رۆژنامەی ھەولێر

لە ماوەی یازدە مانگدا زیاتر لە 609 هەزار پشکنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV بۆ کەسانی بیانی لە کوردستان کراوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئاماری نوێی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ژمارەی تووشبووانی ئایدز لە کوردستان ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات و بۆیەش هۆشداری دراوە لە زیاتر تەشەنەی ڤایرۆسەکە و وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتییانی لە هۆکارەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییە مەترسیدارە ئاگادار کردووەتەوە.

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، حەفتا و دوو حاڵەتی‌ ئایدز لە كوردستان تۆمار کرابوون و لەو ژمارەیە تەنیا بیست کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام ئاماری ئەمساڵیان کە دوێنێ بڵاو کرایەوە باس لە بەرزبوونەوەی زیاتری ئەو ئامارە لە کوردستان دەکات و تەنیا لەمساڵدا بیست و سێ حاڵەتی نوێی تووشبووی ئایدز لە هەرێمی کوردستان دۆزراونەتەوە کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی یازدە مانگدا زیاتر لە شەشسەد و نۆ هەزار پشکنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV کراوە پشکنینەکان بۆ کەسانی بیانی، پێش بەخشینی خوێن، پێش هاوسەرگیری، کرێکارانی شوێنە گەشتیارییەکان و چەندان گرووپی دیکە کراون و لە هەموو ئەو پشکنینانەدا توانراوە هەشتا و حەوت حاڵەتی نوێی ئایدز لە کوردستان بدۆزرێنەوە کە شەست و چوار حاڵەتیان بیانی و بیست و سێ حاڵەتەکەی تر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بوون و بەمەش کۆی گشتیی تووشبووانی ئایدز لە کوردستانی گەیاندووەتە سەد و پەنجا حاڵەت.
هەرچەندە هەموو ئەو حاڵەتانە لە ژێر چاودێری و چارەسەری و پێدانی هۆشیاری و ڕێنمایی تەندروستیدان بەڵام زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هاووڵاتییان کە وریا بن لەوەی تووشی ئەم جۆرە ڤایرۆسە نەبن و هەر بۆیەش وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتییان کردووە پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز ئەنجام بدەن، هاوکات داوای کردووە لەم چەند ڕەفتارانە دوور بکەونەوە کە گرنگترینیان بریتییە لە جووتبوونی سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەری، تاتۆکردن لە شوێنی نایاسایی و متمانەپێنەکراو، بەکارهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
دیاردەکە جیهانییە و هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی تر کەمترین ڕێژەی تووشبوونی هەیە کە بۆ پابەندبوون بە بەها کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان و پتەویی بەرنامەکانی خۆپارێزی دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە هەوڵە جیهانییەکان لە دژی ڤایرۆسی HIV سەرکەوتوو بوون و ڕێژەی تووشبوون بەو جۆرە ڤایرۆسە لە جیهاندا دابەزیوە بەڵام هێشتا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵکی جیهان هەژماری دەکات.
بەپێی بوێترین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئایدز تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا تووشی ئایدز بوون گەیشتووەتە چل ملیۆن و شەشسەد هەزار کەس. لە ساڵی ڕابردودا ملیۆنێک و سێسەد هەزار تووشبووی نوێ تۆمار کراون و شەشسەد و سی هەزار کەسیش لە ساڵەکەدا گیانیان لەدەست داوە.
ڤایرۆسی HIV هێرش دەکاتە سەر سیستەمی بەرگریی لەش و لاوازی دەکات. ئەمە وا دەکات تووشبوو توانای بەرگریی لە نەخۆشییە درمەکانی تر و شێرپەنجەی نەمێنێت.
ئایدز، نەخۆشییەكی درێژخایەن و ترسناكە كە بە دوا قۆناغی هەوكردنی ڤایرۆسەكە دادەنرێت كە تیایدا نەخۆشەكە كۆمەڵێك نیشانەی تایبەتی لێ بەدیار دەكەوێت. ئایدز بۆ یەكەم جار لە هاوینی ساڵی ١٩٨١ لە ویلایەتی لۆس‌ئەنجلێسی ئەمەریكا دۆزرایەوە، لە ساڵی ١٩٨٤ سەلمێندرا كە ڤایرۆسی HIV هۆكاری نەخۆشی ئایدزە.
هەرێمی كوردستان لانی كەم لە نزیكەی دوو دەیەی ڕابردوو دەروازەكانی زیاتر بەڕووی وڵاتانی جیهاندا كراونەتەوە و خەڵكی وڵاتانی جۆراوجۆر سەردانی دەكەن و بۆیەش دۆخەكە ئەوە دەخوازێت حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان بە وریاییەوە لە نەخۆشییەكە بڕوانن و كۆنترۆڵ و چاودێری ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بكەن.