۆژەکە بکات لە بەرانبەر سەرکەوتنەکەیەتی، ئەو ھەژمارە بۆ فەرمانبەرانە و بۆ بەمۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دروستکردنی متمانەیە لە نێوان بانک و ھاووڵاتییان ئەوەش گەشەپێدانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، ھەروەھا ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، کە بەپێی ماددەی ١٣ لە یاساکە ھەژمارێکی بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران دەکرێتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین و کاری دابەشکردنی مووچە بە دەست و پشێوی بانکەکان و گرفتی کەم و زۆری پارە دەبێت.
نەجات، دەشڵێ: پڕۆژەکە ئاسانکاری دەکات بۆ دەست ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریە بانکییە مۆدێرنەکان وەک قەرز، پاشکەوت کردن و پارەدانی دیجیتاڵی بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر فەراھەم دەکات، ھەروەھا پشت بەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە و کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات، ئاسانکاریەکی زۆر بۆ مامەڵە بانکییەکان دەکات، لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری منەوە مووچەخۆران ھەر مووچە نا، بەڵکو لە ١٩ خزمەتگوزاریی بانکی و چەندین جۆری قەرز و پێشینە سوودمەند دەبن، لە ھەمان کاتدا پڕۆژەکە ڕێگری لە سپیکردنەوەی پار دەکات و گەندەڵی کەم دەکاتەوە.